قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شاندێكی نەتەوە یەكگرتووەكان پرسی هەڵبژاردن و وزە تاوتوێ دەكات



قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم پێشوازی كرد لە ڕۆزماری دیكارلۆ، جێگری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سیاسی و بنیاتنانی ئاشتی و جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و لەبارەی پرسەكانی هەڵبژاردن و وزە و كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان كرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران، لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بۆ پەرلەمانی كوردستان كرایەوە.

قوباد تاڵەبانی لەمپەرەكانی بەردەم پرۆسەكەی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە، كە بریتین لە؛ سیستم و بازنەكانی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران، كورسی كۆتا و پێكهاتەكان لەگەڵ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و داواشیكرد، نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆڵیان هەبێت لە چارەسەركردنی گرفتەكان و مسۆگەركردنی بەڕێوەچوونی دروستی پڕۆسەی هەڵبژاردن تا ببێتە بنەمای نوێنەرایەتییەكی ڕاستەقینە بۆ خەڵكی كوردستان.

قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، پێكهاتە و كەمینەكان ڕێز لێ گیراون لە هەرێمی كوردستان، زۆریش مەبەستیانە ئەم پێكهاتانە، ببنە خاوەنی بڕیاری سیاسی سەربەخۆ و نوێنەرایەتی تایبەتی دڵخوازی خۆیان، كە دوور بێت لە دەستوەردانی حیزب و هێزە سیاسییەكان.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، جێگری سەرۆك وەزیران جەختی لە دۆزینەوەی چارەسەری گشتگیر و درێژخایەن كردەوە بۆ كێشەكانی هەولێر و بەغدا بە جۆرێك، كە سەقامگیری سیاسی و ئابووری لێ بكەوێتەوە، لەم پێناوەشدا ئامادەیی بۆ هەموو هەنگاوێك دەربڕی لەسەر بنەمای دەستوور و لێكگەیشتنی هاوبەش.

لەبارەی دۆسیەی وزە، قوباد تاڵەبانی بۆ شاندی نەتەوە یەكگرتووەكانی ڕوون كردەوە، ئەوان مەبەستیانە خەڵكی كوردستان سوودمەندی یەكەم بن لە سەرچاوەكانی وزە بەتایبەت غازی سروشتی بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ناوخۆ و باشتركردنی خزمەتگوزاییەكان بەكاربهێنرێت.

لەبەشێكی تری دیدارەكەدا باسی دۆخی كۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی كوردستان كرا و تیایدا قوباد تاڵەبانی بە گرنگییەوە باسی لە ڕۆڵی ڕێكخراوە ناحكومییەكان كرد، كە پایەی سەرەكی كۆمەڵگای مەدەنین و وتی، “ڕێكخراوەكان ڕەخنە و گلەییان لە دەسەڵاتی سیاسی و هێزە سیاسییەكان هەیە و دەبێت رەِخنە و گلەییەكانیان بە هەند وەربگیردرێت”.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆك وەزیران ستایشی هەوڵەكانی جێنین پلاسخارتی كرد لە عێراق و كوردستان، كە هەمیشە بنیاتنەرانە بووە و بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان هەنگاوی گرنگی ناوە.

ڕۆژنامەیەك: دەفرە فڕیوەكان ئیدارەكانی ئەمریكا نیگەران دەكەن
پێشت ڕۆژنامەیەك: دەفرە فڕیوەكان ئیدارەكانی ئەمریكا نیگەران دەكەن
جارێكی دیكە بەهای دۆلار دابەزییەوە
دواتر جارێكی دیكە بەهای دۆلار دابەزییەوە
ەیوەندیدار