جێگیربوونی نرخی دۆلار بەسیستمی سویفتەوە پەیوەستە


ماوەیەكە نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراقدا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە، حكومەتی عێراقیش چەندین هەنگاوی ناوە بۆ ڕێگریكردن لە نزمبونەوەی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریكایی.

ڕۆژی دووشەممە 23 ی مانگی یەك، هەریەك لە بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی عێراق و بانكی بازرگانی لە لایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە لە پۆستەكانیانیان لادران. لە پاش ئەو بڕیارە ئەگەرچی نرخی سەد دۆلاری ئەمەریكایی چەند هەزار دینارێك هاتەخوارەوە، بەڵام بە بڕوای ئەندامێكی لیژنەی كاروباری ئابوری و دارایی لە پەرلەمانی عێراق، حكومەتی عێراق ناتوانێت بێ پەیڕەوكردنی چوار هەنگاو نرخی دۆلار بگەڕێنێتەوە نرخی پێشتر كە (١٤٧،٠٠٠) دینارە.

د. جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی كاروباری دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە وتووێژێكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت “هەتا عێراق چوار هەنگاو جێ بەجێ نەكات نرخی دۆلار ناگەڕێتەوە پێشتر ، پێش هەموو شت سیستمی سویفت (منصەی ئەلكترۆنی) دەبێت جێبەجێ بكات، ئەگەر جێبەجێی نەكات 90% كێشەكان وەكو خۆی دەمێنێتەوە، خودی خۆم لەو باوەڕەدام هەتا پابەند نەبن بە سیستەمی سویفت مەحاڵە دۆلار بگەڕێتەوە نرخی پێشووتری خۆی، چونكە دەبێت ئەمەریكیەكان كۆنتڕۆڵی هەموو چوون و هاتنی دۆلارێك بكەن.”

سویفت (SWIFT)كورتكراوەی كۆمەڵگەی پەیوەندییە داراییەكانی نێوان بانكەكانە لە سەرانسەری جیهاندا. بە ڕێگەی ئەم سیستمە دەستبەجێ و بە ڕاست و دروستی و بە شێوەیەكی زۆر پارێزراو زانیارییەكان ئاڵوگۆڕ دەكرێن.

بەرپرسانی عێراقی و پەرلەمانتان باس لە بردنە دەرەوەی بە قاچاغی دۆلار لە عێراقەوە دەكەن كە ئەمەش بۆتە هۆی كۆت و بەند خستنەسەر داهاتی فرۆشی نەوتی عێراق بە دۆلار لە لایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكاوە.

بە بڕوای د. جەمال كۆچەر ڕێگریكردن لە بە قاچاغ بردنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ یەكێكە لە هەنگاوە گرنگەكانی تر كە پێویستە عێراق بینێت بۆ جێگیركردنی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار “خاڵێكی تر كە پێویستە عێراق جێ بەجێی بكات ڕێگریكردنە لە بەقاچاغ بردنی دۆلار بۆ وڵاتانی دەوروبەر ڕۆژانە 50-75 ملیۆن دۆلار بە قاچاخ دەبرێت بۆ وڵاتانی ئێران و توركیا و سوریا و یەمەن. “

دژی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار خۆپیشاندانە
پێشت دژی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار خۆپیشاندانە
مامۆستایانی ئاینی ڕۆژهەڵات دەبنە پێشەنگی ڕاپەڕینەكانی ژینا
دواتر مامۆستایانی ئاینی ڕۆژهەڵات دەبنە پێشەنگی ڕاپەڕینەكانی ژینا
پەیوەندیدار