ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

نرخی بەنزین هەرزان دەبێت
عیراق بە پێشنیاری پەڕلەمانتارێكی كورد بۆ ناردنی بەنزین ڕازی دەبێت

خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەندامێكی لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سرووشتیەكانی پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی سوتەمەنی دوو خاڵی گرنگم خستەڕوو، كە بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیانە و داوام كرد لەسەر یەكێكیان ڕازی بن، دەشڵێت: “بەڵێنی ئەوەمان وەرگرت، وەك چارەسەر بۆ كێشەی بەنزین لە هەرێم یەكێك لەو خاڵانە هەڵبژێرن”.

غالب محەمەد، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە و سامانە سرووشتیەكانی پەڕلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێشتر چەند جارێك نووسراوم كردووە، بۆ ئەوەی بەنزینی حكومەتی عیراق هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكرێت و بەهەمان نرخی عیراق دابەش بكرێت.

وتیشی، “ئەمڕۆ سێ شەممە، سەردانی كۆمپانیای دابەشكردنی سوتەمەنیم كرد، لەگەڵ كازم موسیر، بەڕێوبەری كۆمپانیاكە كۆبوونەوەیەكی چەند كاتژمێریمان ئەنجامدا، تێیدا دوو خاڵی گرنگم خستەڕوو، پێكەوە گفتوگۆمان لەسەری كرد، هەردوو خاڵەكەش بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیانە و داوام كرد لەسەر یەكێكیان ڕازیبن”.

ڕاشیگەیاند، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە و سوودی هاووڵاتیانی تێدایە ئەوەیە عیراق بەنزین بۆ هەموو هەرێمی كوردستان دابین بكات، بە شتێك زیاتر لە نرخی عیراق، كە نزیكەی (پێنج بۆ شەش) ملیۆن لترە و بەنرخی (500 بۆ 550) دینار.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەگەر ئەوەش بۆ عیراق بەهۆی تێكچوونی پاڵاوگە و بارگرانی لەسەریان نەكرا، هەوڵبدرێت بەنزینخانەی حكومی عیراق لە پارێزگا و شارۆچكە و شارەدێیەكان دابنرێت، لەهەردوو حاڵەتەكەدا پێكەوە ئێمە و ئەوان و پارێزگاكان چاودێری بكەین، كە ئەوان لەسەر ئەمە كێشەیان لەسەر چاودێری كردنی بەنزینخانەكان هەیە.

ئاشكراشیكرد، لەدوای كۆبوونەوەكە بە سوپاسەوە بەڵێنی ئەوەیاندا، كە هەوڵدەدەن چەند جارێكی تر لەسەر ئەم بابەتە دابنیشنەوە و گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە و یەكێك لەو خاڵانە هەڵبژێرن.

غالب محەمەد وتیشی، “كێشەی ئەوان لەسەر كردنەوەی بەنزینخانەی حكومەتی عیراق لە شارەكانی هەرێم ئەوەیە، ناتوانن چاودێری بكەن و بزانن ئاخۆ ئەو سووتەمەنیە چی بەسەر دێت، بەڵام من وەك سلێمانی بەڵێنی ئەوەم پێداون، كە لەگەڵ هاوڕێكانمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و پارێزگار چاودێری تەواوی دەكەین، گەشبینیشم، كە ئەمجارە یەكێك لەو خاڵانە لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێم كۆتایی بێت”.

ئابوری

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان

خەڵك-بەشی هەواڵ

 

نرخی‌ نەوت لەبازاڕەكانی‌ جیهان بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو كەمێك بەرز بووەتەوە.

ئاژانسەكانی جیهان بڵاویانكردەوە، نرخی نەوت بۆ ئەمڕۆ چوار شەممە، 8ی‌ تەمووزی 2020 كەمێك بەرز بووەتەوە، بەشێوەیەك نرخی‌ نەوتی برێنت بە 42 دۆلار و 95 سەنت لە بازاڕەكانی جیهان مامەڵەی پێوەكراوە و هاوكات نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكیش بە 40 دۆلارو 47 سەنت مامەڵەی پێوەكراوە.

هەڵكشان و داكشانی نرخی نەوت لەكاتێكدایە، ژمارەیەك لەو وڵاتانەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرجەم كەرتە پیشەسازی و بازرگانییەكانیان وەستاندبوو، بەڵام لە ئێستادا و بەهۆی كەمبوونەوەی مەترسییەكانی كۆرۆنا، بەشێك لە چالاكییە ئابوورییەكانیان دەستپێكردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

چارەنووسی مووچەی مانگەكانی ( 3 و 4 و 5 و 6) ئاشكراكرا

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەرپرسێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، كە قۆناغی دووەم و سێیەمی بایۆمەتری دەستپێدەكات و دەشڵێت: “مووچەكانی مانگی  3 و 4 و 5 و 6 پەیوەندییان بە یاسای چاكسازییەوە نییە”.

ماوەی چەند ڕۆژێكە ترس و دڵەڕاوكێ‌ لای فەرمانبەران دروست بووە سەبارەت بە دەنگۆی ئەوەی گوایە مووچەی ئەو (4) مانگەی ئەمساڵ بەهۆی جێبەجێ‌ كردنی یاسای چاكسازییەوە نادرێن و بەهۆی ئەوەی لە مانگی تەمموز (7)ەوە دەچێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە، مووچەش هەر لەو مانگەوە دەدرێت.

د.عەبدولحەكیم خەسرەو، سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، سبەینێ چوار شەممە 8-7-2020 قۆناغی دووەم ‌و سێیەمی سیستەمی بایۆمەتری دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە سوودێكی زۆری دەبێت بۆ ڕێكخستنەوەی سیستەمی میلاكاتی وەزارەتەكان ‌و ڕێكخستنەوە سیستەمی مووچە‌ و نەهێشتنی ئەوەی پێى دەوترێ‌ بندیوار.

ڕاشیگەیاند، كە جێبەجێ‌ كردنی یاساكە لە مانگی (7)ەوە پەیوەندی نییە بە دابەشكردنی مووچەوە و مووچە بەردەوام دەبێت و ئەنجوومەنی وەزیران خۆی بڕیار دەدات كەی مووچە دابەش بكرێت.

سەبارەت بە دەرماڵەكان ئاماژەی بەوەكرد، بە سەرجەم دەرماڵەكانی فەرمانبەراندا دەچنەوە، كە نزیكەی 24 جۆر دەرماڵە هەیە و 56%ی مووچە بۆ دەرماڵەكان دەڕوات.

د.عەبدولحەكیم خەسرەو دەڵیت: “دەبێت پێداچوونەوە بە دەرماڵەكاندا بكرێت، بەڵام دەرماڵە جێگیرەكانی وەكو بڕوانامە و خێزان و منداڵ و پایە بە یاسا دراون و دەستكاری ناكرێن”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

دابەشكردنی دوو مووچە ڕەتدەكرێتەوە
بەغدا هێشتا مووچەی مانگی حوزەیرانی دابەشنەكردووە

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، ڕەتیدەكاتەوە وەزارەتی دارایی بتوانێت مووچەی هەردوو مانگی حوزەیران و تەمموز بەیەكەوە دابەش بكات.

فەیسەڵ عیساوی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”دابەشكردنی مووچەی مانگەكانی حوزەیران و تەمموز بە یەكەوە بەدووردەزانرێت، چونكە پارەی نەختینە لەبەردەستدا نییە”.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە:”قەیرانی دارایی باڵی بەسەر ڕەوشی عیراقدا كێشاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی كێشەكان چارەسەركراون و دەستكراوە بە كۆكردنەوەی پارە بۆ هەموو وەزارەتە ئەمنی و ئیدارییەكانی دەوڵەت”.

فەیسەڵ عیساوی دەڵێت:”بەر لە كۆتایی مانگی تەمموز، مووچەی مانگی حوزەیران دابەشدەكرێت، بەڵام ناكرێت دوو مووچە بەسەر یەكەوە دابەش بكرێت، چونكە پارەی نەختینە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە بەردەست نییە”.

10 ڕۆژ زیاترە دابەشكردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی ژمارەیەك وەزارەتی حكومەتی فیدراڵ دواكەوتووە و تائێستا دابەشنەكراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان