شاسواری رابەرو ئارامی شۆڕشگێڕی راستەقینە



مام ڕۆستەم

ئەمڕۆ یادی یەکێک لە مەزنترین رێبەرو سەرکردەی ناو شۆڕش و خەباتی گەلی کوردستانە،  سەرکردەیەک لەناو دڵی خەڵکی و وورەی پێشمەرگەو قەلەَمی رۆشنبیراندا بۆ ھەتا ھەتایە بە نەمری دەمێنێتەوە.

شەھید ئارام، شاسواری ئەو رێگایە بوو کە چەندە سەخت و دوور بێت و چواردەوریشی کڵپەی ئاگر بێت لەو رێگە پیرۆزە ھەرگیز لای نەدا… ئەو بۆ دونیایەکی نوێ بۆ ھەژاران بۆ دانانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان تێدەکۆشا…

شەھید ئارام تەنیا دوو ساڵ رێبەر بوو ناوی بە گەورەیی و مەزنی مایەوە، ئەگەر تا ئێستا بمایە دەبوو چی مێژوویەکی بۆ خۆی و نەتەوەکەی بخوڵقاندایە…؟ ئەو لەناو ئازاری خەڵکی و ژیانی گوندو وورەی پێشمەرگەدا دەژیا بە ھەستێکی کوردانە دەیویست لە بارودۆخی ئەو کاتەی ناو کۆمەڵەوە بیری مارکسیەت بکوردێنێت و بە باوەڕ و ھەستی کوردانەوە بیروباوەڕەکەی پەرە پێبدات..

ئەو تەنیا سەرکردە و رێبەر نەبوو، ھەمیشە لە خەمی خەڵکی و ژیانی خەڵکیدا بوو، ھەموومان ئەوە دەزانین و لە یادمانە لە ناوەڕاستی ١٩٧٧ بە پارەی ئابوونەو سەرچاوەی کەمی دارایی توانی پرۆژەی ئاو بۆ گوندی گوڕبازی قەرەداغ رابکێشێت، خەڵکی لە نەھامەتی و بێ ئاوی رزگار بکات، بەڵام ئێستا لەدوای زیاتر لە سێ دەیە بەسەر راپەڕین و حکومەتی خۆماڵیدا سەیری خزمەتگوزاری و ئاوەدانی گوندەکان بکەن؟ بزانن حکومەتی ھەرێم چی بۆ کردوون؟ ئێستا ئەو ھەموو نەوت و داھاتی نەوت و واریداتی ناوخۆ و گومرگ و باجە ھەیە بزانن حکومەت چۆن خزمەتی خەڵکی دەکات؟ خەڵکی نەوتی نیە؟ ئاوی نیە؟ کارەبای نیە؟ خزمەتگوزاری نیە؟ شەھید ئارامی سەرکردە لە کوێ و ئەم بەرپرسانەی ئەمڕۆ لە کوێ؟ بە شەھید ئارام دەوترێت سەرکردەو بەمانەی ئەمڕۆش دەوترێت سەرکردە..!؟ ئەمان تەنیا بیرو خەیاڵیان لای گیرفانیان و خۆشگوزەرانی خۆیان و نزیکەکانیانە..

دوای سێ دەیە بەرپرسانی ئەمڕۆ نەیانتوانی پرۆژەیەکی ئاو ھاوشێوەی شەھید ئارام نەک بۆ گوندەکان بەڵکو بۆ شارە سەرەکیەکانی ھەولێر و سلێمانیش رابکێشن، بێ ئاوی ھاوینانی گەڕەکە ھەژارەکانی ھەولێر و سلێمانی و زۆربەی شاروشارۆچکەکانی کوردستان شاھیدی ئەو زوڵمەن کە دەسەڵاتی خۆماڵی لەو ھاوڵاتیانەی دەکات کە رۆژگارێک ببونە قەڵغانی شۆڕش و پێشمەرگە،، دەسەڵاتی خۆماڵی زوڵم لەو مرۆڤانە دەکات کە ئارامی سەرکردە لە پێناویاندا گیانی خۆی بەختکرد.

ئارامی سەرکردە ئەوکات کە دەنگۆی دانوستان ھەبوو دەیوت: ئێمە شەڕی کەرکوکمان بۆ نەوتەکەی نیە، چونکە نەوت تەنیا سەرچاوەی ئابوری نیە، ئێستا ئێمە سەروەتی گەورەمان ھەیە، بەنداوی دووکان و دەربەندیخان دوو سەروەتی گەورەی نیشتمانین، چونکە بەھاو گرنگی ئاو کەمتر نیە لە نەوت، رۆژێک دێت بەھای ئاو زۆر لە نەوت بە بەھا تر دەبێت …

من نازانم بەرپرس و کاربەدەستانی ئەمڕۆ دەیانەوێت چارەنووسی خەڵکی کوردستان بەرەو کوێ بەرن؟ کەی تێر دەبن لە پڕکردنی گیرفانی خۆیان و بەتاڵکردنی گیرفانی خەڵکی؟ ئەوان لەبری چارەسەری کێشەو قەیرانەکان، ئێستا خۆیان بوونەتە قەیران و کێشە بۆ خەڵکی، لەبری خەرجکردنی داھاتی کوردستان بۆ کوردستان و خەڵکی و کەسوکاری شەھیدان، فەردە پارەکان دەبەنە دەرەوەو ڤێلای پێدەکڕن و بازرگانی پێوە دەکەن.

شەھید ئارام ھەرگیز خۆی بە رێبەر و سەرکردە نەدەزانی، کە دەچوینە گوندەکان خەڵکی نەیاندەزانی کێ بەرپرس و سەرکردەو فەرماندەیە، خاکێیەتی شەھید ئارام، رۆشنبیریی و فیکری وای کردبوو ھەموومان ئامادەبووین خۆمان بکەینە قوربانی لە پێناویدا، ھەر ئەو خاکێتیەی وایکرد بەتەنیا و دوور لە ئێمە شەھید بێت…

دروود بۆ گیانی شاسواری سەرکردەو ئارامی تاکە رێبەری دووبارە نەبووی گەلی کوردستان…

ئەمەوێت ئەوە بڵێم لەوەتەی ھەم لە پەنجا ساڵی ناو شۆڕش و پێشمەرگایەتی و ئەزمونی خەبات و قوربانیدانم، سەرکردەی وەک شەھید ئارام خۆشەویست و رێبەری وەک شاسوار جەلال خاکی و لێھاتوو رۆشنبیرم نەبینوە…
خوێندکاری رێبازە راستەقینەکەی شەھید ئارام
مام رۆستەم

ئۆتۆمبێلێك لەناو گەڕەكێكی هەولێر كارەسات دەنێتەوە
پێشت ئۆتۆمبێلێك لەناو گەڕەكێكی هەولێر كارەسات دەنێتەوە
بەوێنە، بەفربارين هاتووچۆ لە شارۆچكەیەكی هەرێمی كوردستان لەگەڕدەخات
دواتر بەوێنە، بەفربارين هاتووچۆ لە شارۆچكەیەكی هەرێمی كوردستان لەگەڕدەخات
ەیوەندیدار