ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

حكومەتی هەرێم داوای قەرەبووكردنەوەی دانیشتوانی پارێزگەی هەڵەبجە دەكات

خەڵك-بەشی هەواڵ

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ سی و یەك ساڵ بەسەر كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا لەسەر دەستی ڕژیمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت كە وێڕای شەهیدبوونی پێنج هەزار هاووڵاتیی بێتاوان، هەزارانی دیكەش بریندار بوون و تا ئێستاش زۆربەیان بەدەست لێكەوتە و كاریگەرییە خراپە تەندروستی و دەروونییەكانی ئەو كارەساتەوە دەناڵێنن. ئەمە وێڕای ئاوارەبوونی هەزاران خێزان و وێرانكردن و تێكدانی ژینگەی ئەو دەڤەرە دڵگیرەی كوردستان.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بەبۆنەی ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەوە دەریكردووە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، یادكردنەوەی ئەم كارەساتە جگە لەوەی ڕێزگرتنە لە قوربانیانی گەلەكەمان و مێژووی پڕ لە تێكۆشان و قوربانیدانمان، جەختكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشە لە بایەخدانی جددی بە ژیان و خزمەتكردنی برینداران و خانەوادە و كەسوكاری قوربانیانی چەكی كیمیایی و خزمەتكردنی زیاتری هەڵەبجەی ئازیز كە بێگومان كاری زۆر ماوە بۆیان بكرێت.

ڕاشیدەگەیەنێت، حكومەت بە پەرۆشەوە خزمەتی زیاتر و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری باشتر بە پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتوانە سەربەرزەكەی بە ئەركی گرنگ و سەرەكیی خۆی دەزانێت.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، چاوەڕوانیمان لە حكومەتی عێراقیش بەجێگەیاندنی ئەركی یاسایی و ئەخلاقیی خۆیەتی دەرهەق بەم پارێزگایە و دانیشتوانەكانی لە هەموو جۆرە بایەخپێدانێك لەگەڵ قەرەبووكردنەوەی ماددی و مەعنەویی خەڵك و ژینگەكەی، وەك قوربانیی دەستی دەوڵەتی عێراق.

حكومەتی هەرێم ڕاشیدەگەیەنێت، وەك چۆن هەڵەبجەی شەهید سیمبولی ئازار و قوربانی گەلەكەمانە، بەهەمانشێوەش سیمبولی خۆڕاگری و زیندووییمانە، قوربانیان و ئەو ئازیزانەمان كە لەم كارەساتە ناخهەژێنەدا لەدەستمان داون، هەمیشە لە یادمانن و تاهەتایە لە ویژدانی ئەم گەلەدا یادیان زیندووە.

کوردستان

لافاو، ڕێڕەوی هاتوچۆی پێنجوێن-سلێمانی گۆڕی

خەڵك-بەشی هەواڵ

قائیمقامی پێنجوێن ڕایدەگەیەنێت، لافاوی ئەمجارە پردێكی ناوچەكەی بردووە و كاركردن لە پردە سەرەكییەكەش بەردەوامە.

زانا ڕەحمان قائیمقامی پێنجوێن بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەرفراوانەوە تا ڕادەیەكی زۆر پێنجوێن لە ڕووی گیانی و مادییەوە سەلامەت بووە.
وتیشی”لافاو پردی چەمی چەقانی لەگەڵ خۆی بردووە كە قەزای پێنجوێن و سەیدسادق و سلێمانی بەیەكەوە دەبەستێتەوە، و ئێستا ئاستەنگی هاتوچۆ لەو ڕێگایەوە بۆ شۆفێران دروست بووە، لە ئێستاشدا ڕێگایەكی دیكە بۆ هاتوچۆ بەكاردەهێنرێت”.

سەبارەت بە دروستكردنی پردێكی هەمیشەییەیی بۆ بەستنەوەی پێنجوێن بە پارێزگەی سلێمانییەوە ناوبراو ڕایگەیاند، پردە هەمیشەییەكە خەریكی كاركردنن تێیدا هەرچەندە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاوەستابوو، بەڵام ئەمساڵ كاركردن تێیدا بەردەوامە و بەهۆی وەرزی باران بارینەوە دەستیان لێهەڵگرت و ئومێد دەكەین دوای ئەم وەرزە تەواو بكرێت و بێ كێشە بێت.

ئاشكراشیكرد، هیچ خانوویەك لە قەزاكە ئاو نەچوەتە ناویەوە و هەموو هاووڵاتیان سەلامەتن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

تەڤگەری ئازادی: دەبێت پۆستی سەرۆكی هەرێم تەشریفاتی بێـت

خەڵك- بەشی هەواڵ

تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگای كوردستان ڕایگەیاند “داوا دەكەین كە سیستەمی سیاسی هەرێم سیستەمێكی پەرلەمانی بێت. واتە بە فۆڕمی پێشووتر هەموار نەكرێتەوە و هەڵبژێردراوی وەك سەرۆكی هەرێم تەنها مافی یەك خوول سەرۆكایەتی هەبێت‌و لە هیچ باروودۆخێك گۆڕانكاری لەم بنەمایە نەكرێت”.

تەڤگەری ئازادی لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕاشیگەیاند “ئەو دەسەڵاتە ڕەهایەی كە لە دەست سەرۆكایەتی هەرێم هەبوو، بوو بەمایەی زۆرێك لەو نەهامەتیانەی كە بەسەر گەلەكەمان هات ئەنجام دانی ڕیفراندۆم، كشانەوەی پێشمەرگە لەشنگال‌و ناوچە كێشە لەسەرەكان”.

ئاماژە بەوەش دەكات “پێمان وایە كە دەبێت سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت چونكە پەرلەمان ئیرادەی گەلە و دەبێت بڕیار بگەڕێتەوە بۆ گەل، سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتەكانی دیاری كراو بێت و پۆستێكی تەشریفاتی بێت بۆ پڕۆتۆكۆل و بۆنە نیشتیمانی و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

سزای زیندانیكردن بۆ یازدە سیاسەتمەداری باكوری كوردستان دەرچوو

خەڵك- بەشی هەواڵ

دەسەڵاتدارانی توركیا سزای زیندانیكردنیان بۆ یازدە سیاسەتمەداری كوردی باكوری كوردستان دەركرد لە شاری وان.

ڕۆژی چوار شەممەی ڕابردوو 25 سیاسەتمەدار دەستگیركران، یازدە لەوان بڕیاری زیندانیكردنیان بۆ دەرچوو.

ئەو سیاسەتمەدارانە بریتین لە “چەتین ئۆیار، فەیسەڵ پارلاك، بازی ئاسلان، هاكان دەمیر، ئیبراهیم ئیرماك، مەدینە توفان، مەسعود ئەرزەنگین، عەبدولستار گیونەش، رەمەزان دومان، گیورسەل یاماش و محەمەد سۆنمەز”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟

کوردستان