ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

مونیرە عەلی عەبدولعزیز: شتێك نییە بەناوی حكومەتی هەرێم ‌و جگە لە یەكێتی و پارتی، لایەنەكانی دیكە دیكۆرن

خەڵك-سەعد مەلا عەبدوڵلا گوڵپی

 

لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ (خەڵك) مونیرە عەلی عەبدولعەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، چەندین ساڵە بزووتنەوە كراوەتە ئامانج و هاوكات باس لەوەش دەكات بە مەرج بەشداری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین.

خەڵك: پەیوەندی نێوان لایەن ئیسلامییەكان چۆنە دەبینن بەتایبەت دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی كوردستان كە ساردییەك لە پەیوەندییەكاندا بەدی دەكرێت؟
مونیرە عەلی: سوپاس بۆ تۆڕی میدیایی خەڵك كە بەردەوام لەبەرەی خەڵكدان و هەوڵ دەدەن ڕاستییەكان بڵاوبكەنەوە، پەیوەندی ئیسلامییەكان پەیوەندی مەبدەئیمان پێكەوە هەیە و خاڵی هاوبەشمان زۆرە پێكەوە، پێشتر زۆر هەوڵماندا كار لەسەر خاڵە هاوبەشەكانی نێوان هەرسێ لامان بكەین و لەگەڵ گروپ و ڕیكخراوەكانی دیكە، بەڵام جیاوازی سیاسیمان هەیە تاكو ئێستا نەمانتوانیوە یەكگوتاری سیاسیمان هەبێت، هەرچەندە ئێمە وەكو بزووتنەوە زۆر هەوڵمانداوە هەرسێ لایەنەكە بگەنە ڕێككەوتن و یەك گوتارمان هەبێت بەهێز و ڕێزلێگیراو بێت، ئەوەی لایەنانە لەناوو ساحەی كوردستان دەنگیان زاڵە كە دەسەڵاتیان هەیە و گەورەن، بۆیە پێویستە لایەن ئیسلامییەكان و حزبە بچوكەكان یەك بگرن بۆ ئەوەی لەبەرانبەر ئەم دەسەڵاتە قسەیەكیان هەبێت و گوێیان لێبگیرێت، بەڵام بەداخەوە ئەو هەوڵانەی ئێمە دامان ئەنجامی ئەوتۆی نەبوو.

” بزووتنەوەی ئیسلامی چەندین ساڵە كراوینەتە ئامانج و لەو بەرە ئیسلامیەشدا دووجار كراینە ئامانج”

خەڵك: هۆكاری شكستی لیستی ئیسلامی چ بوو، دەبوو لەسەرەتا لیستەكە نەكرایە، یان هۆكاری دیكەی لە پشتەوە بوو؟
مونیرە عەلی: لیستە ئیسلامییەكە دەبوایە بكرایە و هەنگاوێكی زۆر باش بوو خەڵكێكی زۆری دڵخۆش كرد، بەڵام لەوەدەچێت بەبەرنامەیەكی داڕێژراو نەبووبێ، گلەییەكیش لەو برایانەی وەكو چاودێر و ڕێكخراوە ئیسلامییەكان كە چاودێر بوون بەسەر پڕۆسەكەوە هەڵوێستیان نەبوو لەو یەكگرتنەی نێوان بزووتنەوە و یەكگرتوو، پشتگیریان لە لیستەكە نەكرد و خۆیان لە پڕۆسەكە دزییەوە، تەنها بە دێڕێك هەڵوێستی خۆیان وت، ئەویش ئەوەیە كە “كۆمەڵی ئیسلامی ئامادە نەبوو لیستی ئیسلامی دروست بكرێت” و دواتر هیچ پشتگیرییەكی لیستەكەشیان نەكرد.
هۆكاری دەرەكیش هەبوون، بەڵنیاییەوە ئەو لایەنانەی دیكە بەهیچ شێوەیەك نایانەوێت دوو حزبی ئیسلامی ڕێكبكەون، ئیسلام ناحەزی زۆرە و ناحەزان كاریان لەسەر ئەوە كردووە و بەردەوام نەخشەیان داڕشتووە بۆ پەرتەوازەكردنی ئیسلامییەكان و سەركەوتووش بوون لەو هەنگاوەیاندا، بەڵام وەكو ئەوەی بڵێین لیستی ئیسلامی شكستی هێناوە، شكست لە پڕۆسەیەكی تەندروستدا دیاری دەكرێت، ئەو هەڵبژاردنانەی لە هەرێم و بەغدا بەڕێوەدەچێت، پڕۆسەیەكی ناتەندروست و شەفاف نییە و پڕە لە ساختەكاری و بەهەموو شێوەیەك دەسەڵات دەستی هەیە لە ناوەندەكانی دەنگدان، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان سەربەخۆ نییە، لەبەرئەوە ناتوانین پێی بڵێین شكست، كەس نازانێت دەنگەكان بەرەو كوێ دەڕوات؟ پێشمانوایە دەنگێكی زۆرمان هێناوە بەتایبەت بزووتنەوە لە هەردوو هەڵبژاردنەكان دەنگی خۆمانمان هێناوە، بەڵام ئەو ساختەكارییەی كراوە لەبەرانبەرمان بەو شێوەیە دەرچوو، جگە لەوەش بزووتنەوەی ئیسلامی چەندین ساڵە كراوینەتە ئامانج و لەو بەرە ئیسلامیەشدا دووجار كراینە ئامانج.

“لەناو بزووتنەوەی ئیسلامی، كەسانێك هەن بڕوایان بە هەڵبژاردن نییە، لەوانەیە بزووتنەوە بچێتە شاخ چەند هەزار كەسێك لەگەڵی بڕوات، بەڵام بۆ حكومەت لەگەڵی نییە، پێیوایە حەرام و گوناحە”

خەڵك: لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرێك لە هاووڵاتی كە باوەڕدارن، بەڵام دەنگ بە ئیسلامییەكان نادەن و لەبەرانبەردا دەنگ بە عەلمانیەكان دەدەن، ئایا ئەمە كەمتەرخەمی ئیسلامییەكانە لە هەڵە نیشاندانی ڕووی جوانی ئیسلام یاخود هەڵەتێگەیشتنی ئەو كەسانەیە؟
مونیرە عەلی: هەردوو هۆكارەكە هەیە، بەتایبەت لەناو بزووتنەوەی ئیسلامی، كەسانێك هەن بڕوایان بە هەڵبژاردن نییە، لەوانەیە بزووتنەوە بچێتە شاخ چەند هەزار كەسێك لەگەڵی بڕوات، بەڵام بۆ حكومەت لەگەڵی نییە، پێیوایە حەرام و گوناحە، بزووتنەوە بەداخەوە هەر لە سەرەتاوە نەیتوانیوە فیكرێكی یەكگرتوو لەناو حزبەكەی دروست بكات و بەردەوام جیاوازی فیكری لەنێو حزبەكەیدا هەیە، ئەو ئازادییە فیكرییەشی كە هەیە، لە هیچ حزبێكی دیكەدا نییە، ئەمە وایكردووە زۆربەی ئەندامەكانی بزووتنەوە دەنگ نادەن، یاخود كە دەیبینن پڕۆسەكە پڕ لە ساختەكارییە بۆ جاری دوووەم ناڕوات بۆ دەنگدان، چونكە متمانەی بە دەنگدانەكە نییە، لەبەرئەوە خەڵك سارد بوەتەوە، جگە لەوەش بەداخەوە، ئاڕاستە سەلەفییەكان زۆر كاریگەرییان هەیە لەسەر ئیسلامییەكان و نەیانتوانیوە تاكو ئێستا پشتگیری لەو لایەنە ئیسلامییە بكەن یان لەو بەرنامە ئیسلامییەی هەیانە بۆ ئەوەی ببێتە حاكم، هەمیشە بە ئاڕاستەی پێچەوانەوە دەڕۆن و بەپێچەوانەی هێزە ئیسلامییەكان هەنگاو دەنێن.

“شتێك نییە بەناوی حكومەتی هەرێم، ئەوەی هەیە دەسەڵاتی ئەو دوو حزبەیە، دەبینیت لە دەرەوەش مامەڵە لەگەڵ ئەو حزبانە دەكرێت، كاك مەسعود سەرۆكی هەرێمیش نییە، بەڵام لە وڵاتان وەكو سەرۆكێك پێشوازی لێدەكرێت”

خەڵك: حكومەتی هەرێم بەهۆی ڕێككەوتنی لایەنەكانەوە زۆر دواكەوت، لەكاتێكدا هەرێم و ناوچەكە لەژێر مەترسیدایە، بۆچوونی ئێوە وەكو بزوووتنەوە چۆنە؟
مونیرە عەلی: وای بۆدەچم شتێك نییە بەناوی حكومەتی هەرێم، ئەوەی هەیە دەسەڵاتی ئەو دوو حزبەیە، دەبینیت لە دەرەوەش مامەڵە لەگەڵ ئەو حزبانە دەكرێت كە دەسەڵاتیان هەیە، كاك مەسعود سەرۆكی هەرێمیش نییە، بەڵام لە وڵاتان وەكو سەرۆكێك پێشوازی لێدەكرێت، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە هەرێمی كوردستان هەرێمێكی دامەزراوەیی نییە، تاكو لەڕێگای دەزگاكان پەیوەندی نێوخۆیی و دەرەكی دروست بكات.
هەرێم دەسەڵاتی ئەو دوو حزبەیە، پێشتر ئەو لایەن و كەسانەش چۆن مامەڵەیان لەگەڵ كردوون ئێستاش بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن، ئێستاش ئەو حكومەتە كە دروست نەكراوە كاریگەری لەسەر خەڵك هەیە، دەبوو زۆر زووتر ئەو كابینەیە ڕابگەیەنرایە، بەداخەوە لە هەرێم پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن دوای چەند مانگێك لە نیوەشەودا ئەنجامەكەی ڕادەگەیەنرێت و دوای چەندین مانگی دیكەش ئەوكات حكومەت پێكدەهێنرێت كە تا ئێستا لایەنەكان ڕێكنەكەوتوون، داوایان لێدەكەین پەلە بكەن لە دروستكردنی.
لایەن و وڵاتانی دەرەوەش مامەڵە لەگەڵ یەكێتی و پارتی دەكەن وەكو حكومەتی هەرێم هیچ پەیوەندییەك لەگەڵ وڵاتان نییە، ئەوەی هەیە ئەو دوو دەسەڵاتەیە و وڵاتانی دەرەوەش ئیعترافیان كردووە وەكو دوو هێز لە هەرێم دەڕوانن و سەردانەكانیان زیاتر لەگەڵ ئەو دوو هێزەیە.

خەڵك: بۆچی لایەنەكانی دیكە دەچنە نێو حكومەتەوە؟
مونیرە عەلی: هەر وەكو دیكۆر ڕۆیشتوون، چەند ساڵە كە پێشتر و ئێستاش دەڕۆن زیاتر دەوری دیكۆریان بینیوە، خۆیان پێیان وایە بۆ خزمەتكردنی خەڵك دەڕۆن، حكومەتی هەرێم كاریگەری لەسەر خەڵك هەیە، بەڵام وەكو پەیوەنییەكانی لەگەڵ دەرەوە هیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆی نییە، چونكە حكومەت دامەزراوەیی نییە، بەڵكو ئەو دوو حزبەیە قسە دەكەن، پەیوەندی دروست دەكەن، دەیپچڕێنن، نەوت دەفرۆشن، ئەوانە هیچ پەیوەندییەكی بە پەڕلەمان و حكومەتەوە نییە و تەنها تەعبیرە لەو دوو دەسەڵاتەی كە هەیە.

“بەرژەوەندی خەڵك بەردەوام دروشمێكی درۆینەی بریقەدارە كە هەموو لایەنەكان بەكاریدەهێنن، لەكاتی گفتوگۆكانیشیاندا ئەوەی بە خەیاڵایاندا نایەت و ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆكان باسی لێوە ناكرێت بەرژەوەندی خەڵكە”

خەڵك: لایەنەكان باس لەوە دەكەن لەبەر بەرژەوەندی خەڵك پێكهێنانی حكومەت دواخراوە، پێتوایە ئەمە بەرژەوەندی خەڵكە یان حزب؟
مونیرە عەلی: بەرژەوەندی خەڵك بەردەوام دروشمێكی درۆینەی بریقەدارە كە هەموو لایەنەكان بەكاریدەهێنن، لەكاتی گفتوگۆكانیشیاندا ئەوەی بە خەیاڵایاندا نایەت ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆكان باسی لێوە ناكرێت بەرژەوەندی خەڵكە، ئەوەی ئێستا هەیە بەرژەوەندی حزبەكانە و پچڕینی ئیمتیازاتە، ئێمە پێشتریش بینیمان ئەو حزبانەی ئۆپۆزسیۆن بوون زۆر خۆیان بە دۆستی خەڵك دەزانی لەكاتی گفتوگۆكانیشدا بۆ كابینەی پێشوو هەر ئەوان بوون پۆست و ئیمتیازاتیان زیاد كرد، ئەمانە هەموو زیاد كرا لەپێناو بەرژەوەندی حزبەكانیاندا بووە و هیچ پەیوەندییەكی بە بەرژەوەندی خەڵكەوە نەبوەو نییە.

خەڵك: پێتوایە حكومەتی داهاتوو بێتە حكومەتی هاووڵاتی؟
مونیرە عەلی: ئەوە جارێ قورسە، تاكو ئەو دوو حزبە ئەو دەسەڵاتە ڕەهایەیان هەبێت، ناتوانیت بڵێیت حكومەتی هاووڵاتی، بەڵام جیاوازییەكیش دەبێت، گۆڕینی سەرۆكی كابینەكە پێموایە جیاوازییەكی دەبێت و ئەمجارەش ئەو قەیرانانەی پێشتر هەبووە چارەسەر بكرێت و لەمەودوا ئەو دیوارە ناشرینەی لەنێوان خەڵك و حكومەتدا هەبوو، بڕوخێنرێت و خەڵك حكومەت بە هیچ خۆی بزانێت نەك ئەو دوو حزبە.

خەڵك: پارتی چەند جارێك داوای كردووە بزووتنەوە بەشداری حكومەت بكات؟
مونیرە عەلی: تاكو ئێستا پارتی بە ڕەسمی داوایان لێنەكردووین بەشداری حكومەت بكەین، ئەوەی هەیە لە یەكەم سەردانیاندا ئەو پەیوەندیانەی هەمانبووە نەپچڕاوە و لە پێشتریش چەندین دیدارمان لەسەر ئاستی باڵا هەبووە، لە هەموو پەیوەندیەكاندا تەئكید لەوە كراوەتەوە بە حسابی كورسی مامەڵە لەگەڵ بزووتنەوە ناكەن، چونكە قورسایی و خەباتی خۆی هەیە و ئەوەیان لەبەرچاو گرتووە.

“پێشتر لە كابینەیەكدا وەزیری ئەوقافمان بەدەست بووە دەسەڵاتی دانانی مجێورێكی نەبووە، لەبەرئەوە ئەو حزبەی بەشداری لە حكومەت دەكات تەنها كەسێك سوودی لێ دەكات”

خەڵك: هەڵوێستی ئێوە چی بوو؟
مونیرە عەلی: داوامان لێكردوون بە زووترین كات كابینەكە پێكبهێنن ئەگەر ئێمەشی تێدا نەبین، بەڵام هەوڵ بدەن ئەو قەیرانانەی هەیە چارەسەر بكرێن و داواكارییەكانی خەڵك جێبەجێ بكرێن گرنگ نییە بەشداری بكەین یان نا، چونكە پێشتر لە كابینەیەكدا ئەزمونمان هەیە و بەشداریمان كردووە و ڕەمزی بووە، تەنانەت وەزیری ئەوقافمان بەدەست بووە دەسەڵاتی دانانی مجێورێكی نەبووە، لەبەرئەوە ئەو حزبەی بەشداری لە حكومەت دەكات تەنها كەسێك سوودی لێ دەكات و حزبەكەی سوودی لێنابینێت، لەبەرئەوەی دەسەڵاتی نەبووە، ئەگەر بشچینە حكومەت وەكو ئەو دەنگۆیەی هەیە وەزارەتی ئەوقافمان پێبدرێت پێویستە وەكو پێشتر نەبێت و كۆمەڵێك داواكاریمان هەیە، بۆمان جێبەجێ بكرێت لەوانە دەسەڵات بدرێت بە وەزیریەكە، یان چەند پۆستێكی تریش بێت و تەنها وەزیرێكی ڕەسمی نەبێت.

خەڵك: ئەگەر پارتی مەرجەكانتان جێبەجێ نەكات بەشداری حكومەت دەكات؟
مونیرە عەلی: تا ئێستا باس لە بەشداریكردن و بەشدارینەكردن نەكراوە، نە ئەوان بە ڕەسمی بە ئێمەیان وتووە و نە ئێمەش وەڵامان داونەتەوە، بەڵام ئەگەر بكرێت واباشترە.

“ئەوەی تا ئێستا خۆمانمان پێڕاگرتووە ئەو “قەرزولحەسەنە”و ئابوونەیە كە لە ئەندامانی وەردەگرین و هیچ سەرچاوەیەكی دارایمان نییە”

خەڵك: لەماوەی ڕابردوودا بزووتنەوە كۆمەڵێك جموجوڵی سیاسی دەست پێكرد، هۆكارەكەی چی بوو دەتانەوێ چی بكەن؟
مونیرە عەلی: بزووتنەوە لە ئاستی ناوخۆیی لاواز بووە، بەڵام لە ئاستی دەرەوە بەهێزە و لە پەیوەندییە دەرەكییەكاندا بزووتنەوە قورسایی خۆی هەیە و ئەو سەردانانەی ئێمەش لەسەر بانگهێشتێكی فەڕمی سەرۆك كۆماری عیراق بوو بۆ بەغدا و لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكانیش كۆبوونەتەوە و پەیوەندییەكانی بزووتنەوە لەگەڵ ئەو لایەنانە نوێ كراونەتەوە، هەروەها لەنێوخۆشدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆبووینەتەوە و پەیوەندییەكانمان باشە.
قەیرانێك بەرۆكی خەڵك و حزبەكانی گرتووە، بەتایبەت ئەو قەیرانە لەسەر بزووتنەوە زۆر قورسە كە حزبێكە 6 ساڵە دینارێكی لە هیچ حكومەت و وڵاتێك بەدەست نەگەیشتووە ئەوەی تا ئێستا خۆمانمان پێڕاگرتووە ئەو “قەرزولحەسەنە”و ئابوونەیە كە لە ئەندامانی وەردەگرین و هیچ سەرچاوەیەكی دارایمان نییە.

خەڵك: لە عیراق هەوڵتان نەداوە پۆستێك لە حكومەتی عیراق بەدەستبهێن؟
مونیرە عەلی: ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە و ئەمریكا پشتگیری لەوە دەكات هێزە سونییەكان خۆیان دەرخەن و بەشداری لە حكومەت بكەن، بۆ ئەمەش هەوڵێك هەیە كە بزووتنەوە بەشداری بكات، بەڵام ئەم سەردانانەی ئەمجارە زیاتر بۆ ئەوە بووە پەیوەندییە سیاسییەكانی بەهێز بكات.

“لە ئێستادا هەوڵێك هەیە بۆ “یارییەك” ئەمریكا هێزە سونیییەكان بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی لە كابینەی داهاتوودا بەشداری بكەن لە حكومەت”

خەڵك: پشتگیری ئەمریكا لەلایەنە سونییەكان، مەترسییەكەو ڕوو لە ناوچەكە دەكات یان شتێكی باشە؟
مونیرە عەلی: بەداخەوە ئەمریكا یارییەكی زۆر قێزەون دەكات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە عیراق، پۆلبریمەر لە یاداشتەكەیدا دەڵێَت ئێمە عیراقمان داگیركرد و بە ویستی خۆمان تەسلیمی ئێرانمان كرد، ئەمەش وایكرد دەرگای بەشداریكردن بۆ هێزە سونییەكان دابخرێت و پەرتەوازەش بوون، تەنانەت ڕابەری گشتی لە گەشتەكەیدا بۆ بەغدا وتی، یەك سەركردەی سونی لە بەغدا نەبوون تاكو لەگەڵیان دابنیشین و هەموویان عیراقیان جێهێشتووە، ئەمەش وایكردووە هێزە سونییەكان لە عیراق هەست بە ئاسایش ناكەن و لە پڕۆسەی سیاسی كشاونەتەوە، بەڵام لە ئێستادا هەوڵێك هەیە بۆ “یارییەك” ئەمریكا ئەو هێزە سونیانە بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی لە كابینەی داهاتوودا بەشداری بكەن لە حكومەت، تائێستا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و ئێستاش بە ڕەسمی سعودیە باڵیۆزی خۆی لە بەغدا كردوەتەوە، ئەمەش لەوانەیە كاریگەری باش و خراپی خۆی هەبێت.

“هیچ ئیعترافێك بە هێڵی گۆڕانكاری ناكەین”

خەڵك: ماوەیەك لەمەوپێش شەش ئەندامی سەركردایەتی دەستیانلەكاركێشایەوە، چارەنووسی ئەو كەسانە لە بزووتنەوە بەكوێ گەیشتووە؟
مونیرە عەلی: ئەوانە برا و هاوكاری ئێمە بوون، بزووتنەوە ئەو قەیرانە داراییەی هەیەتی كەم كەس هەیە تەحەمولی ئەو دۆخە بكات، بەبێ پارە و بودجە بجوڵێت و كار بكات، بەتایبەتی كەسانێك كە بەرپرسیارێتیشان هەبێت، لەبەرئەوە هەندێك كەس تەحەمولی ئەو دۆخە ناكەن، بەڵام ئەو كەسانەی دەستیان لەكاركێشاوەتەوە وەك خۆیان ئاماژەی بۆدەكەن لە پۆستەكانیان دەستیان لەكاركێشاوەتەوە نەك لە حزب، ئێمەش بە نێوەندگیری و چاودێری لیژنەی باڵای فەتوای بزووتنەوە لەگەڵیان دانیشتووین و قسەمان لەگەڵ كردوون، بڕیاریانداوە بزووتنەوەن، بەڵام ئەندامی سەركردایەتی نین و گفتوگۆش لەگەڵیان بەردەوامە.

خەڵك: ئەوان هیڵی گۆڕانكارییان دروست كردووە؟
مونیرە عەلی: ئێمە هیچ ئیعترافێك بەو هیڵە ناكەین، بەداخەوە ئەوان خۆشیان نازانن چییان دەوێت، لەلایەك دەڵێن با كار بە پەیڕەوو پڕۆگرام بكرێت كە لەو پەیڕەوەدا بەهیچ شێوەیەك ڕێگا بە كوتلە و كوتلەكاری نادات، وەكو هێڵ مامەڵەیان لەگەڵ ناكەین، بەڵكو ئێمە بەپێی پەیڕەو و وەكو تاك قسەیان لەگەڵ دەكەین.

چاوپێکەوتن

(خەڵك) دیمانەیەكی بڵاونەكراوەی ڕۆژنامەوانێكی عەرەب لەگەڵ نەوشیروان مستەفا بڵاودەكاتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
بۆیەكەمجار (خەڵك) لە زاری عەلی ناجی، ڕۆژنامەنووسی عیراقی، دیمانەیەكی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، ڕێكخەری گشتی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان بڵاودەكاتەوە، كە تایبەتە بە هەندێك پرسی پەیوەست بە قۆناغە مێژووییەكانی عیراق و كوردستان و سیاسەتی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، كە لەلایەن كەسی نەوشیروان مستەفاوە لە ساڵی 2009 دامەزرا و هەر لەو ساڵەدا لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستاندا توانی ببێتە خاوەنی 25 كورسی پەڕلەمانی و پێگەیەكی گەورە لە گۆڕەپانی سیاسەتی هەرێمی كوردستان بۆخۆی دیاری بكات.

دەقی دیمانەكە وەك ڕۆژنامەنوسە عیراقییەكە خۆی بۆ (خەڵك)ی باس دەكات:
لە ساڵی 2012 چاوم بە نەوشیروان مستەفا، دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان كەوت لە ماڵە سادە و ساكارەكەی، كە جلێكی مەیلەو شینی لەبەردابوو.

لە هۆڵی دانیشتنی ماڵەكەی زۆر بە گەرمییەوە پێشوازی لێكردم، جگە لەئێمە، كە من لەگەڵ هاوڕێم كاك نەژاد ڕۆیشتبووم، دوو كەسی تری كورد، كە لە سایتی (سبەی) كاریان دەكرد لەگەڵمان دانیشتبوون، ئەو لە تەنیشت خۆیەوە داینیشاندم و دوای كەمتر لە 10 خولەك دوو كەسەكە چوونە دەرەوە، پاشان ئاخاوتنمان بە زمانی عەرەبی دەستپێكرد.

نەوشیروان مستەفا وتی: بەخێر ببێیت بۆ سلێمانی و ئەم گەڕەكەی، كە تێدایت لەئێستاوە هەر بە ناوی تۆوەیە، كە عەلی ناجییە و ناوی شاعیرێكی كوردە.

من ناوبانگی تۆم لە سەردار عەبدوڵڵا، پەڕلەمانتاری بزوتنەوەكە بیستووە، كە كەسێكی گەلی كوردت خۆش دەوێت و بایەخ بە دۆزی كورد دەدەیت “ئەو چاوپێكەوتنەكەی بۆ ڕێكخستم”.

سوپاسم كرد بۆ قسەكانی و بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێكردم، دوای ئەوەی چایان بۆ هێناین، قسەكانمان لەبارەی دەستوری عیراقییەوە دەستپێكرد، نەوشیروان مستەفا وتی: من و مام جەلال و كاك مەسعود و كاك ڕۆژ نوری شاوەیس، وەك نوێنەری كورد دانوستانمان كرد بۆ دانانی دەستورێكی عیراقی، كە دەستورێكی باشە و خزمەت بە گەلی كورد دەكات.
بەردەوام بووین لە دانوستان و ئەو دانوستانەش زۆری خایاند، تا ئەو كاتەی شیعە و سوننەمان بە خواستی خۆمان لە دەستوردا ڕازیی كرد.

دوای ئەوەی هاتە سەر باسی ئەو حزبە سەرەكییانەی، كە حوكمڕانی عیراقیان كردووە، لەوانەش حزبی دەعوە، ئەو وتی: ئەو حزبە تەقلیدی هیچ مەرجەعێكی شیعە ناكاتەوە. من وەك عەلی ناجی تووشی شۆك بووم، كە چۆن كاك نەوشیروان ئەو زانیارییە دەزانێت، پرسیارم لێكرد لەكوێوە ئەو زانیارییە دەزانیت، لەكاتێكدا تۆ شیعە نیت.

نەوشیروان مستەفا وتی: حزبی دەعوە و ئەندام و سەركردەكانی بە باشی دەناسین (مەبەستی مالكی و عەبادی و ئیبراهم جەعفەری بوو)، ئەوان شوێنكەوتەی حسێن فەزلوڵڵان (مەرجەعی شیعەی لوبنانی) و تەقلیدی هیچ مەرجەعێك ناكەنەوە بە عەلی سیستانیشەوە.

دوای ئەوەی لەبارەی كەركوكەوە پرسیارم لێكرد، ئەو وتی: چارەسەرەكەی لەڕێی دەستوری عیراق و جێبەجێكردنی دەستور و بڕگەكانی پەیوەست بە كەركوک، كێشەكانی چارەسەر دەكات.

پاشان گفتوگۆمان لەبارەی ئەمریكاییەكان و ڕۆڵیان لە عیراقدا كرد، ئەو وتی: ئەمریكا تاكە لایەنی بەهێز نییە لە عیراق، بەهێزترینیش نابێت لە جیهاندا، چونكە لەئێستادا دەوڵەتی بەهێزی هاوشێوە سەریانهەڵداوە.

وتم ڕێگەم بدە بوێربم و هەندێك پرسیاری بوێرانەت لێبكەم، كە لێرەدا دەكرێت میواندارییەكەت بقۆزمەوە و دەشزانم میوان پێگەیەكی گەورەی هەیە لای ئێوە و ڕێزی زۆری لێدەگرن.

كاک نەوشیروان بە پێكەنیوە وتی، پرسیار بكە، پێم وت، بۆچی بە دەستێكی ئاسنین گۆڕان بەدەستەوە ناگریت، لە هەمان كاتدا ئێوە لە سێبەردان و بە دەگمەن لە میدیاكاندا دەردەكەون؟ لەو دەمەدا جگەرەی دەكێشا و جگەرەیەكی داگیرساند و بە توندی دووكەڵەكەی هەڵمژی و وەڵامی دەستی ئاسنینی بۆ بزوتنەوەكە پشتگوێ‌ خست و منیش حەزم نەكرد بێزاری بكەم، بۆیە وتی: نامەوێت لە میدیاكاندا وەك هەندێك لە سیاسەتوانان زۆربڵێ‌ بم.

پێم وت، تۆ بەشێكیت لە دروستكردنی بڕیار لە كوردستانی عیراق، بەڵام خواستی گەلەكەت بەجێنەگەیاندووە.
نەوشیروان مستەفا وتی: “كە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەرچووم، دەستبەرداری پۆستەكان بووم بۆ بەدیهێنانی ئایندەیەكی باشتر بۆ كوردستان و گەلەكەی”. لەو دەمەدا باسی لە گرنگی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن و ئەو ئامانجانە كرد، كە دەكرێت بیانهێنێتەدی.

بەر لە تەواوبوونی چاوپێكەوتنەكە، كە زیاتر لە كاتژمێرێكی خایاند، پرسیارم لەبارەی شەڕی پشت ئاشانەوە لێكرد، نەوشیروان مستەفا لە دوای كێشانی جگەرەیەك وتی: “ڕاگەیاندنی شیوعی بەهێز بوو، ئێستاش هەر بەهێزە”.

لەكاتی ماڵئاوییدا، لە بەردەم دەرگای هۆڵەكە پێی وتم: دەرگامان كراوەیە بۆت كاك عەلی و پێشوازی لە بوێری و بایەخت دەكەین، هەر كاتێك دێیت بەخێر بێیت.

من وەك عەلی ناجی، كە توێژەرم لە كاروباری كوردی، هیواخوازم كوڕەكانی كاك نەوشیروان مستەفا و ئەوانەی هەڵسورێنەری بزوتنەوەی گۆڕانن، كتێبی “پەنجەكان یەكتری دەشكێنن” كە بە زمانی كوردی نووسراوە، بۆسەر زمانەكانی تر وەربگێڕن، لەوانەش زمانی عەرەبی، چونكە شایتحاڵێكی گرنگی گەلی كوردە لەو قۆناغە مێژووییەدا.

عەلی ناجی لەدایكبووی 1987، ڕۆژنامەنووسێكی عیراقییە و ئێستا لە پاریس نیشتەجێیە، توێژەرە لە  كاروباری كورددا و كتێبێكی لەبارەی پارتی كرێكارانی كوردستان (pkk ) بڵاوكردۆتەوە بە ناونیشانی “ئەو چەكانەی بۆ ئاشتین” كە بە دوو چاپ لە كتیبخانەكاندا دەستدەكەوێت.
كتێبێكی تریشی هەیە، كە لە قۆناغی هاتنەبەردایە لەبارەی كوردی ئێران بە ناوی “ئەو چیایانەی گوللـە ماندووی كردوون”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

خانمە كاندیدێكی كورد بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی نەرویج بۆ (خەڵك) دەدوێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

خانمێكی كورد، كە دانیشتووی وڵاتی نەرویجە، لە سەر داوای پارتێكی ئەو وڵاتە كاندیدە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی “شاری فریدركستاد”.

ڤیان حەمەلاو، خانمە كوردێكی شاری سلیمانییە، لە ساڵی 2002 چۆتە دەرەوەی وڵات و لە نەرویج نیشتەجێ‌ بووە، لە ئێستادا ئەم خانمە لەسەر داوای پارتی چەپی سۆسیالیستی دیموكرات خوازەكانی نەرویج، كاندیدی ژمارە 7 ە، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان و وەك نوێنەری شاری فریدركستاد دەست نیشان كراوە.

 

لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ (تۆڕی میدیایی خەڵك)، ڤیان ئەحمەد سەید حەمەلاو تیشكی خستە سەر ژیانی و وتی: ناوم ڤیان ئەحمەد سەید حەمەلاوە بە ڤیان حەمەلاو ناسراوم، لە ساڵی 1976 لە دایك بووم، خاوەن بڕوانامەی دبلۆمم بەر لە هاتنم بۆ نەرویج سەرقاڵی كاری مامۆستایی بووم، لە ساڵی 2002 هەرێمی كوردستانم بەرەو وڵاتی نەرویج بەجێ هێشتووە، بە گەیشتنم بە دەرەوەی وڵات، بڕوانامەی شارەزایی و پەروەردەیی و كاركردنم لەگەڵ منداڵ و لاوان بەدەست هێناوە.

سەبارەت بە خۆگونجاندن لەگەڵ كەلتور و داب و زمانێكی دیكە، ڤیان دەڵێت”كا تێك هاتمە وڵاتی نەرویج هیچ شارەزاییەكم لە زمان و فەرهەنگی نەرویجی و نرخی مرۆڤایەتی نەبوو، بەڵام بەشێوەیەكی خێرا هەموو شتێك پێچەوانە بووە وە،هەماهەنگی لە نێوان كەلتوری كورد و نەرویجی وای لە من كرد، بە زوویی شارەزایی زمان پەیدا بكەم و لە بواری سیاسی كاربكەم، بۆ لە سیاسەتیشدا، چونكە من لە خانەوادەیەكی خەباتگێڕ لە دایك بووم هەڵبەت دەبێت ئەم هۆكارەش كاریگەری هەبووبێت كە وا لە وڵاتێكی ئەوروپایی تێكەڵ بە كاری سیاسی بوومەتەوە”.

ڤیان حەمەلاو، لەسەر داوای پارتی چەپی سۆسیالیستی دیموكرات خوازەكانی نەرویج، ئێستا كاندیدی ژمارە 7 ە، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان وەك نوێنەری شاری فریدركستاد، ئەو دەڵێت لێرە كاری حزبی بەراورد بە هەرێمی كوردستان جیاوازە، هەموو هەوڵێك بۆ خزمەتكردنە، ئەوەش كە تێكەڵ بە كاری سیاسی و حزبی دەبێت پێویستی بە خۆ لێڕابینینە چونكە لێرە خزمەتكردن ڕۆڵ دەبینێت.

بە پێی وتەكانی ڤیان، لە نەرویج، كوردەكان هۆگرییان بۆ پارتی كرێكاران هەیە، بەڵام ڤیان پێچەوانەی خواستی بەشێك لە ڕەوەندی كوردی دەڵێت، پارتی چەپی سۆسیالیستی دیموكرات خوازەكانی نەرویج، یەكێك لە پارتە هاوخەم و دڵسۆزەكانی قەزییەی كوردییە، بە وتەی ڤیان، لە سەردەمی پەلاماردانی داعش بۆ باشوور و ڕۆژئاوا و دواتریش لە میانی پەلاماردانی توركیا بۆ عەفرین و ناوچەكانی ڕۆژئاوا، كاتێك وەك كوردێك ئەم باسەم لا وروژاندوون، بە هەوڵی ئێمە و بەشێكی زۆر لە ئەندامانی پارت، نوێنەری پارتی چەپی سۆسیالیست، لە پارلەمان داكۆكی سەختی لە قەزییەی كوردی كردووە، تەنانەت لە زۆر بابەتی دیكەی پەیوەست بە دۆخی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستان قسەمان هەبووە لەگەڵ بەرپرسان و كاربەرێكەرانی نەرویجی گەنگەشەی بارودۆخەكانمان كردووە، پارتی چەپی سۆسیالیستی نەرویجیش لەگەڵ ئەوەیە كە كورد خاوەن كیانی خۆی بێت.

ڤیان لە ئێستادا، كاری ڕۆژانەی لە باخچەی ساوایانە، ئەو دەڵێت: بە لەبەرچاوگرتنی شارەزایم لە بواری پەروەردەیی، تا كاری باشتر بكەم بۆ یارمەتیدانی منداڵ و گەنج بۆ ئەوەی لە كەشێكی ئارام و ئابوریەكی جێگر و تەندروستیەكی باشتردا گەورە ببن، خزمەت دەكەم، تێكەڵی و هەماهەنگیشم لەگەڵ هاوڵاتیانی نەرویجی و نەتەوەكانی دیكە زۆر باشە، هەوڵ و ماندوو بوون و خەمخۆریم بۆ كارەكەم ئەوەی لێ‌ دەخوێنمەوە كە جێی متمانەی هاوڵاتیانی نەرویجی و غەیرە نەرویجییەكانی شارەكەم بم تا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا سەركەوتوو بم و لە نێوان وڵاتی دایك و وڵاتی نیشتەجێمدا ببمە هۆیەك بۆ لێك نزیكبوونەوەی زیاتری كەلتور و خەم و كۆژانەكانمان و پردی پەیوەندی نێوان كورد و نەرویج بم، دیموكراتی بۆ هەمووان گرنگە، من هیواخوازم لە ڕێگای پارتی چەپی سۆسیالیستی نەرویج باشتر بتوانین بە ناوی مرۆڤایەتیەوا پەیوەندی لەگەڵ یەكتر بكەین.

سەبارەت بە دەسپێكردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و ڕێوشوێنەكانی بانگەشە كردن، ئەو خانمە كوردە دەڵێت: بانگەشەی هەڵبژاردن بە پێی یاسا ڕێكخراوە و ناتوانیت لە بەند و مەرجە یاساییەكان لابدەیت، وەك خانمێكیش كە خۆم كاندید كردووە لەوە ناترسم نازناوێكی خراپ یان تۆمەتێك یان كارێكی نەشیاوم بەرامبەر بكرێت ئێرە زۆر پێچەوانەی هەرێمی كوردستانە بە داخەوە دەیڵێم دەبینین لای خۆمان چی ناوەناتۆرە و بانگەشەی خراپ شوێن كەسەكان دەخرێت، كە پشت بەخوا ئێمەش دەبێت ببینە دەوڵەت و بەو دۆخە بگەین كە لە نەرویج دەگوزەرێت، لێرە كاندیدەكان پێشوەختە دەبێت خول ببینن، تا كۆتایی هەڵمەتی بانگەشە كاندید دەبێت سێ‌ خول ببینێت، ناتوانیت بۆ هەموو جێگەیەك و هەموو شوێنێك بچیت و بێ‌ ئاگاداركردنەوە بانگەشە بكەیت، ماوەیەكە هەڵمەتەكان دەستیان پێكردووە و لە ڕێگەی دانانی مەوعید سەردانی شوێن و جێگەكان دەكەین و ئامانج و بەرنامەمان بۆ خەڵك ڕوون دەكەینەوە، ئەولەویەتیش بۆ ڕێز گرتنە لە بەرامبەر و ڕەچاوكردنی مافی ئەوی دییە، چونكە ئێستا 9 پارت لە نەرویج، بە پارتی ئاینی و نەتەوەیی و چەپ و ڕاست ڕەو لە كێبڕكێداین بۆ بردنەوە.

كاندیدە كوردەكەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی نەرویج، پێی وایە، پارتی چەپی سۆسیالیست، یەكێك لەو پارتانەیە كە داوای ئەوەی لە بەرپرسانی وڵاتی نەرویج كردووە كە هەر كەسێك بە كورد و غەیرە كورد كاتێك پەنا بۆ نەرویج دەهێنێت دەبێت پەنا بدرێت و وەك مرۆڤێك مافی هەبێت.

بڕیارە 19-9-2019 هاوڵاتیانی نەرویجی بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و نوێنەری خۆیان بۆ شارەوانییەكان دیاری بكەن.
نەرویج یەكێكە لە وڵاتە ئەوروپییە سكاندیناڤییەكان، سنووری ھەیە لەگەڵ ھەریەك لە سوید، فینلاند، ڕووسیا، سنووری دەریایی لەگەڵ ھەریەك لە وڵاتانی دانمارك و بریتانیادا ھەیە.

نەرویج بە باشترین وڵات دادەنرێ لە ڕووی بژێوی ژیان.

ئەمانەی خوارەوە گەورەترین شارەكانی نەرویجن بە پێی سەرژمێری ساڵی 2014
ئۆسلۆ (نزیكەی 634000 كەس)
بێرگێن (نزیكەی 272000 كەس)
ترۆندهەیم (182000 كەس)
ستاڤانگێر (نزیكەی 130000 كەس)
كریستیانساند (نزیكەی 86000 كەس)
فریدریكستاد (نزیكەی 78000كەس)
ترۆمسۆ (نزیكەی 72000 كەس)
ساندنێس (نزیكەی 72000 كەس)
دراممێن (نزیكەی 66000 كەس)
سارپسبۆرگ (نزیكەی 54000 كەس)

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

“واشنتن دەوێت عیراق نغرۆی جەنگێكی نوێ‌ بكات”
سادیقون هەڵوێستی خۆی بۆ (خەڵك) لەبارەی سزاكانی سەر ئێران ئاشكرا دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەعد شاكر عەزیز، پەڕلەمانتاری فراكسیۆنی (سادیقون) كە لەلایەن قەیس خەزعەلی، سەرۆكی بزوتنەوەی ئەهلی حەقەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ (خەڵك) باس لە ژمارەیەك پرسی نێو گۆڕەپانی سیاسی ئێستای عیراق دەكات و هەڵوێستی فراكسیۆن و بزوتنەوەكەیان لەبارەی ڕەوشی سیاسی وڵات و تەنگژەكانی ئێستای ناوچەكە دەخاتەڕوو.

خەڵك: لەئێستادا باس لە بوونی بەعسییەكان دەكرێت لە ناوەندە دیپلۆماسییەكانی دەوڵەت و لەلایەن چەند پەڕلەمانتارێكی عیراقییەوە ئەو پەرسە دەوروژێنرێت، ئێوە لە فراكسیۆنی (سادیقون) چۆن دەڕواننە ئەو پرسە؟

سەعد شاكر عەزیز، وەزارەتی دەرەوە، كە گرنگترین جومگەی دەوڵەتی عیراقە، بەو پێیەی لەنێوەندە دەرەكییەكان و نێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا نوێنەرایەتی حكومەت و گەلی عیراق دەكات، بۆیە دەبێت ئەوانەی لە باڵێوزخانەكاندا دادەنرێت، بە باشی وردینی ناوەكانیان بكرێت لەلایەن دەزگای لێپرسینەوە و دادپەروەری (ڕیشەكێشكردنی بەعس) و دەزگاكانی تری وەك دەزگای چاودێری دارایی و دەزگای دەستپاكی و یاسای لێپرسینەوە دادپەروەری نەیگرێتەوە یان كەسێك لە خێزانەكەی ئەو یاسایە نەیگرێتەوە و تۆماری نیشتمانی بێخەوش بێت.

(خەڵك): ئەوانەی تۆمەتی بەعسیبونیان ڕووبەڕوو دەكرێتەوە، یان ناوەكانیان لەلایەن ئەندامانی پەڕلەمانی عیراقەوە دیاریكراوە كە گوایە بەعسیبوون و لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا كارییان لە دەزگاكانی بەعسدا كردووە، بەڵگەی تەواوەتییان لەسەر كۆكراوەتەوە، یان تەنیا وەك گومان داوای لێكۆڵینەوە لە تۆمارەكانیان دەكرێت؟

سەعد شاكر: لیژنەكانی پەڕلەمان هەریەكەو پسپۆڕە لە بواری خۆیدا، لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش شارەزاتر و ئاگادارترە لەو ڕووەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پەڕلەمانتاران دەتوانن چاودێربن بەسەر تەواوی جومگەكانی دەوڵەتدا، هەندێك لە پەڕلەمانتاران دەستەواژەیان بەدی كردووە، سەبارەت بە هەندێك لە كەسێتییەكان لە كونسوڵخانەكانی عیراقدا لە دەرەوە، كە گومانیان لێدەكرێت پەیوەندییان بە حزبی بەعسەوە هەبێت، بۆیە ئێمە لەمڕۆدا دەمانەوێت لە چوارچێوەی حزبی بێینە دەرەوە و هەر تەنیا نوێنەرایەتی حزبەكانمان نەكەین و نوێنەرایەتی عیراق بكەین لەو ڕووەوە، بە تایبەت كە پەیوەندییەكانی دەرەوەی وڵات سێكتەرێكی گرنگی دەوڵەتە، بە تایبەت لەم ڕەوشەی ئێستادا، كە عیراق دەیەوێت بەڕووی هەموواندا كراوەبێت و لەدەرەوەی چوارچێوەی میحوەرەكاندا بێت، بۆیە دەبێت هەركەسێك بۆ باڵێوز دیاریی دەكرێت، وردبینییەكانی هەمەلایەنە و تەواوەتی بە تۆمارەكەیدا بكرێت.

خەڵك: هەڵوێستی فراكسیۆنی (سادیقون) بەرانبەر بە بوونی هێزە بیانییەكان بە گشتی و هێزەكانی ئەمریكا بە تایبەت چییە و چۆن دەڕواننە بوونی ئەو هێزانە لەسەر خاكی عیراق؟

سەعد شاكر: فراكسیۆنی سادیقون، بە هەموو شێوەیەك بوونی هێزەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عیراق ڕەتدەكاتەوە، باشترین بەڵگەش بۆ دروستی ئەم هەڵوێستە، دەستدرێژییەكانی ئەم دواییەیە، كە كرایە سەر هێزەكانی عیراق و تێیدا ژمارەیەك لە هێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی شەهید بوون، لەلایەكی تریشەوە دەتوانیین بەڵێین ئەم هێزەی ئێستا لە عیراقدا هەیە، هێزی شەڕكەرە نەك هێزی مەشقپێكردن، بەڵگەش بۆ ئەمە بەئامانجگرتنی هێزەكانی عیراقە لەلایەن ئەو هێزانەوە، كە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتیاندایە.

پێشتر فراكسیۆنی سادیقون، چەند بڕگەیەكی خستەبەردەم سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، تا زانیاری تەواوەتی لەبارەی ئەو هێزانەوە ئاشكرابكات، بە تایبەت لەڕووی ژمارەی ئەو هێزانەی لەنێو سنوری عیراقدان، شوێنی بونیان لەنێو خاكی عیراق، پاشان هۆكاری بونیان لە وڵاتدا، گەر بۆ مەشقپێكردنە، پێویست ناكات ژمارەیان لە سەروو هەزارانە ساربازەوە بێت، واتا پێویستە ژمارەیەكی شیاو بێت، بەڵام شیاو نییە و قبوڵ ناكرێت ژمارەیان هەزاران سەرباز بێت.

خەڵك: ئەمریكا لە ساڵی 2003دا ڕژێمی بەعسی ڕوخاند و هۆكاری كەوتنی ئەو ڕژێمەش لە دوای دەیان ساڵ لە حوكمڕانی، هۆكارە سەرەكییەكەی ئەمریكا بوو، ئێوە پێتان وانییە لەئێستادا ئەمریكا خۆی بە شیاوی مانەوە بزانێت لە عیراقدا لەكاتێكدا سیستمی نوێی حوكمڕانی لەسەر دەستی ئەمریكاییەكان لە عیراقدا دروست بوو؟

سەعد شاكر: ئەمە بۆچوونێكی تایبەتە و ناكرێت گشتیگر بكرێت، ڕاستییەكەی هۆكاری ڕوخانی ڕژێمەكەی سەدام حسێن گەلی عیراق و قوربانیدانی گەلی عیراق و خوێنی شەهیدان بوو، كە بونە مایەی ڕوخاندنی دیكتاتۆری، بگرە ئەمریكاییەكان پیلانیان لە دژی عیراق گێڕا و بوونە مایەی كاولكردنی عیراق و بوونە مایەی كاولكركردنی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەكانی وڵات، لەمڕۆشدا، كە سوپا بەهێز نییە و وەزارەتی بەرگری لاوازە ئەوەیە، كە ڕێگە نادەن چەكی قورسی هەبێت و تەنیا خاوەنی چەكی مامناوەند بێت، ئەمریكاییەكانن.

هەروەها ئەمریكاییەكان، هۆكاری سەرەكی هاتنەناوەوەی داعش بوون بۆ نێو وڵات، لەمڕۆشدا ئەمریكا پەیام ڕەوانە دەكات لەبارەی سەرهەڵدانەوەی ڕێكخراوە توندڕەوەكە و دەیانوێت جارێكی تر تەنگژە و ئاڵۆزی لە وڵاتدا دروستبكەنەوە، ئەمەش بەو هۆیەی، كە حكومەتی عیراقی دەیەوێت ئازاد بێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دەیەوێت ڕێككەوتن و گرێبەستن و بازرگانیان لەگەڵ بكات و پەیوەندی لەگەبَیاندا باش بێت.
ئێمە بەڵگەی تەواوەتیمان هەیە، كە ئەمریكا داڵدەی پاشماوەی چەكدارانی داعش دەدات، بەو پێیەی لەم ماوەیەدا هێلیكۆپتەرەكانی لەو ناوچانەدا نیشتوونەتەوە، كە شوێنی چەكدەكانی ڕێكخراوەكەیە، ئەم بەڵگانەش لای حەشدی شەعبی پارێزراون، لەمڕۆدا واشنتن دەوێت عیراق نغرۆی جەنگێكی نوێ‌ بكات، ئەمەش لەكاتێكدایە، كە عیراق دەیەوێت لەڕووی ئابورییەوە بگەڕێتەوە و بوژاندنەوە بەخۆوە ببینێت.

خەڵك: ئێوە چۆن دەڕواننە تەنگژەكانی ئێستای نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و كۆماری ئیسلامی ئێران و پێتان باشە هەڵوێستی دەوڵەتی عیراقی لەم ڕووەوە چۆن بێت؟

سەعد شاكر: ئێمە دەمانەوێت عیراق بەڕووی هەموو وڵاتاندا كراوەبێت و مامەڵە لەگەڵ هەموواندا بكات، و ڕێگە نەداتن خاكی وڵاتەكەی لە دژی وڵاتێكی تر بەكاربهێنرێت، دەمانەوێت مامەڵەكانی عیراق و پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی وڵاتدا بگونجێت و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دابمەزرێت.

دەبێت ئەوەمان لەیاد نەچێت، یەكەم وڵات، كە لە دژی داعش لە عیراقدا جموجۆڵی كرد، كۆماری ئیسلامی ئێران بوو، یەكەم وڵات، كە سنورەكانی خۆی بەڕووی عیراقییەكاندا كردەوە و چەك و تەقەمەنی و ڕاوێژكاری ئەمنی ڕەوانە كرد ئێران بوو، بۆیە ئێمە بە هەموو شێوەیەك ئەو سزایانە ڕەتدەكەینەوە، كە لەلایەن ئەمریكاوە بەسەر گەلی ئێراندا دەسەپێنرێت.

ئەمریكا لەئێستادا پیلانی هەیە، لە سنورەكانی نێوان عیراق و سوریا، ناوچەیەكی ئارام بۆ ڕێكخراوی داعش دروست بكات، حەشدی شەعبیش لەو بارەیەوە بەڵگە و وردەكاری تەواوەتی لەبەردەستدایە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان