بۆچی ئۆکراین پێداگری لەسەر بەدەستهێنانی تانکی ئەڵمانی دەکات؟


 

ئۆکراین فشار دەکات لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کە چەکی قورس، بەتایبەت تانکە پێشکەوتووەکانی ڕۆژئاوای بۆ دابین بکەن، بۆ شکاندنی چەقبەستووی ئێستای بەرەکانی شەڕی نێوان هێزەکانی وڵاتەکەی و سوپای ڕووسیا، کە هێڵەکانی بەرگریی خۆی بەهێزتر کردووە وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری هێرشێکی بەرفراوان لەگەڵ سەرەتای بەهار.

 

دوای نزیکەی ١١ مانگ لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین، ژمارەی ئەو تانکانەی کە سوپای ئۆکراین لە شەڕەکانیدا بەکاری هێناون، کەمبوونەتەوە بەهۆی لەدەستدانی زۆرێکیان و دەرچوونی هەندێکیان لە خزمەت بەهۆی نەبوونی پارچەی یەدەگ، بەو پێیەی هەموو چەکەکانی ئۆکراین پێش لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ ئەم وڵاتە لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا لە پاشماوەکانی قۆناغی سۆڤیەت بووە و ڕووسیا تاکە سەرچاوەی پارچەی یەدەگییەتی.

 

پێش هەڵگیرسانی شەڕ، ئۆکراین نزیکەی ٩٠٠ تانکی سەردەمی سۆڤیەت وەک؛ T٧٢ و T٦٤ هەبووە و هەندێک لە وڵاتانی بلۆکی ڕۆژهەڵاتی پێشووش کە پەیوەندییان بە ناتۆوە کردووە نزیکەی ٢٠٠ تانکی T٧٢یان بەخشیوە بە ئۆکراین.

 

ڕووسیا بە نزیکەی ٣ هەزار تانکی مۆدێرنی هێناوەتە ناو جەنگەوە، هەرچەندە لە سەرەتای جەنگدا سەدان تانکی لەدەستدا، بەهۆی ئەو چەکە دژە تانکانەی، وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکراینیان دابینکرد.

 

بارگرانی لۆجستی

تانکەکانی بەرەی شەڕ پێویستیان بە چاککردنەوەیەکی زۆر و بەردەوام هەیە بەهۆی ئەو تێکچوونانەی کە بەدەستیەوە دەناڵێنن و زۆرجار چاککردنەوە لە وەرشەی تایبەتمەنددا ئەنجام دەدرێت کە دوورە لە هێڵی پێشەوە.

 

تانکەکانی ئۆکراین کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، بەهۆی خراپی و چاککردنەوەی بەردەوامیان و پشتگوێخستنیان لەپێش جەنگەوە تووشی چەندین کێشە دەبن.

ئەو تانکەی ئەمڕۆ نوێنەرایەتی پایەی سەرەکی هێزی زرێپۆش دەکات لە ئۆکراین، جۆری T٦٤ی سۆڤیەتییە کە نزیکەی نیو سەدە لەمەوبەر خراوەتە خزمەتەوە.

 

ئۆکراین دەڵێت پێویستی بە ٣٠٠ تانکی مۆدێرنی ڕۆژئاوای هەیە، بە ئامانجی دەرکردنی هێزەکانی ڕووسیا لە بەهاری داهاتوودا لەو ناوچانەی کە لە سەرەتای جەنگەوە داگیری کردوون.

 

دکتۆر جاک واتلینگ لە پەیمانگای خزمەتگوزاری شاهانەی بەریتانی دەڵێت: “هێزەکانی پیادە پێویستیان بەم تانکانە هەیە بۆ ئەوەی هێڵەکانی بەرگری ڕووسیا بشکێنن “.

 

شانشینی یەکگرتوو یەکەم وڵاتە کە تانکی شەڕکەری بە ئۆکراین بەخشیوە، لە کاتێکدا وەزیری بەرگریی بەریتانیا بن واڵاس بەخشینی ١٤ تانکی چالنجەر ٢ی بە ئۆکراین پشتڕاستکردەوە.

 

هەرچەندە ئەم تانکانە ڕەنگە لە بەرەکانی شەڕدا کاریگەر بن، بەڵام نوێنەرایەتی بارگرانییەکی لۆجستی دەکەن لەسەر ئۆکراین بەهۆی کەمی ژمارەیان و بەکارهێنانی تەقەمەنی خۆیان کە لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی تەقەمەنی ناتۆ و ڕووسی ناگونجێت.

 

دکتۆر جاک واتلینگ دەڵێت؛ دەبێت سوپای ئۆکراین تۆڕێکی دابینکردنی ئەم تانکانە دابمەزرێنێت تا لە کاتی شەڕدا تەقەمەنی پێویستیان بۆ دابین بکات و لە نزیک هێڵەکانی شەڕدا چاککردنەوەی پێویستیان بۆ ئەنجام بدات.

 

بۆچی لیۆپارد ٢؟

تانکی لیۆپارد هەڵبژاردەیەکی شیاوە بۆ ئۆکراین، بەو پێیەی زۆرترین بەکارهێنانی هەیە و بەربڵاوترینە لەنێو ئەو وڵاتە ئەوروپیانەی کە ئەندامی ناتۆن، لە ئێستادا زیاتر لە ٢٣٠٠ تانکی مۆدێلی جۆراوجۆر لە سوپای ئەو وڵاتانەدا بەکاردەهێنرێن و دەتوانن بە ئاسانی لە ڕێگەی وشکانییەوە بگوازرێتەوە بۆ ئۆکراین.

 

ئەم تانکە لە تەقەمەنی ناتۆ کەڵک وەردەگرێت، ئەم تەقەمەنیانەش دەتوانرێت بە ڕێژەیەکی گونجاو لە هەریەکێک لە وڵاتەکانی ناتۆ دەستبکەوێت، ئەو وڵاتانەش خاوەنی بڕێکی زۆر لەو تەقەمەنیانەن، تانکی ئەمریکی M1 Abrams هەمان تەقەمەنی لیۆپارد ٢ بەکاردەهێنێت، هەر بۆیە  دەوڵەتان دەتوانن پێویستی ئەم تانکە بۆ تەقەمەنیی مسۆگەر بکەن.

 

هەرچەندە یەکەم مۆدێلی تانکی لیۆپارد زیاتر لە چوار دەیە لەمەوبەر کەوتە خزمەتەوە، بەڵام چەندین پرۆسەی پەرەپێدانی بەسەردا هاتووە، بەجۆرێک بوو بە یەکێک لە باشترین تانکەکانی جیهان لەڕووی وردبینی و پاراستن و ئەنجامدانی چالاکی و  لەلایەن سوپای ١٨ وڵاتی جیهانەوە بەکاردێت، لەوانە قەتەر، سەنگافورە، ئەندەنوسیا و شیلی، کەنەدا، زۆرێک لە سوپای وڵاتانی ئەوروپی.

 

هەروەها ئەزموونی ئەم تانکە سەلماندوویەتی کە لە بەرەکانی شەڕدا جێی متمانەیە بەهۆی تێکنەچوونی بە بەراورد بە تانکەکانی تر.

 

زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە کە لیۆپارد ٢ لە ڕووی کارایی و وردی پێکان و خێرایی و تواناکانیەوە بەراورد دەکرێت بە تانکی ئەمریکی ئەبرامز ئێم ١ و ڕەنگە تاکە جیاوازی لە نێوانیاندا ئەوە بێت کە تانکی ئەمریکی بە بزوێنەری جێت تەیار کراوە کە بە کیرۆسین کار دەکات.

 

نوێترین مۆدێلی لیۆپارد ٢ بریتیە لە A٧+ کە تانکی نەوەی داهاتووی سوپای ئەڵمانیایە و کێشی ٦٧،٥ تەنە و سیستمێکی پێشکەوتووی پاراستنی هەیە لە بەرامبەر مووشەکی ئاراستەکراو.

 

هەروەها ئەو پۆڵا فرە چینەی کە ڕووپۆشی تانکەکەی پێکراوە پارێزگاری دەکات لە بەرامبەر مینە چێندراوەکان، ئامێری تەقەمەنی ڕێنمایی کراو، نارنجۆکی دەستی و موشەکی وەک RPG و مووشەکی دژە تانک.

 

 

عێراق داوای داخستنی بۆڕسەی هەولێر و سلێمانی دەكات
پێشت عێراق داوای داخستنی بۆڕسەی هەولێر و سلێمانی دەكات
” دڵم بۆ كورد دەسووتێت”
دواتر ” دڵم بۆ كورد دەسووتێت”
پەیوەندیدار