مەكگۆرك گەڕایەوە هەولێر و سنوورێك بۆ ناكۆكی حزبە فەرمانڕەواكان دادەنێت



سەردانەکەی برێت مەکگۆرک، نوێنەری ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، گوزارشت لە قووڵایی سەرقاڵبوونی واشنتۆن دەكات بەو قەیرانە سیاسییەی چەند مانگێکە هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، هاوكات دوای سەردانەكەش، خولی دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەكێتی دەستی پێكرد.

ڕۆژنامەی (العرب) لە ڕاپۆرتێكدا، كە لە چاپی ئەمڕۆیدا بڵاوكراوەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، برێت مەکگۆرک، نوێنەری ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، دوێنێ‌ شەممە گەڕایەوە کوردستان، لە دووەم سەردانەکەیدا بۆ ناوچەکە لە ماوەی هەفتەیەکدا، بەدواداچوون دەكات بۆ هەوڵە بەردەوامەکان بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، واشنتۆن نیگەرانییەکی زۆری لە دۆخی ئەو ناوچەیە هەیە، كە دەکەوێتە باکووری عێراق و پێی دەوترێت “هەرێمی كوردستان”، پێشتریش چەندین جار لایەنە کوردییەکانی لە دەرئەنجامەکانی بەردەوامی ئەم دۆخە ئاگادار کردۆتەوە و هۆشداری داوە لە گەڕانەوە بۆ سیستەمی دوو ئیدارەیی، بەتایبەتی دوای ئەوەی یەکێتی بە ڕوونی ئاماژەی بە سیماكانی جیابوونەوە کردووە.

سەردانەکەی مەکگۆرک هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەی شلندەكانی هەردوو حزبی سەرەکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناکۆکییە بەردەوامەکانی نێوانیان، کە ترسی کوردەكان بەرزدەکاتەوە لەوەی دۆخەكە بگۆڕێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری، یان ئەو دوو حزبە هەنگاو بەرەو دوو ئیدارەیی بنێن.

وەك ڕۆژنامەكە ئاماژەی پێ‌ كردووە، دوای گەیشتنی بە هەولێر، مەکگۆرک کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.

مەکگۆرک لە 18ی ئەم مانگەدا سەردانی ناوچەکەی کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی گەشتێکیدا، کە بەهەمان شێوە بەرەو بەغدای برد، لەوێ لەگەڵ محەمەد شیای سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئەنجامدا.

لە سەردانەکەی پێشوویدا بۆ هەولێر، ئەو بەرپرسە ئەمریکییە لەگەڵ بەرپرسی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی کۆبووەوە و تیایدا کۆمەڵێک فایلیان تاوتوێ کرد، کە گرنگترینیان ناکۆکییەکانە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان.

چاودێران پێیان وایە، سەردانە نوێیەکەی نێردەی ئەمریکا بۆ ناوچەکە دەکەوێتە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ گفتوگۆكانی نێوان یەكێتی و پارتی سەبارەت بە پێویستی کۆتاییهێنان بە دۆخی ئێستای ناكۆكییەكانی ناوچەکە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، کە بۆ هەردوولا قبوڵکراو بێت، بە تایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ئاڵنگارییانەی ئێستا ڕووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە، چ لە پەیوەندی لەگەڵ ژینگەی دەرەکی یان لە پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی لە عێراقدا.

چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، کە “واشنتۆن حەز دەکات کۆتایی بە قەیرانی سیاسی ناوچەکە بهێنێت و بەردەوامیی دۆخی تێکچوونی ئێستای قبوڵ ناکات، چونکە ئەمە هەڕەشەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی پێکدەهێنێت”.

هەرێمی کوردستان بە بەردی بناغەی ستراتیژی واشنتۆن لە عێراق دادەنرێت، هەر بۆیەش مەترسی لەدەستدانی هەرێم، یان جێهێشتنی لەناو ناکۆکی لەسەر بەرژەوەندییە تەسکەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانیدا نابێت.

ڕۆژی شەممە لە شاری سلێمانی کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی كوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوەچوو.

سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاند، کە کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا ئەنجامدراوە، هەروەها هەردوو شاندەکە خواستێکی ڕاستەقینەیان نیشانداوە بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکی، بەڵام هێشتا بابەتەکان لە قۆناغی سەرەتاییدایە.

دوای کۆبوونەوەکە بەیاننامەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوو شاندەكە بڵاوکرایەوە، تیایدا دووپاتیان کردەوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا “باسی سەرجەم بابەتەکانی پەیوەست بە بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان کراوە، هەروەها بۆچوون و هەڵوێست لەسەر زۆر بابەتی هەنووکەیی ئاڵوگۆڕ کرا”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، “هەڵوێستی گشتی و هاوکێشە ناوخۆیی و هەرێمییەکان، هەروەها سەرنجی هەردوولا لەسەر بابەتگەلێکی جۆراوجۆری پەیوەست بە ڕێککەوتنی پێشووی نێوان هەردوولا خراوەتەڕوو، لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەکی دیکەی هەردوو شاندەکە دەكرێت”.

ئەمریکا خێرا پێشوازی لەو وتووێژانە کرد، کە لە نێوان پارتی و یەکێتی بەڕێوەچوو. کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، “پێشوازی لەو هەنگاوانە دەکەین بۆ چاکسازی لە پەیوەندییە ناوخۆییەکان، کە هاوبەشەکانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی گەلەکەیان دەیگرنەبەر”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “بە کارکردنی پێکەوەیی، دەتوانرێت هەرێمێکی کوردستانی پێشکەوتووتر لە عێراق بنیات بنرێت”، ڕێككەوتنی نێوان ئەو دوو حزبەی بەوە وەسف كرد، “خانووی یەکگرتوو هەمیشە گەشە دەکات”.

کورد هیوادارە گوشاری ئەمریکا سەرکەوتوو بێت لە پاڵنانی ئەو دوو لایەنە بۆ دانپێدانان و بەرزڕاگرتنی بەرژەوەندییەکانی ناوچەکە، کە ڕووبەڕووی دۆخێکی دڕکاوی بۆتەوە، لەگەڵ خۆدزینەوە لە دەسەڵاتی ناوەندی لە بەڵێنەکانی لە ڕووی یەکلاکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانەوە، و بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە گواستنەوەیەکی دارایی بۆ هەرێم.

شەپۆلێكی بەهێزی بەفر و باران هەرێم دەگرێتەوە و داوای پشوو دەكرێت
پێشت شەپۆلێكی بەهێزی بەفر و باران هەرێم دەگرێتەوە و داوای پشوو دەكرێت
زانیاری لەسەر گۆڕانكاری لە بەشەخۆراك و پارەی مانگانەی هاووڵاتیان بڵاودەكرێتەوە
دواتر زانیاری لەسەر گۆڕانكاری لە بەشەخۆراك و پارەی مانگانەی هاووڵاتیان بڵاودەكرێتەوە
ەیوەندیدار