ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

عەبدولمەهدی سەرەخۆشی لە گەلی كورد و عیراق دەكات بەبۆنەی كارەساتی هەڵەبجە

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرۆك وەزیرانی عیراق، پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ گەلی كورد بە تایبەت و گەلی عیراق بە گشتی پێشكەش دەكات بە بۆنەی 31 ساڵەی یادی كیمیابارانی هەڵەبجە.

ئەمڕۆ شەممە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە”لەمڕۆدا یادی كارەساتی هەڵەبجە دەكەینەوە، یادەوەری نزیكمان هەڵگری ئازارێكی لەیادنەكراو و برینێكی قەتماغە نەبەستووە كە ملهوڕی دیكتاتۆری دروستی كرد كاتێك بڕیاریدا بە گازی كیمیایی ژەهراوی هێرش بكاتە سەر هاوڵاتیانی بێ‌ تاوان، ئەوەی ڕویدا تاوانی كۆمەڵكوژی بوو، تۆقێنەری تاوانەكە هەموو مرۆڤایەتی و ویژدانی جیهانی هەژاند، ڕۆژێكی ڕەشی تری، تۆماری تاوانەكانی بەعسی سەدامى بوو دژ بە گەلی كوردمان كە بە هەمان شێوەی عیراقییەكان لەسەر دەستی ئەو ڕژێمە ڕووبەڕووی تاوانی كوشتن و كاولكاریی و كۆمەڵكوژی بۆوە”.

بە وتەی عەبدولمەهدی”هەڵەبجە وەك سونبوڵی فیداكاریی و شایەتحاڵی قێزەونی دیكتاتۆری دەمێنێتەوە، گەلی عیراقیش بە هەموو توێژەكانی لە دوای كارەساتی هەڵەبجە، زیاتر یەكڕیز و یەكگرتوو بوو لە دژی خۆسەپێنی و تۆڵەكردنەوە لە جەلاد”.

سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە كۆتایی بەیاننامەكەیدا بە بۆنەی تێپەڕینی 31 ساڵ بەسەر ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە، دەڵێت”شەهیدەكانی هەڵەبجە سەربەرز و نەمرن و مایەی دڵئارامی و شانازی كەسوكاریانن، پرسە و سەرەخۆشی بۆ گەلی كورد بەبۆنەی ئەو یادە ئازاربەخشە كە قوربانییەكی زۆری بەخشی لەپێناو هێنانەدی ئازادی و دیموكراتی و ژیانی هاوبەش لە یەك عیراقی سەربەخۆدا”.

عێراق

“كونسوڵخانەی توركیا لە موسڵ دەست بە كاركردن دەكاتەوە”

خەڵك – بەشی هەواڵ

باڵیۆزی توركیا لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەیەكی كورتدا كۆنسوڵخانەكەیان لە موسڵ دەست بە كارەكانی دەكاتەوە.

فاتح یەڵدز باڵیۆزی توركیا لە بەغدا لە میانی سەردانێكیدا بۆ شاری موسڵ، لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ مەنسور مەرعید پارێزگاری نەینەوا ڕایگەیاند، موسڵ پەیوەندی زۆر بەهێزی مرۆیی، كولتووریی و مێژوویی لەگەڵ توركیادا هەیە و بۆ پشتڕاستكردنەوەی باوەڕ و ڕاستگۆیی توركیا لە دووبارە بنیاتنانەوەی عیراق بەتایبەتی موسڵ، سەردانی ئەم شارەی كردووە.

باڵیۆزی توركیا لە بەغدا باسی لەوەشكرد،”بۆ دووبارە كردنەوەی كونسوڵخانەی توركیا لە موسڵ لە مانگی حوزەیرانەوە ڕەزامەندی حكومەتی عیراقیان وەرگرتووە لە ماوەیەكی زۆر كورتدا باڵیۆزخانەكەیان لێرە دەست بە كارەكانی دەكاتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

تەقینەوەی ماتۆڕسكیلێك لە بەغدا هەشت قوربانی لێكەوتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
بەهۆی تەقینەوەی ماتۆڕسكیلێك لە ناوچەی سەبع ئەلبور لە باكووری بەغدای پایتەخت، هەشت كەس بونە قوربانی.

ئەمڕۆ دوو شەممە، سەرچاوەیەكی ئەمنی بە میدیا عیراقییەكانی ڕاگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی ماتۆڕسكیلێك لە ناوچەی سەبع ئەلبور، سێ‌ كەس كوژران و پێنج كەسی تر برینداربوون.

سەرچاوە ئەمنییەكان دەڵێت، لەكاتێكدا دەزگا ئەمنییەكان هەوڵەكانیان بۆ دەستگیركردنی شانە نوستووەكانی داعش چڕكردۆتەوە، داوای هەماهەنگی لە هاووڵاتیان دەكەن بۆ ئاگاداركردنەوەی هێزە ئەمنییەكان لە حاڵەتی گوماناوی، ئەمەش لەپێناو پاراستنی سەقامگیری ئەمنی و ئارامی لە وڵاتدا.

هەر ئەمڕۆ لە ناوچەی نعێریەی خۆرهەڵاتی بەغدا، هێزە ئەمنییەكان لە دوای دەستگرتن بەسەر ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراودا، توانیان بۆمبەكان پوچەڵبكەنەوە.

وێڕای تێكشكاندنی تەواوەتی ڕێكخراوی داعش لە عیراق، بەڵام ناوبەناو تەقینەوە و كاری توندوتیژی لە هەندێك پارێزگای عیراقدا ڕوودەدەن، چاودێرانیش پێیانوایە، هێشتا هەندێك لە شانە نوستووەكانی ئەو ڕێكخراوە لە ناوچە جیاجیاكانی وڵات بوونیان هەیە و پێویستە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان بۆ ڕەواندنەوەی مەترسی پاشماوەكانی داعش، هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

ڕەوتی حیكمە باس لە ئامانجی خۆپیشاندانەكەی هەینی داهاتوو دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆن ڕایدەگەیەنێت، ئەو خۆپیشاندانەی لە ڕۆژی هەینیدا سازدەكرێت، لە خواستەكانی گەلی عیراقەوە سەرچاوەی گرتووە، ڕەتیشی دەكاتەوە لێوەی بەشوێن پۆستەكاندا بگەڕێن.

حسێن كنبار، سەركردە لە ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، “ئەو خۆپیشاندانەی لە هەینی داهاتوودا سازدەكرێت، لە خواستەكانی گەلەوە سەرچاوەی گرتووە و لێوەی داوای فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییەكانی كارەبا و ئاو و هەلی كار دەكرێت”.

بە وتەی سەركردەكەی حیكمە، “بوونی فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن بۆ ڕاستكردنەوەی كاری حكومەت دەستەواژەیەكی باشە بۆ پتەوكردنی پلانەكانی حكومەت و جێبەجێكردنی خزمەتگوزارییەكان و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی”.

سەبارەت بە ئامانجی خۆپیشاندانەكەش، كە دەوترێت لێوەی حیكمە بەشوێن پۆستدا دەگەڕێتە لە حكومەتە خۆجێیەكان، كنبار دەڵێت: “ڕەوتی حیكمە وازی لە پۆستە وزارییەكان هێناوە، تا عەبدولمەهدی بۆخۆی هەڵسوكەوتیان پێوە بكات، بۆیە شیاو نییە بەشوێن پۆستی نزمتردا بگەڕێت لەڕێی خۆپیشاندانەوە”.

ڕەوتی حیكمە بانگەشەی بۆ سازدانی خۆپیشاندان كردبوو لە هەینی داهاتوودا، كە لەلایەن ڕەوتەكەوە بە خۆپیشاندانێكی ملیۆنی لە 14 پارێزگادا وەسفكرابوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان