ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

بارتومیۆ: وازهێنانی مێسی زۆری ماوە و دوای وازهێنانیش لە بەرشلۆنە بەردەوام دەبێت  

خەڵک سپۆرت – گاردیان

جوسێپ ماریا بارتومیۆی سەرۆکی یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی چاوپێکەوتنێکی خێرا لەگەڵ ڕۆژنامەی “زە گاردیان”ی بەریتانی ئەنجام دەدات و تەواوی وەڵامەکانی تایبەت بە لیۆنێل مێسی ئەفسانەی زیندوی یانەکەی دەکات، لەبارەی ئەفسانە زیندووەکەوە چەندین وەڵام و زانیاری نەبیستراو ئاشکرا دەکات، ئەمەش کورتەیەکە لە چاوپێکەوتنەکە:

چۆن ئاستی مێسی هەڵدەسەنگێنیت؟

ئێمە لەگەڵ مێسی-دا سەردەمێکی جیاواز دەژین، چونکە یاریزانێکی عەبقەری و ناوازەیە، سەرباری هەموو ئەم خەسڵەتانە وەک کەسێکی ئاسایی ژیانێکی ئاسایی دەژی، لەتەمەنی ١٢ ساڵیەوە پەیوەندی بە یانەکەمانەوە کردووە و لەگەڵماندا کار دەکات، بەشێکە لە مێژووی یانەکەمان و بەشدارە لەو ناوە مەزنەی بارسا بۆخۆی دەنوسێتەوە، تاموچێژ لەیاریکردنی دەبینم و هەمیشە پرسیار لەخۆم دەکەم: لەدوای وازهێنانی مێسی تۆپی پێ چێ بەسەر دێت؟ دەکرێت تا تەمەنی ٤٥ ساڵی بەردەوام بێت، کەس نازانێت چی ڕوودەدات.

داهاتوی لەگەڵ بەرشلۆنە بەکوێ دەگات ؟

دەزانین کە سێ وەرزی تر بێت، چوار یان پێنجی تر لەگەڵماندا بەردەوام دەبێت، نازانم ئەو ماوەیەی لەنێوانماندا ماوە چەندە، لەبەرئەوەیە لەئێستادا چەندین یاریزانمان بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان و سەردەمی دوای مێسی ئامادە کردووە، لەنمونەی دیمبیلی و لانگلێت و ئارسەر، سەرەڕای ئەوەش هێشتا پێموایە وادەی وازهێنانی لیۆ زۆر دوورە.

مێسی دەتوانێت چی پێشکەشی ئەو یاریزانانە و نەوەی داهاتوی یانەکە بکات؟

هەمیشە بە لاوانی یانە و هەموو ئەو یاریزانانەی یاریی و مەشق دەکەن لە یانەکەمان دەڵێین: تاموچێژ لەو ساتانە وەربگرن کە لەپاڵ مێسی یاریی دەکەن.

بیر لەوە دەکەنەوە لەدوای وازهێنان دەستی پێوەبگرن و ئەرکی کارگێڕی پێببەخشن؟

مێسی هەرگیز لە یانەکەمان ناڕوات، دوای ئەوەی بڕیاری وازهێنانی دا لەگەڵماندا لە یانەکە بەردەوام دەبێت.

چاوپێکەوتن

پێریسیچ: ئامانجم بەردەوامبوونە بۆ ماوەی حەوت ساڵی تر لەنێو یاریگاکاندا

خەڵک سپۆرت – فوتباڵ ئیتاڵیا

ئیڤان پێریسیچی کرواتی ئەستێرەی نوێی یانەی بایرن میونشن چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ماڵپەڕی “فوتباڵ ئیتاڵیا” ئەنجام دەدات، لە وەڵامەکانیدا ئاماژە بە ئاست و بارودۆخی دەرونیی لە یانە باڤارییەکە دەکات.

هەروەها دانی پێدادەنێت، کە مانەوە لە بایرن میونشن خەونێکی گەورەیە، بەڵام داهاتووی لەدەستی خۆیدا نییە.

کەشی شاری میونشن چۆنە بەلاتەوە؟ خۆت گونجاندووە؟

تائێستا هەموو شتێکی میونشن لەبەرچاوی مندا جوانە و لەڕووەکانی وەرزشیی و ژیانی تایبەتی یاریزانانەوە شارێکی ناوازەیە.

لە بایرن ئامانجی داهاتووت چییە؟

هەنگاو بە هەنگاو هەوڵدەدەم و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پلان دادەڕێژم، دوای ئەوەی خۆم گونجاند سەیردەکەم بزانم چی ڕوودەدات، کاتێک تەمەنت ٣٠ ساڵ دەبێت واتای ئەوە نییە گەورەبوویت و سودت نەماوە، هەست دەکەم لە بارودۆخێکی باشدام و پلانم هەیە حەوت بۆ هەشت ساڵی تر لەنێو یاریگا ئەوروپییەکاندا بەردەوامبم.

دوای پەیوەندیکردن بۆ بایرنەوە چۆن ئاستی خۆت هەڵدەسەنگێنیت؟

هەموو شتێک لە میونشن جوان و ڕێکوپێکە، لەڕیزەکانی بایرن هەست بە ئارامی دەکەم، تائێستا بارودۆخەکە لەبارە و ئەوەش لەهەموو شتێک گرنگترە.

بیر لە بەردەوامبوون دەکەیتەوە، یان گەڕانەوە بۆ ئینتەرمیلان؟

بابەتەکە لەدەستی مندا نییە، لێرە خۆشحاڵم و بیر لەهیچ شتێک ناکەمەوە تەنها بەرژەوەندییەکانی یانەی بایرن میونشن نەبێت، لێرە هەموو شتێکیان پێداوم و لەوساتەوە پەیوەندیم پێوەکردون ژیانیان پێبەخشیوم، هاندەران و یاریزانان زۆر یارمەتیدەرم بوون.

دەتوانیت ڕوونکردنەوەی زیاتر بدەیت؟

لەبارەی داهاتوومەوە نازانم چی ڕوودەدات، لەئێستادا هیچ شتێک نازانم تا پێتان بڵێم، بڕیاری کۆتایی لەدەستی ئیدارەی یانەدایە و منیش تەنها دەمەوێت تاموچێژ لە تۆپی پێ وەربگرم و بەهەموو هێزمەوە هەوڵی بردنەوە بدەم.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

مولەر: تائێستا نازانم کۆڤاچ بۆچی منی خستەسەر کورسی یەدەگ

خەڵک سپۆرت – تی زێد

تۆماس مولەری ئەڵمانی ئەستێرەی یانەی بایرن میونشن چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی “تی زێد”ی ئەڵمانی ئەنجامدەدات، تیایدا ئاماژە بە دەنگۆکانی وازهێنانی لە بواری تۆپی پێ و بارودۆخی خودی خۆیی و یاریزانانی یانەی بایرن میونشن دەکات لەدوای پەیوەندیکردنی هانز فلیک وەک ڕاهێنەر بە یانە ناودارەکەوە.

پلانی تۆماس مولەر لەدوای وازهێنان لەبواری تۆپی پێ چۆن دەبێت؟

هیچ پلانێکی داڕێژراوم نییە بۆ ژیانی دوای تۆپی پێ، چاودێری چەند پڕۆژەیەکی ناوازە و تایبەت دەکەم، بابەتەکان پەیوەندیدارن بە کار یان ئەسپسواری و بەخێورکردنی ئەسپ یان پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانم، بەڵام وەک وتم پلانێکی دیاریکراوم نییە.

بە نیازیت تا چەند لە بواری تۆپی پێدا بەردەوام بیت؟

نامەوێت خۆم بە کات و وادەیەکی دیاریکراوەوە ببەستمەوە، هەستدەکەم زۆر باشم و تاموچێژ لە بواری تۆپی پێ وەردەگرم، هێشتا بۆندەکەم لەگەڵ بایرن وەرز و نێوێکی بەبەرەوە ماوە و لەدوای ئەوە بیردەکەمەوە چی بکەم.

بەهیچ یاریزانێکی لاوی خولی ئەڵمانیا سەرسامیت؟

جادۆن سانچۆ ئەستێرەی یانەی بوروسیا دۆرتمۆند زۆر ناوازەیە، بەخێرایی و هونەرە بەرزەکەی توانیویەتی چەندین هەلی گۆڵکردن دروست بکات، چەندین یاریزانی بەتوانا لە خولی ئەڵمانیا بوونیان هەیە کە خەسڵەتی لێسەندنیان بەهێزە، بەڵام هیچیان وەک سانچۆ دەرنەکەوتوون.

لەسەردەمی نیکۆ کۆڤاچ بەردەوام لەسەر کورسی یەدەگ بویت، بارودۆخەکەت چۆن تێپەڕاند؟

لەو کاتەدا هیچ تێنەگەیشتم و ئێستاش هیچ تێناگەم، لە شەش یاریی لەسەریەک لەسەرکورسی یەدەگ بووم، هەستم دەکرد دەتوانم یاریدەی یانەکەم بدەم و هۆکارێک نییە بۆ دانیشاندنم، من تەمەنم ٣٠ ساڵە و لەو باوەڕەدا نەبووم دۆخەکە هێندە درێژە بکێشێت.

ئێستا سەردەمی هانز فلیک چۆن لێکدەدەیتەوە؟

هانز کارێکی باشی لەگەڵ یاریزانان و پێکهاتەکەدا کردووە بەهۆی ئەو خەسڵەتە ناوازانەی تێیدا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بیرکردنەوەکان سەبارەت ئاستی بایرن و نازناوەکان زۆر بەرزن، ئەگەر بەو ئاستەوە بەردەوامبین بایرن سودمەندی سەرەکی دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

نایمار: پێکانەکان منیان کوشت و لە پاریس سانت جێرمان بەردەوام دەبم

خەڵک سپۆرت

نایمار دا سیلڤای بەرازیلی ئەستێرەی یانەی پاریس سانت جێرمان لەچاوپێکەوتنێکدا چەندین زانیاری نەبیستراو دەربارەی داهاتووی لە خولی فەرەنسا و ئامانجەکانی ئەم وەرزەی ئاشکرا دەکات.

لەگواستنەوەکانی هاوینەی ڕابردودا نایماری ئەستێرەی بەرازیلی نزیکبوو لە یانەی پاریس سانت جێرمانەوە ڕوو لە بەرشلۆنە بکات، بەڵام گفتوگۆکان بۆ گواستنەوەی بەهۆی پێداگری ئیدارەی پاریسەوە شکستیان هێنا، دواتریش بەهۆی پێکانەوە ماوەیەکی دوور و درێژ دوورکەوتەوە و هاندەرانی یانە زەبەلاحەکەی پاریس لەدوای گەڕانەوە ئامادەنەبوون پێشوازی لێبکەن و تا ئەم ساتە پەیوەندی نێوان یاریزانەکە و ئەڵتراسی پاریس ئاسایی نەبۆتەوە.

ئەستێرەکەی سیلیساو چاوپێکەوتنێک لەگەڵ گۆڤاری فرانس فوتباڵ ئەنجام دەدات، ڕەنگە بەهۆی لێدوانەکانیەوە بەیانی ئاشتەواییەکی درێژخایەن لەگەڵ هاندەرانی یانەکەیدا بکات، ئەمەش کورتەیەکە لە چاوپێکەوتنەکە:

پێکانەکان

“پێکانەکان لەم وەرزەدا منیان کوشت، بەهۆی دوورکەوتنەوەمەوە زۆر لەئاستم دابەزی، ئامانجم ئەوەیە توانا جەستەییەکانم بگێڕمەوە و نازناوە بەکۆمەڵەکان بۆ پاریس بەدەست بهێنم”.

پەیوەندی لەگەڵ مێسی

“مێسی کەسێکی نزیکمە و هاوڕێیەکی خۆشەویستە، هەمیشە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە”.

مباپێ و هاورێیەتی

” مباپێ خاوەن کەسایەتیەکی ناوازەیە و نزیکترین هاوڕێمە، لەشێوازی یاریکردنیدا خەسڵەتێکی ناوازە و تایبەت هەیە لەیاریزانەکانی تردا نییە”.

بەپرسیارێتی لەنێو یاریگا

” هیچ شتێک تێروتەسەل وبێهەڵە نییە تەنها خودا نەبێت، هەموو کەسێک کەموکەرتی هەیە، سەرکردەی ڕاستەقینە لەنێو یاریگادا ئەو یاریزانەیە کە یاریدەدەری سەرکەوتنی یانەکەی دەبێت، دەکرێت ئەو کەسە کاپتنی پێکهاتە بێت یان گۆڵکار و هەر یاریزانێکی تر، هەر یاریزانێکیش خاوەنی خەسڵەت و کەسایەتی تایبەت بەخۆیەتی”.

دەبێتە یاریزانی ژمارە یەک؟

نامەوێت ببمە ئەستێرەی یەکەم، بەڵکو دەمەوێت یاریی تۆپی پێ بکەم لەبەرئەوەی بوارەکەم خۆشدەوێت، هەتا لەنێو یاریگادا بم بەختەوەر دەبم، لەهەموو یارییەکیشدا لەسەدا سەدی تواناکانم بەگەڕ دەخەم”.

نایماری ڕاستەقینە

“کەمێکن ئەوانەی نایماری ڕاستەقینە دەناسن و ئەوانەش هاوڕێ و خێزانەکەمن، ئەوەی هاندەر دەیبینێت شتێکی جیاوازە و ڕەنگە کەمێک بێت لە کەسایەتی من، لەڕاستیدا من کەسایەتیەکی ئاشتیخوازم وحەزم بە بەسەربردنی کاتی خۆشە لەگەڵ هاوڕێیان و خێزانەکەم”.

بۆچی هاوینی ڕابردوو دەیویست لە پاریس بڕوات؟

(بەپێکەنینەوە) “هێشتا دوو وەرز لە بۆندەکەمدا ماوە و یانەکە زیاتر بەرەوپێش دەچێت، پێویستە ئەوپەڕی تەرکز بکەین بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی ئەم وەرزەمان، پێویستە زۆرترین نازناوەکان بەدەست بهێنین و نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا ئامانجی سەرەکیمانە”.

لە پاریس بەردەوام دەبێت

“پێشەنگی بۆ یانەی پاریس سانت جێرمانە و چەندین ئامانجی گەورەمان هەیە، ئامانجی سەرەکیش هەمیشە بردنەوەی یارییەکانە و دەبێت هەموو هێزی خۆمان لەپێناو یانەکەماندا بەگەڕ بخەین، لەنێو یاریگادا گیانم لەپێناو سەرکەوتنی یانەکەم فیدا دەکەم و تا کۆتایی بۆندەکەشم پابەند دەم”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان