ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

زیاتر لە 30 كەس خۆیان كاندید كردووە
(خەڵك) وادەی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی نەینەوا ئاشكرا دەكات

خەڵك-بەشی هەواڵ
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، وادەی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی نەینەوا ئاشكرا دەكات و دەڵێت، زیاتر لە 30 كەس خۆیان بۆ پۆستەكە كاندید كردووە.

بنیان جەربا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”دوابەدوای تەوابوونی پرۆسەی خۆكاندیدكردن، بەپێی مەرجی دیاریكراو، ڕێوشوێنی یاسایی بۆ پەسەندكردنی داواكانی خۆكاندیدكردن دەگیرێتەبەر و پاشان ناوەكان لە دانیشتنێكی ئەنجومەنی پارێزگادا دەخرێنەڕوو بۆ هەڵبژاردنی شیاوترین”.

بە وتەی جەربا:”هەموو هاوڵاتییەك دەتوانێت خۆی بۆ پۆستەكە كاندید بكات، چەندان دۆسێی گرنگیش هەن كە چاوەڕوانی كاندیدەكە دەكەن و دەبێت خۆی بۆ ڕووبەڕبوونەوەی دۆسێی ئاوارەكان و دۆسێی شەهیدان و دۆسێی زیانلێكەوتووەكان، و دۆسێی خزمەتگوزری، و ئاوەدانكردنەوە و دۆسێكانی تر ئامادە بكات”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت”دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی پارێزگاری نوێ‌ لە 2ی ئایاری داهاتوو دادەخرێت، دوای ئەوەش ئەنجومەنی پارێزگا وادەیەك بۆ سازدانی كۆبوونەوەیەك دیاریی دەكات كە لێوەی لەنێوان كاندیدەكاندا، شیاوترین هەڵدەبژێردرێت”.

بەهۆی ڕووداوی نوقمبوونی بەلەمێك لە ڕووباری دیجلە لە 21ی ئاداری ڕابردوو لە دوورگەی گەشتیاری لە شاری موسڵ كە تێیدا زیاتر لە 100 كەس گیانیان لەدەستدا و زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا نەوفل عاكوب پارێزگاری نەینەوا لە پۆستەكەی دووربخاتەوە.

عێراق

سەرۆك كۆمار: پێویستە سوپا بەردەوام بێت لە ڕیشەكێشكردنی تیرۆر

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆك كۆماری عیراق وەزارەتی بەرگری بەسەركردەوە و جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە سوپا بەردەوام بێت لە ڕیشەكێشكردنی تیرۆر و دووبارە سەرھەڵنەدانەوەی داعش لە وڵاتدا.

نووسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆكایەتی كۆمار بڵاویكردەوە، د. بەرھەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق ئەمڕۆ یەكشەممە 18/8/2019 سەردانی وەزارەتی بەرگری كرد و لەلایەن نەجاح شمری وەزیری بەرگری و گەورە ئەفسەرانی سوپا بەگەرمی پێشوازیكرا.

لە میانی پێشوازییەكی رەسمیدا مارشی كۆماری لێدرا پاشان سەرۆك كۆمار و وەزیری بەرگری پاسەوانی شەرەفیان پشكنی كە سەرجەم پێكھاتەكانی سوپای عیراقی لە خۆگرتووە.

سەرۆك كۆمار لە وەزارەتی بەرگری وتارێكی پێشكەشكرد، تێیدا دووپاتیكردەوە كە خوێنی شەھیدان و قوربانی ھێزە چەكدارەكان لە سوپا و پۆلیس و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و حەشدی نیشتمانی و دژە تیرۆر بەرز دەنرخێنین كە لە پێناو پاراستنی ھاووڵاتییان و گشت عیراقدا ڕشتیان، ھەروەھا ڕایگەیاند كەبرینەكان خەریكە ساڕێژ دەبن، چونكە ئیرادەی ئێوە لە خواستی تیرۆر گەورەتربوو و یەكڕیزیتان بووە نمونەی یەكڕیزی نیشتمانی لەكاتە سەختەكاندا، ھەروەك ئەمڕۆش بوونەتە جێگای ڕێزی مرۆڤایەتی كە بەشەرەفەوە بەرگریتانكرد لە بەرامبەر تیرۆریستاندا، ھاوكات وتی ھێزەچەكدارەكان بەگشت پێكھاتەكانییەوە گەورەترین داستانیان تۆماركرد لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنی گەورەیان بە دەستھێنا.

لە درێژەی وتارەكەیدا سەرۆك كۆمار ڕایگەیاند: پێویستە سوپا بەردەوام بێت لە ڕیشەكێشكردنی تیرۆر و دووبارە سەرھەڵنەدانەوەی داعش لە عیراقدا.

سەرۆك كۆمار ئەوەشی دووپاتكردەوە كە نابێت سوپا بەشدار بێت لە یەكلایكردنەوەی ھاوكێشە سیاسییەكاندا بەڵكو دەبێت بێ لایەنی خۆی بپارێزێت و پیشەیانە ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات، ھاوكات جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە چەك تەنھا بە دەست دەوڵەت بێت.

سەبارەت بە كێشەكانی ناوچەكە سەرۆك كۆمار وتی: عیراق جارێكی تر نابێتە گۆڕەپانی یەكلاییكردنەوەی ململانییە سیاسییەكانی ناوچەكە بەڵكو عیراق دەبێتە پێگەیەك بۆ بەیەكگەیشتنی لایەنە ناكۆكەكان، تا جارێكی تر ناوچەكە تووشی شەڕ و ماڵوێرانی نەبێتەوە.

لەلای خۆیەوە وەزیری بەرگری سوپاسی سەرۆك كۆماری كرد بۆ گرنگیدان بە كارمەندانی سوپا و ھاوكات جەختیكردەوە كە ھێزە چەكدارەكان پەیمان دووپاتدەكەنەوە كە سەربازێكی وەفاداربن بۆ بەرگریكردن لە ھاووڵاتییان و خاكی نیشتمان.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

لە چەند پارێزگایەك ڕۆژێكی ئەم هەفتەیە دەكرێتە پشوو

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەبۆنەی “جەژنی غەدیر”ەوە ژمارەیەك لە پارێزگا شیعە نشینەكانی عیراق ڕۆژی سێ‌ شەممەی ئەم هەفتەیە دەكەنە پشووی فەرمی.

ژمارەیەك لە ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عیراق، كە پێكهاتوون لە (واست، بابل، میسان، كەربەلا، دیوانیە، زیقار، بەسرە) بڕیاریاندا ڕۆژی سێ‌ شەممەی ئەم هەفتەیە 20ی ئاب بكرێتە پشوو بەبۆنەی “جەژنی غەدیر”ەوە.

ساڵانە بە بۆنەی “جەژنی غەدیر”ەوە موسڵمانانی شیعە ڕۆژی 18ی زیلحیجە، كە ئەمساڵ دەكاتە 20ی ئاب (سێ‌ شەممە) ئاهەنگ دەگێڕن و دەیكەنە پشوو، ئەوەش وەك خۆیان دەڵێن: “لەو ڕۆژەدا لە ناوچەی غەدیر، كە دەكەوێتە نزیك مەككەی پیرۆز، پێغەمبەری خودا (د.خ) وەسیەتی بۆ ئیمامی عەلی (ر.خ) كردووە لەدوای (حەجی ماڵئاوایی) تاوەكو ببێتە خەلیفەی موسڵمانان دوای كۆچی دوایی خۆی”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

هۆشداری سەندنەوەی متمانە درایە عەبدولمەهدی

خەڵك- بەشی هەواڵ

ئەندامێكی پەڕلەمانی عیراق لە فڕاكسیۆنی سائیرونی سەر بە ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی عیراق ماوەكەی خەریكە تەواو دەبێت و هیچ یەكێك لە كارنامەی حكومەتەكەی تەواونەكردووە، بۆیە پێشبینی دەكرێت لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا متمانەی لێوەربگیرێتەوە.

جەواد ساعیدی لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ لە بەغدا وتی”لەمكاتەدا مەبەستمان وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆك وەزیران نییە، بەڵكو دەمانەوێت بەرنامەی حكومەت جێبەجێ‌ بكرێت”.

هەر لە قسەكانیدا ناوبراو ڕونیكردەوە، كوتلەی سائیرون دەیەوێت سەرۆك وەزیران سەركەوتووبێت، بەڵام لەهەمانكاتدا فشاریش دەكات بۆ زوو جێبەجێ‌ كردنی كارنامە و بەپێچەوانەوە ئەوەدەكات، كە گەلی عیراق پێویستی پێیەتی، چونكە بەهۆی جێبەجێ‌ نەكردنی بەرنامەی كابینەی نوێوە، ئەوەندە بابەت هەیە كە بتوانرێت بەهۆیەوە متمانە لە سەرۆك وەزیران وەربگیرێتەوە.

هەر لە قسەكانیدا ئەو پەڕلەمانتارە هۆشداری ئەوەشیداوە كە زۆربەی پەڕلەمانتاری فڕاكسیۆنە جیاوازەكان بە قسەی سەرۆكی كوتلەكانیان ناكەن و دورنییە لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا متمانە لە سەرۆك وەزیران وەربگیرێتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان