تانکێکی ڕۆژئاوایی تێکبشکێنەو خەڵات وەربگرە



بەرپرسێکی ڕووسیا خەڵاتی تایبەت دەداتە هەر سەربازێکی وڵاتەکەی کە تانکێکی “لیۆپارد” یان “ئەبرامز” لەناو ببات.

 

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تانکەکانی ڕۆژئاوا لە بەرەکانی شەڕ لە ئۆکراین، ئەلێکساندەر ئۆسیپۆڤ، پارێزگاری ناوچەی ترانس بایکاڵ، بڕیاریدا پاداشتی دارایی پێشکەش بە هەر سەربازێک بکات کە تانکی لیۆپاردی ئەڵمانی یان تانکی ئەبرامزی ئەمریکی لەناو دەبات.

 

پاداشتە داراییەکەی ئەلێکساندەر ئۆسیپۆڤ، بۆ هەر سەربازێکی ناوچەکەیەتی کە لەچوارچێوەی بەشداری لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ڕووسیادا، تانکی “ئەبرامز”ی ئەمریکی یان “لیۆپارد”ی ئەڵمانی لەناو ببات یان دەستی بەسەردا بگرێت.

 

بەپێی ئەوەی ئاژانسی هەواڵی “نۆڤۆستی”ی ڕووسی بڵاویکردووەتەوە، سکرتێری ڕۆژنامەوانی پارێزگاری ناوچەی ترانس بایکاڵ، ڕایگەیاندووە؛ ئامانج لەم دەستپێشخەرییە هاندانی شەڕڤانانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تانکانە.

 

بە وتەی چیستیاکۆڤا، سکرتێری ڕۆژنامەوانی پارێزگاری ناوچەی ترانس بایکاڵ پاداشتە داراییەکە (١٠٠ بۆ ٣ ملیۆن ڕوبڵ)ە، کە دەکاتە(١٥٠٠ بۆ ٤٣) هەزار دۆلار.

 

ناوچەی ترانس بایکاڵ یەکێکە لە ناوچە فیدراڵیەکانی ڕووسیا و دەکەوێتە ئەودیوی دەریاچەی بایکاڵ.

 

لای خۆیەوە دێنیس پوشیلین، سەرۆکی کۆماری دۆنێتسک بە وەکالەت، پێشوازی لە دەستپێشخەریی خەڵاتکردنی سەربازانی ڕووسیا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان کرد بەهۆی دەستگرتن بەسەر یان لەناوبردنی تانکەکانی ئەبرامزی ئەمریکی و لیۆپاردی ئەڵمانی.

 

دێنیس پوشیلین، وتویەتی ” پێشنیاری بەرپرسان و بازرگانانی ڕووسیا بۆ پێشکەشکردنی پاداشت بە هەر کەسێک بە شایستە دەزانم کە پێشکەشی دەکەن ئەمەش بە پاڵنەرێکی باش دەزانم، کە بازرگانە نیشتمانییەکانمان بەشدارن لە هاندان و خێراترکردنی هەنگاوەکانی سەرکەوتن”.

 

ئەڵمانیا نیازی خۆی ڕاگەیاندووە، کە تانکی لیۆپارد ٢ بۆ ئۆکراین دابین بکات، هەروەها ڕێگە بە وڵاتانی دیکە بدات تانکی هەمان جۆر، لە جبەخانەکانی خۆیانەوە بۆ کیێڤ دابین بکەن.

 

لە لایەکی دیکە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئیدارەکەی ژمارەیەک تانکی ئەبرامز بۆ ئۆکراین دابین دەکات.

لەپارێزگایەكی هەرێم پشوو ڕاگەیەندرا
پێشت لەپارێزگایەكی هەرێم پشوو ڕاگەیەندرا
ماكرۆن: شەهید ژینا سومبولی ئێمەیە
دواتر ماكرۆن: شەهید ژینا سومبولی ئێمەیە
ەیوەندیدار