ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

پارتی: یەكێتی و گۆڕان ڕێكناكەون
كێشەی جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم پەڕلەمان پەكدەخات

خەڵك – بەشی هەواڵ
وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، فراكسیۆنی پارتی هەموو كات ئامادەیە بۆ دانیشتنی پەڕلەمانی كوردستان بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ، دەشڵێت: “كێشەكە لەسەر ئەوەیە یەكێتی و گۆڕان لەسەر جێگری سەرۆكی هەرێم ڕێك بكەون”.

پێشەوا هەورامی، ئەندامی پەڕلەمان و وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بۆ بەشداری لە كۆبوونەوەی پەڕلەمانی كوردستان چاوەڕێی فەرمانی سەروو خۆمان دەكەین، هەركات داوامان لێكرا ئامادەیی كۆبوونەوە دەبین و فراكسیۆنەكەمان هیچ كێشەیەكی نیە بۆ كۆبوونەوە.

وتیشی، “كێشەی ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەی پەڕلەمان لەسەر ڕێكنەكەوتنی یەكێتی و گۆڕانە دەربارەی پرسی جێگری سەرۆكی هەرێم، بۆیە هەركات ئەوان گەیشتنە ڕێككەوتن ئێمە ئامادەین بۆ كۆبوونەوە”.

ڕاشیگەیاند، وەك فراكسیۆنی پارتی بڵێن 48 كاتژمێری دیكە كۆبوونەوەی پەڕلەمانە ئێمە ئامادەین، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت 48 كاتژمێر پێشتر ئەندامان ئاگادار بكرێنەوە و وتیشی، “كێشەكە لە ئێمەوە نییە”.

کوردستان

پەڕلەمانی كوردستان؛ هۆشداری سەڕهەڵدانەوەی داعش دەدات

خەڵك – بەشی هەواڵ
لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەپەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، جموجۆڵەكانی چەكدارانی داعش لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم زیادی كردووە و دەزگا ئەمنییەكانیش وەك پێویست نەیانتوانیوە بەكاری خۆیان هەڵسن لەپێناوپاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتییاندا.

لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەپەڕلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا، كەوێنەیەكی دەست (خەڵك) كەوتووە ڕایگەیاندووە، لەپێناو گەڕانەوەی ئارامی بۆ ئەو ناوچانە پێویستە هەرچی زووە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە، دەزگا ئەمنییەكانی ئەو ناوچانەش لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوانە بكەن و تاوانبارانیش بەسزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەیەنن.

ڕاگەیەندراوی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەپەڕلەمانی كوردستان:

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو جموجۆڵەكانی چەكدارانی داعش لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستاندا زیادی كردووەو دەزگا ئەمنییەكانیش وەك پێویست نەیانتوانیوە بەكاری خۆیان هەڵسن لەپێناو پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتییاندا. ئێمە وەكو لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان بەنیگەرانییەكی قووڵەوە لەو ڕووداوانە دەڕوانین و پرسەو سەرەخۆشیی خۆشمان ئاراستەی كەس و كاری ئەو شەهیدانە دەكەین كە بوونە قوربانیی دەستی ئەم گرووپە تیرۆریستانە.
لەپێناو گەڕانەوەی ئارامی بۆ ئەو ناوچانە پێویستە هەرچی زووە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە، دەزگا ئەمنییەكانی ئەو ناوچانەش لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوانە بكەن و تاوانبارانیش بەسزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەیەنن.

لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەپەرلەمان
١٩ی شوباتی ٢٠٢٠

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

لە ڕووداوێكی هاتووچۆدا دوو شۆفێر بریندار بوون

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی كۆیە ڕایدەگەیەنێت، كە بەهۆی ڕووداوێكی هاتووچۆوە لەسەر ڕێگەی كۆیە- هەولێر دوو شۆفێر بریندار بوون.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی كۆیە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كاتژمێر 3ی دوای نیوەڕۆ لەڕێگای كۆیە- ھەولێر ڕووداوێكــی ھاتووچۆ لەنێوان ئۆتۆمبێلــی ئۆپل تەكسی و ئۆتۆمبێل تۆیۆتا یارس ڕوویدا.

ڕاشیگەیاند، كە لەئەنجامی ڕووداوەكە ھەردوو شوفێرەكە بریندار بوون.

ئاشكراشی كردووە، هۆكاری ڕووداوەكە تێپەڕاندنی هەڵە بووە لە شوێنێكی نەدیو، ئەوەش ئەو كارەساتەی ناوەتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

هاوسەرۆكانی یەكێتی جێگریان دەبێت؟
سكرتاریەتێك بۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی دیاری دەكرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سێ كۆبوونەوەی دیكەمان ماوە بۆ كۆتایی هێنان بە پڕۆگرامی یەكێتی، دەشڵێت: “سكرتاریەتێك بۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی هەڵدەبژێرێت، كە لە سەرۆك و جێگر و بڕیاردەر پێكدێت”.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، كاری كۆبوونەوەكان نزیكە لە كۆتایی و پەیڕەو پەسەند كرا و ئێستا سەرقاڵی پڕۆگرامین بۆ یەكێتی و دەستمان كردووە بە هەڵبژاردنی لێپرسراویەتیەكان، كە لە سەرەوە دەستمان پێكردووە.

وتیشی، “جگە لە هاوسەرۆك بۆ یەكێتی، كە دوێنێ‌ هەڵبژێردران، پێنج كارگێڕیان دەبێت و ئەوانیش هەڵبدەبژێردرێن و دواتر پۆستەكانی دیكە هەڵدەبژێردرێن، كە بۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی سكرتاریەتێك دیاری دەكرێت، كە لە سەرۆك و جێگر و بڕیاردەر پێكدێت”.

ڕاشیگەیاند، هەموو كارەكانی كۆبوونەوەكان بە باشی بەڕێوەدەچن و هیچ كێشەیەك نیە و پڕۆگرامەكانی حزب خەریكە لە كۆتایی نزیك دەبنەوە و پێم وایە دوو بۆ سێ كۆبوونەوەی دیكە كارەكانی تەواو دەبێت.

دوێنێ‌ سێ‌ شەممە، ئەنجوومەنی سەركردایەتی بە زۆرینەی ڕەهای دەنگەكانی هەریەك لە لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی وەك هاوسەرۆكی یەكێتی هەڵبژارد، كە جێگریان نابێت، بەڵكو 5 كارگێڕ هەڵدەبژێردرێن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان