ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

هەولێر.. دوو ساختەكاری پارە و پاكانەی باج دەستگیركران

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی هێزەكانی پۆلیس ئاگاداركرانەوە بەبوونی دوو ڕووداوی جیاجیای ساختەكاری پارە و پاكانەی باج، پۆلیس دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەم دوو ڕووداوە كردەوە و توانی لەماوەیەكی كەم تۆمەتباران دەستگیر بكات.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاماژی بەوەشداوە، نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ساختەكاری بە پۆلیسی هەولێری ڕاگەیاندووە كەوا ئاگادار كراونەتەوە بەبوونی دوو ڕووداوی جیای ساختەكردن ئەوانیش دوای لێكۆڵینەوەیەكی وورد توانیویانە ناسنامەی سێ تۆمەتبار ئاشكرا بكەن و دەستگیریان بكەن.

ئەوەشخراوەتەڕوو، تاوانی یەكەم دوو تۆمەتبار بەناوەكانی (ش. ق. و)، تەمەن (۳۸) ساڵ ، (م. م) تەمەن (۳۸) ساڵ، دوای دەستگیركردنیان دانیان نا بەتاوانەكەیان كە هەڵسابوون بە پاكانەكردنی باجی دەرامەتی هەولێر بە ڕێگەی ساختەوە بە بڕی (٤٫۰۰۰٫۰۰۰) چوار ملیۆن دیناری عیراقی. هەروەها تاوانی دووەم، تۆمەتبار بەناوی (ا. و. م) تەمەن (۲۲) ساڵ دانینا بە تاوانەكەی كە هەڵساوە بە مامەڵەكردن بە پارەی ساختە لە جۆری دۆلاری ئەمریكی كە بڕەكەی (٥۰۰ $) پێنج سەد دۆلاری ئەمریكی بووە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕوونیشیكردووەتەوە، تۆمەتباران پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ ڕێكخراوە و ڕەوانەی بەردەم بەڕێز دادوەر كراون، بەڕێزیان بڕیاریدا بە بەندكردنی تۆمەتبارانی تاوانی یەكەم بە پێی ماددە (۲۸۹-۲۹۸) و تۆمەتباری تاوانی دووەم بەپێی ماددە (۲۸۱) لە (ی. س. ع).

 

ئابوری

داوای کەمکردنەوەی نرخی بینینی پزیشک و دەرمان و پشکنینە پزیشکییەکان دەکرێت

خەڵک – بەشی هەواڵ

 

لەگەڵ ئەوەی داهاتی تاک لەهەرێمی کوردستان کەمیکردووە و ڕێژەى بێکاری و هەژاری بەرزبۆتەوە، بەڵام هێشتا نرخی بینینی پزیشک و دەرمان و  پشکنینەکان هەر بەرزە، بۆیە ئەنجومەنی فشار لەهەوڵدایە کە ئەم نرخانە دابەزێنن و هاوتای داهاتی تاکی بکەن.

 

دڵشاد بابانی ئەندامی ئەنجومەنى فشار لەسلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، پێشتر لەگەڵ سەندیکای پزیشکان و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبوونەتەوە و ئەم هەفتەیەش لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و سەندیکای دەرمانسازان و سەندیکای بایۆلۆجی کۆدەبنەوە و دواتر سەردانی وەزیری تەندروستی دەکەن.

 

ئاماژەى بەئەوەشدا، ئەنجومەنى پارێزگای سلێمانی هاوکارە و سەندیکای پزیشکانیش بەهەمانشێوە هاوکارن، بەڵام چەند گرفتێکیان هەیە و داوادەکەن، ئەوەیان بۆ چارەسەربکەن.

 

زیاتر ڕوونیکردەوە، پزیشکەکان گرفتی دەرمانخانە و تاقیگەکان و باج و هەندێک شتی دیکەیان هەیە، ئەوان داوای چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە دەکەن، بۆئەوەی بتوانن نرخ بهێننە خوارەوە.

 

باسی لەئەوەشکرد، دوای ئەوەی بۆچوونی هەموو سەندیکاکان و ڕا جیاوازەکانیان کۆکردەوە، سەردانی وەزیری تەندروستی دەکەن و لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆی لەگەڵ دەکەن.

 

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەشنەکردنی موچە لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە، ئاستی داهاتی تاک بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، کە ئەرکی حکومەتە هەموو سێکتەرەکانی هەرێم ڕێکبخاتەوە، بەڵام لەساڵی ٢٠٢٠دا تەنها دوو موچەى بەتەواوی دابەشنەکردووە و هیچکام لەسێکتەرەکانی ژیانی لەگەڵ ئەو بێ موچەیی و بێکارییەدا ڕێکنەخستۆتەوە، لەو چوارچێوەیەدا نرخی بینینی پزیشک هاوشێوەی ساڵی ئاڵتونی هەرێمە کە ٢٠ هەزار یان ٢٥ هەزار دینارە، کە تەنها چەند خولەکێکی کەم نەخۆش دەبینرێت، ئەمەش بۆتە بارگرانی بەسەر هاوڵاتییانەوە.

 

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

حكومەتی هەرێم دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 3 دەكات

خەڵك-بەشی هەواڵ

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێشبینی دەكرێت بەمزوانە هەرێم و بەغدا ڕێككەوتنێك واژۆ بكەن و لەم ڕۆژانەشدا مووچەی مانگی سێ دابەش بكرێت.

د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەپەڕلەمانی كوردستان بە میدیای حزبەكەی ڕاگەیاند، لە ئێستادا پێشبینیەك هەیە كە هەواڵێكی دڵخۆشكەرە و لەم ڕۆژانەدا ڕێككەوتنێك لەسەر چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا واژۆ دەكرێت.

وتیشی”بەپێی زانیارییەكان حكومەتی بەغدا بڕێك پارە بۆ مووچە دەنێرێت و حكومەتی هەرێمیش لە داهاتی ناوخۆ پارە ئامادە دەكات و بەو شێوەیە مووچەی مانگی سێی پێ دابەش دەكات”.
ئاشكراشیكرد، تا ئێستا ڕوون نیە كە مووچەی تەواوەتی دابەش دەكرێت یاخود بە لێبڕینەوە دەبێت و پێشبینی ئەوەش دەكرێت مانگانە مووچە لەكاتی خۆیدا دابەش بكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

دانوستانەکانی هەرێم و بەغداد دەستپێدەکەنەوە

خەڵک – بەشی هەواڵ

 سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند، بڕیارە ئەم ھەفتەیە شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكەن و، لێكنزیكبوونەوەی باشیش ھەیە. سەركردەیەكی سوننەكانیش دەڵێت، چاوەڕێ دەكرێت ھەردوولا بگەنە رێككەوتن، چونكە رێككەوتنی ھەردوو حكوومەت، دەبێتە ھۆی سەقامگیری لە عیراقدا بە شێوەیەكی گشتی.

د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی وتی: “بڕیارە ئەم ھەفتەیە شاندی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، چونكە بەردەوامبوونی دانوستان پێویستە و رێككەوتننامەش پێویستە بەپێی دەستوور بكرێت و بۆ سەقامگیریی ھەردوو حكومەت بێت، بۆیە گەر بگەنە رێككەوتن، دۆخەكەش سەقامگیر دەبێت”.

سەبری وتیشی: “لێكنزیكبوونەوەی باش ھەیە و تەنھا ھەندێك وردەكاری ماون، كە رەنگە ئەوانیش لەم چەند رۆژەدا یەكلا بكرێنەوە و بگەنە رێككەوتن”.

لای خۆشیەوە، د. عەلا مەكی، سەركردەی سوننەكان، رایگەیاند: “عێراق پێویستی بە سەقامگیری ھەیە بۆ ئەوەی بچێتە قۆناغێكی دیكە، تا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كاریگەرییان لەسەر نەبێت و بتوانێت سەقامگیری دروست بكات، بۆیە پێویستە دانوستانەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا بەردەوام بێت و بگەنە رێككەوتن، ئەمەش لە بەرژەوەندیی ھەموو لایەكە و ھەرێمی كوردستان ناوچەیەكە بۆتە ھۆی سەقامگیری بۆ ھەموو عیراق، هەروەها سەقامگیریی ھەرێم، واتا سەقامگیریی ھەموو عیراق، بۆیە پێویستە حكومەتی عیراق لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بگاتە رێككەوتن”.

مەكی، وتیشی: “پێویستە دانوستانەكان دوانەكەون و پەلەیان لێ بكرێت، چونكە رێككەوتنی ھەرێم و بەغدا دەبێتە ھۆی سەقامگیریی عیراق بە گشتی، بۆیە پێشبینی دەكەم ئەمجارە ھەردوولا بگەنە رێككەوتن، چونكە بوونی كێشە لە نێوان ھەردوولا، دەبێتە ھۆی ناسەقامگیریی دۆخی عیراق”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان