هیچ بڕەنەوتێك بۆ ناوەندی شارەكان نەماوە



ئەو نەوتەی حكومەتی هەرێم بەرمیلی بە 103 هەزار دینار دەیفرۆشت، تەنها بەشی ناوچە شاخاوییەكانی كرد

حكومەتی عێراق بڕی 60 تانكەر نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، كە تەنها بەشی ژمارەیەكی كەمی خەڵكی كەمدەرامەت دەكات، ئەو نەوتەشی حكومەتی هەرێم بەرمیلی بە 103 هەزار دینار دەیفرۆشت بەهاووڵاتیان، تەنها بەشی ناوچە شاخاوییەكانی كردووە و ئێستا هیچ بڕەنەوتێك بۆ ناوەندی شارەكان نەماوە.

ڕۆژی 28\1\2023، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، حكومەتی عێراق ئەمڕۆ 60 تەنكەر نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان نارد.

وەزارەتەكە ڕایگەیاند، ” ناردنی ئەم 2 ملیۆن لیترەی نەوتی سپی لەسەر داوای هیچ لایەنێكی سیاسی نەبووە”.

وتیشی، ئەو بڕە نەوتەی عێراق ناردوویەتی بە بەراورد لەگەڵ زیاتر لە 254 ملیۆن لیتر پێداویستیی ناوخۆیی هەرێم بڕێكی زۆر كەمە، كە بۆ دابینكردنی بەرمیلێكی نەوت بۆ هەر ماڵێك ( 1ملیۆن و 274 هەزار خێزان) پێویستە .

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان تا ئێستا زیاتر لە (64) ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیكراو لە ناوچە شاخاوییەكان دابەش كردووەو ئەو (2) ملیۆن لیترەش بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بێ بەرامبەر بەسەر خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت دابەش دەكات، كە هاوكاتە لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەكان و دەستپێكردنی لە ناوچەكانی دەوروبەر.

لەبارەی پشكی پارێزگای سلێمانی لەو بڕە نەوتەی عێراق، كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پشكی پارێزگای سلێمانی لە ئەو نەوتەی حكومەتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستانی ناردووە، ملیۆنێك و7 هەزار لیترە كە ئەوە ڕێژەیەكی زۆر كەمە، چونكە سنووری پارێزگای سلێمانی پێویستی بە 110 ملیۆن لیتر نەوت هەیە بۆ هەر ماڵێك كە 200 لیتری پێبدرێت.

وتیشی، ئەو نەوتە دەدرێت بە كەسانی كەمدەرامەت و هەژار میكانیزمی دابەشكردنەكەی لەلای قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانە كە كێ‌ شایستەیە بەو نەوتە و چەندی پێدەدرێت .

لە لایەكی دیكەوە، دلێر زەینەدین، لێپرسراوی هۆبەی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەو بڕە نەوتەی بۆ پارێزگای سلێمانی هاتووە زۆر كەمە و تەنها بەشی 4 هەزار خێزان دەكات لەكاتێكدا 50 هەزار خێزانی كەمدەرامەت هەن.
دەشڵێت، دەسەڵاتی بڕ و چۆنیەتی دابەشكردنەكەی لەدەستی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكاندایە و بەبێ‌ بەرامبەر دابەشدەكرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم نەوتی سپی بە نرخی 103 هەزار و 500 دینار لە ناوچە شاخاوییەكان دابەشكرد، سەبارەت بە وادەی دابەشكردنی ئەو نەوتە لە سەنتەری شارەكان، دلێر زەینەدین وتی، بڕی ئەو نەوتە 19 ملیۆن و 600 لیتر بوو كە بەسەر ناوچە شاخاوییەكاندا دابەشكراو تەواو بووە، هیچ بڕە نەوتێك نەماوە لە سەنتەری شارەكاندا دابەشبكرێت.

 

 

 

 

 

رووسیا هۆشداری دەداتە ئیسرائیل
پێشت رووسیا هۆشداری دەداتە ئیسرائیل
بارزانی: ھیچ بیانوویەك بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەكان قبوڵ نییە
دواتر بارزانی: ھیچ بیانوویەك بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەكان قبوڵ نییە
ەیوەندیدار