“خۆپیشاندانی دۆلار” هەڕەشە لە سوودانی دەكات


 

“خۆپیشاندانی دۆلار” ناوی شەپۆلێكی نوێی ناڕەزایەتیی عێراقییەكانە، بڕیارە ڕۆژی چوار شەممە لە پێش بانكی ناوەندی عێراق لە بەغدا دەستپێبكات، خۆپیشاندانێك ئامانجی دابەزینی بەهای دۆلارە، بەڵام ڕەنگە بۆ داواكردنی ڕووخانی حكومەت فراوانبێت و نەیارە سەرەكییەكەی حكومەت، سەدریش ڕێبەرایەتی بكات.

دەمێكە دەڵێن، ڕەنگە قەیرانی دۆلار سەری كابینە ساواكەی سوودانی بخوات، بۆیە ترسی زۆری لە خۆپیشاندانەكانی دژی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار هەیە.

سوودانی دوو ڕۆژ بەر لە دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان كەوتەخۆی، ئەمڕۆ دووشەممە، نووسینگەی حكوومەتی عێراق لە بەغدای پایتەخت، مستەفا غالب مەخەیف، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقی لەسەر داوای خۆی لە پۆستەكەی دوورخستەوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی فەڕمی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، عەلی موحسین ئەلعەلاق وەك پارێزگاری كاتی بانكی ناوەندی دانرا.

نووسینگەی سوودانی دەشڵێت “بەڕێوەبەری بانكی بازرگانی عێراق، سالم جەواد ئەلجەلەبی، ڕەوانەی خانەنشینی كراوە، هەروەها بیلال ئەلحەمدانی وەك جێگرەوەی بە كاتی دانراوە”.

ئەم گۆڕانكارییانە تەنها دوو ڕۆژ پێش خۆپیشاندانێكە كە لەلایەن چالاكوانانەوە بانگەوازی بۆ دەكرێت، بۆ ئەوەی لەبەردەم بانكەكە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دابەزینی بەهای دیناری عێراقی لەبەرامبەر دۆلاردا ساز بكرێت.

چالاكوانانی بزووتنەوەی “هۆشیاری مەدەنی” ڕایانگەیاند، بەهۆی دابەزینی بەهای دینارەوە ڕێژەی هەژاری و بەرزبوونەوەی نرخ لە وڵاتدا بەشێوەیەكی مەترسیدار بەرزبووەتەوە، ئەمەش هەڕەشەی فراوانكردنی ڕووبەری خۆپیشاندانەكان دەكات.

سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، دوێنێ یەكشەممە، چەند بڕیارێكی بۆ چارەسەركردنی هەڵاوسانی نرخی دراوی بیانی بەرامبەر بە دۆلار دا، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ فیدراسیۆنی ژوورە بازرگانییەكانی عێراق، كە تەرخانكرابوو بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی هەڵاوسانی نرخی دراوی بیانی لە بازاڕی ناوخۆیی و كاریگەرییەكانی لەسەر هاووڵاتیان.

كۆبانێ: ڕزگاركردنی عەفرین ئامانجی سەرەكیمانە
پێشت كۆبانێ: ڕزگاركردنی عەفرین ئامانجی سەرەكیمانە
نرخی دۆلار دابەزی
دواتر نرخی دۆلار دابەزی
پەیوەندیدار