بڕیارێكی مێژوویی لەبارەی تانكە ڕۆژئاواییەكانەوە درا


ڕووسیا هەڕەشەی تووند دەكات

هەریەكە لە ئەمریكا و ئەڵمانیا بڕیاریاندا تانكەكانی جۆری ئەبرامز ئێم 1ی ئەمریكایی و لیۆپارد-2ی ئەڵمانی بۆ ئۆكراین بنێرن، ئەوەش كاردانەوەی تووندی ڕووسیای لێكەوتووەتەوە.

چاوەڕێدەكرێت دوای ئەو دوو وڵاتە، ژمارەیەك وڵاتی دیكەی وەك فەڕەنسا، بەریتانیا چەكی دروستكراوی ڕۆژئاوایی بۆ ئۆكراین بنێرن.

ئۆكراین ڕایگەیاند توركیاش دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بەبێ بەرامبەر پێشكەشكردوون.

سەرۆكی ئەمریكا، جۆ بایدن ئاماژەی بەوە كرد تانكی ئەبرامز “بە تواناترین تانكی جیهانە” و ئاشكرایكرد، ئەو ٣١ تانكەی ئەبرامز كە دەدرێنە ئۆكراین توانای بەرگریی و گەیشتن بە ئامانجە ستراتیجییەكانی ئەو وڵاتە لە جەنگی رووسیا زیاد دەكات.

جۆ بایدن لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە كۆشكی سپی ئاماژەی بەوە كرد، ٣١ تانكی ئەبرامز لە جۆری M1 كە یەكسانە بە كەتیبەیەكی ئۆكراینی دەدەن بە كێیڤ.

بایدن باسی لەوە كرد تانكەكان توانای بەرگریی و گەیشتن بە ئامانجە ستراتیجییەكانی ئۆكراین زیاد دەكات: “تانكەكانی ئەبرامز بە تواناترین تانكی جیهانن”.

ئەوەشی خستەڕوو، خزمەت و بەڕێوەبردنی تانكەكان زۆر ئاڵۆزە، هەربۆیە لەم چوارچێوەیەدا لە نزیكترین كاتدا لەسەر كاری لۆجستی، خزمەتكردن و بەكارهێنانی تانكەكان مەشق بە سەربازە ئۆكراینییەكان دەكەن.

سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت: “دابینكردنی تانكەكان كاتی دەوێت” و ئاشكرایكرد، هەركات ئۆكراینییەكان بە تەواوەتی ئامادەبوون كە تانكەكانی ئەبرامز لەگەڵ توانای بەرگریی خۆیان بگونجێنن ئەوە رادەستكردنەكە، ئەنجامدەدرێت.

جۆ بایدن جەختی كردەوە، هاوكارییەكانی هاوپەیمانانیش زۆر بە بایەخە و لەبارەی بڕیاری ئەڵمانیا بۆ پێدانی تانكی لیۆپارد-٢ بە ئۆكراین سوپاسی راوێژكاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆڵزی كرد.

بایدن دەڵێت: “دەمەوێت سوپاسی راوێژكاری ئەڵمانیا بۆ سەركردایەتی و پابەندوونی بە هەوڵە هاوبەشەكانمان بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بە ئۆكراین، بكەم”.

سەرۆكی ئەمریكا هەروەها سوپاسی وڵاتانی دیكەی هاوپەیمانییەكە هەریەك لە بەریتانیا، هۆڵەندا، كەنەدا، سلۆڤاكیا، نەرویج، فەڕەنسا، پۆڵەندا، دانیمارك، ئیستۆنیا، لیتوانیا و لاتیڤیا و سوپاسی فینلاندیشی كرد بۆ ئەو هاوكارییانەی بۆ ئۆكراینیان ناردووە.

جۆ بایدن ئاماژەی بەوە كرد پێكەوە لەگەڵ هاوپەیمانەكاندا هەشت سیستمی تۆپهاوێژ، دوو ملیۆن فیشەك، زیاتر لە ٥٠ سیستمی مووشەك، زیاتر لە سێ هەزار ئۆتۆمبێلی زرێپۆش پشتیوانییان بۆ ئۆكراین دابین كردووە “ئەگەر هێرشێك لەلایەن رووسیاوە نەبێت، سوپای وڵاتەكە بگەڕێتەوە بۆ خاكەكەی، ئەوا ئەو جەنگە ئەمڕۆ تەواو دەبێت”.

لەبەرامبەر ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكراین سووپاسی وڵاتانی هاوپەیمانیكرد لە دابینكردنی پشتیوانی سەربازی بۆ وڵاتەكەی، ڕایگەیاند شەڕ دەكەن، ئامانجیان ڕزگاكردنی ئۆكراینە، ئەوە دەبێتە سەركەوتن بۆ هەموو جیهان.

ڕووسیاش لە بەرامبەر بڕیاری ناردنی تانكە ڕۆژئاواییەكان بێدەنگ نییە، كۆشكی كرێملن بە تووڕەییەوە دەڵێت لە گۆڕەپانەكانی جەنگدا تانكەكانی ڕۆژئاوا دەسووتێنین، ئەوە ڕاگەیاندنی شەڕە لە دژی ڕووسیا.

شارەزایانی سەربازی ئاماژە بە ئەوە دەكەن، بە گەیشتنی ئەو چەكە ڕۆژئاواییانە، ئامادەكارییەكانی هێرشی ڕووسیا لە ساڵی دووهەمی جەنگی ئۆكرایندا زیاتر دەبێت، وەك كاربەدەستانی ڕووسی دەڵێن، ساڵی دووهەمی جەنگ لەنێوان ڕۆژئاواو ڕووسیایە، بۆیە جەنگەكە مەترسیدارتر دەبێت.

خەزعەلی پشتیوانی بۆ دادگای فیدڕاڵی ڕاگەیاند
پێشت خەزعەلی پشتیوانی بۆ دادگای فیدڕاڵی ڕاگەیاند
خەمیس خەنجەر: “نابێت دەست بۆ بژێوی خەڵكی هەرێم ببرێت”
دواتر خەمیس خەنجەر: “نابێت دەست بۆ بژێوی خەڵكی هەرێم ببرێت”
پەیوەندیدار