ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی شاعیری بەنێوبانگی كورد هێمن موكریانییە

خەڵك-بەشی هەواڵ

محەمەد ئەمین شێخولئیسلامی موكری ناسراو بە هێمن موكریانی لە ساڵی 1921 لە گوندی لاچینی سنووری شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە.

هێمن موكریانی شاعیری ناسراو و وەرگێڕی بەنێوبانگی كوردە و لە بنەماڵەی مەلا جامی چۆری بووە، دایكی ناوی زەینەب و كچی شێخ بورهان بووە، كە بنەماڵەیەكی گەورەی موكریانن.

سەرەتای خوێندنی لەلای مامۆستا سەعید ناكام دەستپێكردووە‌و دواتر باوكی ناردوویەتی بۆ شاری مەهاباد و له قوتابخانەی سەعادەت خوێندویەتی، تاكو تەواوكردنی پۆلی چوارەمی بە زیرەكی دەرچووه، ئینجا باوكی لەو قوتابخانەیەی دەریهێناوه و بردوویەتیه بەر خوێندنی مەلایەتی له خانەقای شێخ بورهان و چوار ساڵیش لەو خانەقایەی خوێندووه و له تەمەنی 17 ساڵیدا دەستی له خوێندن هەڵگرتووه و بووەته لاوێكی خوێندەواری هۆشیار و لە وێژەی كوردی و فارسی شارەزایەكی باشی پەیدا كردووه.

له سا‌ڵی 1941ەوه بەهرەی شاعیری لەلا خوڵقاوه و دەستی بە هۆنینەوەی شیعری كردووه و لەسەرەتادا لاسایی شاعیره مەزنەكانی پێش خۆی كردۆتەوه و له دوایشدا بووەته خاوەنی دەنگی تایبەتی خۆی.

هێـمن لەگەڵ دروستبوونی كۆمەڵەی “ژ.ك” له 1942.09.16دا بووەته ئەندامی ئەو ڕێكخراوه ڕامیارییەی كورد و كاتێكیش كه ناوی ئەو كۆمەڵەیە له 1945.08.16دا كرا به حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، هێمن بووه ئەندامێكی ئەو حزبە‌و شیعری نەتەوەیی و گوتاری بەنرخی بڵاودەكردەوه .

مامۆستا هەژار موكریانی و مامۆستا هێمن موكریانی

كه كۆماری كوردستانیش لەمەهاباد به سەرۆكایەتی پێشەوا قازیی محەمەد له 1946.01.22دا دامەزرا، هێـمن شیعری لەو بۆنه پیرۆزەدا خوێندەوه و لەگەڵ هەژاری شاعیر دا بووه شاعیرێكی خۆشەویستی پێشەوا و كاتێكیش كه ئەو كۆماره ساوایەی كورد له 1946.12.17دا ڕووخێندرا، خۆی لەبەر چاوی سازمانی ئاسایشی شاهەنشاهی ون كرد و كاتێكیش كه هەواڵی له سێدارەدانی قازی محەمەد و هەڤاڵانی بیست خۆی گەیانده باشووری كوردستان، تاكو رەوشی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هێور بووەوه، ئینجا گەڕایەوه گوندەكەی خۆی و ماوەیەكیش له مەهاباد ژیا.

لەدوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول له باشووری كوردستان هاته ئەم بەشەی كوردستان و چووه پاڵ شۆڕشگێڕان و لەدوای ڕێككەوتنی 11ی ئاداری 1970 ماوەیەك له بەغدا وەك پەناهەندە ژیا و لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕشی گەلانی ئێران له شوباتی 1979دا گەڕایەوه ڕۆژهەڵاتی كوردستان و گۆڤاری سروەی دەركرد.

ھێمن كە یەكێك بوو لە گەورەترین شاعێران و نووسەرانی كورد لە سەدەی بیستەمدا، لە باری پاراستن و بووژاندنەوەی فەرھەنگ و ئەدەب، گەو‌رەترین ھەقی خستۆتە سەر نەتەوەكەی، چونكە لە تاریك و ڕوونی بەیانی ژیانی‌دا، بۆ خڕ كردنەوەی كۆماكانی ئەدەبی كوردەواری و وردبوونەوە لە وشەكانی، بە كەوكردن و ھەڵاواردنی غەوارەكانی و سووركردنی خەرمانی زمانی كوردی، كەوتە كار و تەنانەت گوڵ ھەڵگرتنەوە و پاشەرۆكیشی بۆ خەڵكی دیكە نەھێشتەوە.

بە ئاوا‌رەیی و دەربەدەری توانی كتێبی ناڵەی جودایی بنووسێ، ئەگەر بە جوانی لێی ورد بینەوە، دەبینین كە ناڵە و ھاوار و فیغانی دڵە، ناسۆرییە، خول دانەوە و نزا و ھاوار و ئازاری ناخ و ماندوویەتی ھزر و نائارامی رۆح و بێ تاقەتی جەستەیە بەرامبەر جودایی، جودایی لە خێزان، لە خانوو، ماڵ و گوند و گەڕەك، شاخ ودەشت و دراوسێ و كەس و كار و یادگارەكانی سەردەمی منداڵی و لانەی گەورەبوون و گەلێ شتی بە نرخی دیكە كە لە یاد ناكرێن ولە دەروون دوور ناكەونەوە.

دیارە ھێمن مردووە و لە نێومان دا نەماوە، بەڵام ئاسەوارەكانی و یادگارەكەی كاتی پیری ھەر ماون و بە دیتنی ئەوان ھیچ كاتێك ھێمنیش لە بیر ناچێتەوە. ھێمن شاعێرو زانای فەرھەنگ دۆست و تێكۆشەری ڕێگای بووژاندنەوەی كورد و فەرھەنگەكەی بوو، خاوەن بیر و تێفكرین و بیر كردنەوە بوو. ھێمن دەنگی بەرزی ئازادی، ئاشتی و دیموكراسی خوازی كورد بوو. خوازیاری یەكیەتی گەلان بوو.

ناوی ھێمن دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زەمانە كە لە كۆمەڵەی ژ-كاف و كۆماری كوردستاندا وەكوو پێشمەرگەیەك خزمەتی بە نەتەوەكەی دەكرد و لە نێو تێكۆشەرانی ئەو سەردەمە كە ھەر یەكەی ناوی نھێنیان ھەبوو، بە ھێمن ناسرا و ھەر وەكوو بۆخۆی دەڵێ:

شاعیری ھیچ قازانجی بۆ من نەبووبێ ئەو قازانجەی ھەبووە كە ئەو ناوە دوورودرێژەی «سەید محەممەد ئەمینی شێخەلئیسلامی موكری» لە كۆڵ كردوومەتەوە.

ھێمن ھەر لە پلەی یەكەمی تێكۆشانیدا وەك شاعیرێكی نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی بیر و باوەڕی خەڵكی بۆ لای خۆی ڕاكێشابوو، چونكە شیعرەكانی لە ڕاستەقینەدا ببوونە ئاوێنەی دڵی كۆمەڵانی گەل و دەربڕی بیر و ئاواتیان. ھێمن ھەر لە رۆژی یەكەمی تێكۆشانی ھونەری خۆیەوە بۆ خاوێن كردنەوە و پەرە پێدانی زمانی زگماكی قۆلی ھەڵماڵی. شیعرەكانی بە زمانێكی ساكار دەھۆنییەوە و بەزمانی گەل دەدوا، جا بەو بۆنەوە پێشەوا پێی سپاردبوو، كە بۆ گەلێك وشەی فارسی و عەرەبی كە لە ڕێڕەوی خەباتی سیاسیدا بە كار دەھێندرێن، وشەی كوردی پەتی بدۆزنەوە و بەكاری بێنن، ھێمن بە سەرۆكی كۆمیسیۆنێك كە بۆ ئەو كارە دیاری كرابوو، دانرا.

یەكێك لە هۆنراوەكانی مامۆستا هێمن:

كوردم ئەمن
گەرچی توشی ڕەنجەڕۆی و حەسرەت و دەردم ئەمن
قەت لە دەست ئەم چەرخە سپڵە نابەزم، مەردم ئەمن
ئاشقی چاوی كەژاڵ و گەردنی پڕ خاڵی نیم
ئاشقی كێو و تەلان و بەندەن و بەردم ئەمن
گەر لە برسان و لەبەر بێ بەرگی ئیمڕۆ ڕەق ھەڵێم
نۆكەری بێگانە ناكەم تا لە سەر ھەردم ئەمن
من لە زنجیر و تەناف و دار و بەند باكم نیە
لەت لەتم كەن، بمكوژن، ھێشتا ئەڵێم كوردم ئەمن

ماڵی مامۆستا هێمن

بەرمەهەكانی مامۆستا هێمن:

دیوانی ھێمن

بارگەی یاران

تاریك و ڕوون (شیعر و پەخشان). ١٩٧٤

پاشەرۆك (شیعر و پەخشان).
توحفەی موزەففەرییە(فۆلكلۆری كوردی، كە كاری ئۆسكارمانە وھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی).
شازادە و گەدا.
قەڵای دمدم.
ھەواری خاڵی.
چەپكێ گوڵ، چەپكێ نێرگز.
ئەفسانە كوردییەكان (كاری قەنات كۆردۆ كە ھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی).
ناڵەی جودایی، شیعر ١٩٧٩
پاشەرۆكی مامۆستا ھێمن، كۆمەڵە وتار، مەھاباد ١٩٨٣

هێمن موكریانی لە 16ی نیسانی 1986 كۆچی دواییكرد و لە گۆڕستانی بوداق سوڵتانی شاری مەهاباد بەخاك سپێردراوە.

راپۆرت

بە ڤیدیۆ؛ مەلاكە پەشیمان دەبێتەوە
قسە وتنی مەلایەك بە ماریا هەورامی كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێكی دەنگی مەلایەك، كە هێرشی كردبووە سەر هونەرمەند ماریا هەورامی لەسەر تۆماركردنی گۆرانیەك لە شەقامی سەهۆڵەكەی سلێمانی، كاردانەوەیەكی بەرفراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لێكەوتەوە و بەرپرسێكی ئەوقاف دەلێت: “لە میمبەری مزگەوتەوە سوكایەتی بەو خاتوونە نەكردووە” و هاوكات مەلاكەش داوای لێبوردن دەكات و دەڵێت: “لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگیە نەبووە”.

چەند ڕۆژێكە تۆماێكی دەنگی مامۆستا هەڵۆ حەمەڕەشید لە تۆڕە كۆمەڵایەتیییەكان بڵاوبۆتەوە و تێیدا هێرشی تووند دەكاتە سەر ماریا هەورامی لەسەر تۆماركردنی گۆرانیەكەی لە شەقامی سەهۆڵەكەی سلێمانی و تێیدا بە لادەر ناوی دەبات.

عەزیز ڕەئووف، نووسەر لە هەژماری خۆی لە نووسینێكدا لەسەر ئەو پرسە دەڵێت: “ئەو گۆرانیەی ماریا هەورامی لە سەهۆڵەكەی سلێمانی، هەم مۆركێكی كوردی پێوە دیاربوو، هەم جلو بەرگی ئەم خانمە ڕەسەنایەتی خۆی پاراستبوو. ئەوەی تایپێك لە پیاوی ئاینی نیگەران كرد ئەو ترسەیە لە كرانەوەی كۆمەڵگە و ترسە لەوەی چیتر خەڵك دوای حیكایەتە تونڕەوی و ژەهراویەكانیان نەكەوێت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئێستادا ئایین كورتكراوەتەوە بۆ خیتابی توند و قیڕەقیڕ و ڕژانی ژەهری توندڕەوی. ئەگەر سەردەمانێك مزگەوت شوێنی زانایان و پیاوانی نورانی و شاعیران بووبێت، ئەوا لە ئێستادا بەشێك لە مزگەوتەكان پڕ بوون لە پیاوی ئاینی لە فۆڕمی موجاهید. كوا پیاوە نورانیە ڕیشسپیەكانی وەك مەلای گەورەی كۆیە و نالی و سالم و حاجی قادر و سەدانی تر؟ هیچ كاتێ بارتەقای ئێستامان ئایین كورتنەكراوەتەوە بۆ خیتابی توندی دژە ژن و دژە مرۆڤ و دژە پێكەوەژیان.

لای خۆشیەوە، فەرهەنك گۆمەشینی، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، “ویستم ھیچ نەنووسم و نەڵێم، وەلی كە گوێم لەو مامۆستا ئاینیە گرت، كە لە وەڵامدانەوەی مامۆستایەكی تری ئاینی ھاتە سەر باسكردنی سەھۆڵەكە و (ماریا ھەورامی) ئینجا دووبارە دەست خۆشیت لێ دەكەم. مەلا گیان كاری خۆت بكە خۆ پۆلیسی ھاتووچۆ نیت دڵگران بوویت بە گرتنی شەقامی سەھۆلەكە، ئەگەر نا ئەو وشانەشی كە وتت! نامەوێ لێرە بیان نووسمەوە، چونكە جێگەیان نابێتەوە لە ڕیزە وشە و نووسینی ئەقڵانی و دروست”.

لە هەمان كاتدا مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف ڕوونیكردۆتەوە، ئەو مەلایە لەمینبەری مزگەوتەوە سوكایەتی بەخاتونە ھەورامیەكە نەكردوە.

ئاشكراشی كردووە، بەدەنگی خۆی داوای لێبوردنی كردوە و دەڵێ ھەڵەم كردوە و پەشیمانم و نەدەبو بەو شێوەیە بەرامبەر ئەو خاتونە ھەورامیە قسە بكەم و حەزیشی نەكردوە ئەو بابەتە بڵاو بكرێتەوە.

نەقشبەندی دەڵێت: “ئەوانەی كوێرانە كەوتبونە بەرگریكردن لەم پیاوە ئەوانیش ھەڵەیان كردوە و دەبێ یان داوای لێبوردن بكەن یان عارەقی شەرمەزاری بسڕنەوە و ئەوانەش بەرگریان لەئازادی و خاتونە ھەورامیەكە كرد باشترە لێرەوە كۆتایی پێبێنن و لاپەڕەیەكی نوێ ھەڵدەنەوە”.

دوابەدوای ئەو هەڵایەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دروست بوو، مامۆستا هەڵۆ حەمەڕەشید لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بە پەیامێكی دەنگی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و دەڵێت: ” ئەو پەیامە دەنگییە تایبەت بوو بۆ كەسێكم نارد و بۆ ڕای گشتی نەبوو، هەروەها لەگەڵ بڵاوكردنەوەی نەبووم”.

دەشڵێت: “ئەو شێوەیەش، كە باسی ئەو خاتوونەم پێكرد شێوەیەكی نەشیاو بوو، بۆخۆم دەربڕینەكەی خۆمم پێ جوان نییە هەم لە ڕووی شەرع و هەم لە ڕووی عورفیشەوە، ئەگەر ئێستا بیڵێم وا نایڵێم، پەشیمانم لێی ئەوە بەینی خۆم و خوای خۆمە و ئەو خاتوونەش هەر شتێكی هەیە با بڕوات لە دادگا داوای بكات و ئامادەم بچمە دادگا”.

جەختیشی كردۆتەوە، بەڵام ئەو كارەی ئەوم هەمیشە هەر پێ خراپە و بە ناشەرعی دەزانم و تا بمێنم هەوڵدەدەم ڕێ لەو كارە ناشەرعییانە بگرم.

مامۆستا هه‌ڵۆ

وه‌ڵامی مامۆستا هه‌ڵۆ بۆ چه‌واشه‌كاران له‌سه‌ر ماریا هه‌ورامی

Posted by ‎مامۆستا هەڵۆ حمە ڕەشید‎ on Tuesday, August 13, 2019

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

نوێژی جەژن چۆن و كەی دەكرێت و چەند ڕكاتە؟

خەڵك- بەشی هەواڵ
سبەینێ‌ یەك شەممە 11ی ئاب هاوكاتە لەگەڵ 10ی زیلحیجە و یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز و مامۆستایەكی ئایینی شێوازی ئەنجامدانی نوێژی سوننەتی جەژنی قوربان ڕووندەكاتەوە و دەڵێت: “دوو ڕكاتە و 12 جار زیكرەكە دەخوێندرێت”.

مامۆستا موسلیم مەلا صالح فریزی، مامۆستای ئایینی لە هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، نوێژی جەژن دوو ڕكاتە و وەك نوێژی بەیانیه، بەڵام جیاوازە لە وتنی زیكركردنی (الله أكبر) لە نوێژەكەدا، بۆیە نیەت دەهێنیت و دڵ ئامادە دەكەیت، كە نیازت وایە نوێژی جەژن بكەیت.

چۆنیەتی وتنی تەكبیرە و زیكرەكانی نوێژی جەژن
مامۆستا موسلیم ڕوونی كردەوە، دوای ئەوەی دەستت بە نوێژەكەت كرد، لە ڕكاتی یەكەمدا حەوت جار دەڵێی (الله أكبر) و لە نێوان (الله أكبر)ەكان دەڵێیت: (سبحان الله والحمد لله و لا اله الا الله و الله أكبر) پاشان سورەتی (الفاتحە) دەخوێنیت و پاشان سورەتێكی تری بەدوادا دەخوێنی و پاشان ڕكوع و سوجدە دەبەیت وەك نوێژی ئاسایی و پاشان هەڵدەسیتەوە بۆ ڕكاتی دووەم.

مەلا موسلیم دەشڵێت: “لە ڕكاتی دووەمیش وەك ڕكاتی یەكەمە تەنها جیاوازە لە ژماری وتنی (الله أكبر)ەكان و زیكرەكانی نێوانی، چونكە لە ڕكاتی دووەم پێنج جار دەیخوێنی”.

ئایا دەست بەرزكردنەوە هەیە لەنوێژدا؟
سەبارەت بە دەست بەرزكردنەوە لەكاتی (الله أكبر)ەكان، ئاماژەی بەوەكرد، زانایان فەرمویانە، كە پێغەمبەری خوا (د.خ) لەنێوان تەكبیرەكان زیكری نەخوێندووە و دەستی بەرزنەكردۆتەوە، بەڵام عەبدوڵڵای كوڕی عومەر (ڕ. خ) دەستی بەرزكردۆتە و زیكر خوێندنیش لەوەوە هاتووە.

مەلا موسلیم وتیشی، “وتن و نەوتنی زیكر و دەست بەرزكردنە و نەكردنەوەی كێشە نیە و هەمووی دروستە”.

كەی نوێژی جەژن دەكرێت؟ ئەی ئەگەر فریای جەماعەت نەكەوتیت؟
سەبارەت بەوانەی فریای نوێژی جەژن ناكەون، ئەو مامۆستا ئایینیە دەڵێت: “هەر كەسێك فریای نوێژی جەژن نەكەوت بە جەماعەت ئەوا بە تەنیا دەتوانێت بیكات”.

سەبارەت بە كاتی ئەنجامدانی نوێژی جەژن ئاشكرای كرد، كاتی ئەنجامدانی نوێژی جەژن نزیكەی 10 خولەك دوای خۆرهەڵاتن دەكرێت بەئەندازەی ڕمێك خۆر دیاربێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

بەرزبوونەوەی بەهای تمەن، گەشتیارانی هەرێم بۆ ئێران ڕاناگرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

بەهای تمەن لەمانگی پێنجی ئەمساڵەوە ڕووی لەبەرزبوونەوە كردووە، بەڵام گەشتیاران بەردەوامن لەگەشتەكانیان بۆ وڵاتی ئێران بەجۆرێك لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە سێ ملیۆن گەشتیار ڕوویان لەو وڵاتە كردووە.

محەمەد سابیر گەنجێكی تەمەن 27 ساڵە و دانیشتووی شاری سلێمانییە، ئەو لەگەڵ هاوڕێكانیدا لەهەفتەی ڕابردووەوە لەگەڵ دوو هاوڕێیدا بەمەبەستی گەشتیاری ڕوویان لەوڵاتی ئێران كردووە.

ئەو گەنجە لەبارەی گەشتەكەیەوە بۆ (خەڵك)ی ڕوونكردەوە، ئێستا لەباكووری ئێرانن و هەوڵدەدەن تاكو كۆتایی جەژن لەوێ بمێننەوە، چونكە دەیانەوێت كەمێك لەجەنجاڵییەكانی كوردستان و ئیش و كار و كێشەكان دووربكەونەوە و كەمێك ئارامی بەمێشكیان بدەن.

ئەوەشی خستەڕوو، ڕاستە كەمێك بەهای تمەن بەرزبۆتەوە، بەڵام هێشتا جیاوازییەكی وەهای نییە، كە زۆر پێیانەوە دیاربێت، بۆیە وەك پێشتر گەشتیار لەناو خاكی ئێران دەبینن.

بەپێی بەدواداچوونەكانی (خەڵك)، كە بەراوردكاری بۆ بەهای تمەن بەرامبەر دیناری عیراقی كردووە لەماوەی ساڵی 2019دا بۆی دەركەوت، لەسەرەتای ساڵەوە بەهای تمەن بەرامبەر دیناری عیراقی لە 12 هەزار دینارەوە ڕووی لەدابەزین كرد تاكو مانگی پێنج كە گەیشتە 8 هەزار دینار، بەڵام ئەم دابەزینە بەردەوام نەبوو، بەڵكو دواتر وردە وردە ڕووی لەبەرزبوونەوە كرد تا ئەمڕۆ بەهای تمەن بەرامبەر دینار گەیشتە 10 هەزار و500 دینار.

پەیوەند عومەر گەشتیارێكی دیكەی باشووری كوردستانە لەخاكی ئێرانەوە بە(خەڵك)ی وت:”چەند ڕۆژێكە بەخێزانی هاتووین بۆ ئێران و دەمانەوێت پشووی جەژنی قوربان لێرە بەڕێبكەین، چونكە فرسەتی لەو جۆرە نایەتە پێشەوە نزیكی هەفتەیەك پشووبین، بەهۆی ئەوەی بەهای تمەنیش بەرامبەر دیناری عیراقی نزمە تێچووی گەشتەكەیان كەمە”.

بەپێی ئامارێكی ڕێكخراوی گەشتیاری ئێران، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 3 ملیۆن گەشتیاری بیانی چونەتە خاكی ئێران و تەنها لە عیراقەوە ملیۆنێك و 263 هەزار گەشتیار چونەتە خاكی ئێران.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی ئەو ئامارەی لەخاڵی سنووری باشماخ دەست (خەڵك) كەوتووە، تەنها دوێنی حەوت هەزار كەس لەمەرزەكەیانەوە لەباشووری كوردستانەوە چوونەتە خاكی ئێران.

ڕۆشتنی هاوڵاتیانی هەرێم وەك گەشتیار بۆ دەرەوەی هەرێم بەردەوام ڕووی لەزیادبوون دەكات، بە ئەمەش داهاتێكی زۆری ناوخۆی هەرێم دەچیتە وڵاتانی دەوربەر، كە لەبەرامبەردا پێویستبوو زیاتر گرنگی بە هاموشۆی گەشتیار لەناوخۆی هەرێم بدرێت.

لەو بارەیەوە نادر ڕۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، یەكێك لەپلانەكانیان گرنگیدانە بەگەشتیاری ناوخۆیی، بۆئەمەش كاری زۆریان كردووە و چەندین پێشانگایان كردۆتەوە، بەمەبەستی برەودان بەگەشتی ناوخۆیی، لەئێستاشدا كۆمەڵێك پەڕە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاگاداری بۆ گەشتی ناوخۆیی بڵاودەكەنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، تێبینی ئەوەیان كردووە كە گەشتیاری ناوخۆیی لەشوێنە گەشتیارییەكانی ناو هەرێم دەبینرێن، هاوكات گەشتیارانی دیكەش لەدەرەوەی هەرێمەوە دێن و لە شوێنە گەشتیارییەكان لەگەڵ گەشتیارانی ناوخۆیی تێكەڵدەبن، بەڵام ئەوەی وەك ئامار بڵاویدەكەنەوە زیاتر گەشتیارانی دەرەوەن كە دێنە ناو هەرێمەوە.

باسی لەئەوەشكرد، بەشێكی زۆری گەشتیاران لەشوێنە گەشتیارییەكان لە ژێر كەپرەكان دەمێننەوە و ناچنە هۆتێلەكان، یاخود سەردانی شوێنە گەشتیارییەكان دەكەن و دەگەڕێنەوە، بۆیە تاكو ئێستا ئاماری ئەم گەشتیارانە وەرنەگیراوە.

بەپێی بنەما ئابوورییەكان زۆربوونی ڕێژەی گەشتكردن لە هەر وڵاتێكدا نیشانەی بەرزبوونەوەی ئاستی داهاتی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەیە، بەڵام ئەم بنەمایە بۆ هەرێمی كوردستان و گەشتكردن بۆ وڵاتی ئێران ڕاست نییە، چونكە بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دیناری عیراقی زۆر دابەزیوە، بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم زیاتر گرنگی بەڕاكێشانی گەشتیار بۆ ناوخۆی هەرێم بدات و ناوچە گەشتیارییەكان زیاتر ئاوەدان بكاتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان