ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

مەلا یاسین، ستایشی ڕێباز حەملان دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، ستایشی كارەكانی وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان دەكات و ڕایدەگەیەنێت ” بە دەستبەكاربوونەوەی ڕێباز حەملان، ئاوڕێكی جددی تر درایەوە لە وەبەرهێنەران و بەڵێندەران”.

یاسین مەحمود، وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، لە میانی بارنامەیەكی ڕاستەوخۆی كەناڵی كوردسات، پەیوەست بە كێشە و گرفتەكانی وەبەرهێنەران و بەڵێندەران ڕایگەیاند، كە دوای دەستبەكاربوونەوەی ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی بەسوپاسەوە دۆخێكی نوێ‌ هاتووەتە ئاراوە و ئاوڕێكی جددی تر لە وەبەرهێنەران و بەڵێندەران درایەوە، كە چەند بڕیارێك دەرچوون.

ئاشكراشی كرد، چوار هەنگاو و خاڵ هەیە، كە ئەگەر جێبەجێ‌ بكرێت، ئەوا دۆخی وەبەرهێنەران و بەڵێندەران و هەلی كار دەگەڕێتەوە ئاستێكی چاوەڕوان نەكراو.

وتیشی، “لەم چەند ڕۆژەدا وەزیری داراییم بینیوە و 100 ملیۆن دۆلاری تر تەرخان كراوە بۆ بەڵێندەران، كە ئەمە لەمساڵدا دەبێتە 300 ملیۆن دۆلار بۆ بەڵێندەران خەرج بكرێت و ئەمەش مژدەیەكی خۆشە، بەڵام داواكارین با لەو بڕە پارەیە 10%ی بدرێت بە هەموو بودجەكانی وەبەرهێنان و پەرەپێدان و ناوچە جێناكۆكەكان و هەر كەسێك چەكی بەڵێندەرانی وەرگرتبێت ڕۆتینەكەی كەمبكرێتەوە و 10%ی تەرخان بكرێت”.

جەختیشی كردەوە، هاتنە ناوەوەی ئەو 100 ملیۆن دۆلارە بۆ بازاڕ زۆر باشترە لە 5 مووچە، كە حكومەت دەیدات.

سەبارەت بە خاڵی دووەم مەلا یاسین وتی، “بابەتی مەقاسە عەیبەبە و من لێرەوە داوا لەوانە دەكەم دەسەڵاتدارن با لەوەزیاتر ئابڕووی بانكی كوردستان نەچێت مەقاسە هەڵبگرن و ڕێگە بدەن بە بەڵێندەران ئەو چەكانەی پێیانە بەكاریبهێنن بۆ كارەبا و ئاو و هەندێك پێداویستی خۆیان”.

ڕاشیگەیاند، خاڵی سێیەم ئەوەیە، بۆ داهاتوو چەندین پڕۆژە هەیە، كە بۆ سلێمانی و ئیدارەكانی دەورووبەری بایی نزیكەی 200 ملیۆن دۆلار پڕۆژە هەیە بۆ ئێستا و داهاتوو، كە داوادەكەین بدرێت بەو كۆمپانیایانەی مەردانە لە سەردەمی قەیرانی دارایی پڕۆژەكانیان بەجێنەهێشت و ئەگەر كەمیش بووبێت بەردەوام بوون.

بە وتەی وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران، هەنگاوی چوارەم بۆ بووژاندنەوەی كەرتی وەبەرهێنان “دەبێت لە حكومەتی نوێ‌ پڕۆژەكان و بودجە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و یەكسان دابەش بكرێت بەسەر شارەكاندا، چونكە ئەگەر سەیری بازاڕی سلێمانی بكەیت لەڕووی ئابووری و وەبەرهێنان و بەڵێندەرایەتییەوە پارسەنگی تێدایە بەرامبەر هەولێر، چونكە ئێستا نادادپەروەری دەبینین لە جموجۆڵی بازاڕ و دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان”.

مەلا یاسین هیوای خواست هەر “لە كفرییەوە بۆ ڕانیە و بۆ سۆران و زاخۆ پڕۆژەكان دەستپێبكاتەوە، بەڵام دەبێت بەرگری لەوەبكەین دادپەروەری پەیڕەو بكرێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، كە ڕۆتین دەستی خستۆتە بینەقاقای بەڵێندەرانەوە لەم وڵاتەدا و وتی، “داوا لە كاربەدەستان دەكەین میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ نەهێشتنی ڕۆتین”.

جەختیشی كردەوە، كە دوو وڵاتی زلهێزی ناوچەكە (ئێران و توركیا) دۆخی ئابووریان بەجۆرێكە پارە بهێننە هەرێمی كوردستان و پارەیەكی زۆر بەڕێوەیە، چونكە كۆمپانیا توركی و ئێرانییەكان خەریكن دەگەڕێنەوە و وتیشی، “ئەگەر ئەو میكانیزمانەی وتمان جێگیر بكرێن نزیكەی 350 هەزار هەلی كار دابین دەكرێت و ئەوانەش لەكاردان بتوانن گەشتیاری زۆر بۆ هەرێم ڕابكێشن”.

ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت هەوڵ بدەین ئەو چەند ساڵەی هاووڵاتیانی هەرێم زۆر ماندووبوون بەدەست قەیرانی داراییەوە، لە داهاتوودا بۆیان بكەین بە ئاوەدانی و پشوودان.

ئابوری

پەرلەمانتارێكی پارتی: گفتووگۆكانی ڕێككەوتن بۆ مووچە و بودجەی هەرێم بەردەوامن

خەڵك- بەشی هەواڵ

گفتووگۆكانی چارەسەركردنی كێشەكانی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە نێوان بەغدا و هەرێمی بەردەوامیان هەیە و پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێت”ئەگەری ڕێككەوتن زۆرە و شاندەكانی هەرێم و بەغدا بەردەوام گفتووگۆ دەكەن”.

هەدار بارزانی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ساڵی داهاتوو پێشبینی ئەوەی لێدەكرا لە ڕووی داراییەوە قورس بێت، بەڵام بەو جۆرە نییە و بەپێی دەرئەنجامی گفتووگۆكانی هەرێم و بەغدا بێت، ڕێككەوتن دەكرێت.

وتیشی”ئەوەیشی دەربارەی خۆپیشاندانەكان و كاریگەریان لەسەر هەرێم دەوتران ڕاست دەرنەچوون، چونكە ئەوكاتە خۆپیشاندەران دەیانوت ئێمە پێمانباشە بەغداش وەكو هەرێمی كوردستانی لێبكرێت”.

بەپێی زانیارییەكان تائێستا هەرێم و بەغدا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە و بودجە و گفتووگۆكان بەردەوامن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

ئەمڕۆ مووچەی یەك شوێن دابەش دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ

بەپێی خشتەیەكی نافەڕمی كە لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە بڵاوكراوەتەوە، ئەمڕۆ‌ مووچەی مانگی تەموزی ئەنجومەنی دادوەری دابەش دەكرێت.

دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمووز لەكاتی خۆیدا دابەشنەكرا و چەند ڕۆژێك دواكەوت و تائێستاش تەنها پێشمەرگە، پەروەردە و تەندروستی و دارایی و ئابوری و كار و كاروباری كۆمەڵایەتی مووچەیان وەرگرتووە.

هەفتەی داهاتوو مووچەی تەواوی وەزارەت و دەستە و هەریەك لە خانەنشینی سەربازی و مەدەنی دابەش دەكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

ئەمریكا داوای ڕێككەوتنی نوێ‌ لە ئێران دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ ئێران ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی پێویستی بە ڕێككەوتنێكی ئەتۆمی نوێیە لەگەڵ ئێران.

(سكای نیوز) لە زاری برایان هۆك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ ئێران بڵاویكردەوە، “كار بۆ ڕێككەوتنێكی هەمەلایەنە دەكەین لەگەڵ تاران، كە هەردوو بەرنامە ئەتۆمی و موشەكی و پرسی پشتیوانی لە تیرۆر لەخۆبگرێت”.

بە وتەی هۆك، “دەستدرێژییەكانی ئەم دواییەی سەر كۆمپانیای ئارامكۆی سعودیە، ئابوری جیهانی كردە ئامانج، بۆیە پێویستە پێشێلكارییەكانی ئێران لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەدا ئیدانە بكرێت”.

نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ ئێران ڕایگەیاندووە، “پێویستە ئێران دەستبەرداری سیاسەتی گێچەڵكردن ببێت و هەڵسوكەوتی خۆی لەناوچەكەدا بگۆڕێت”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان