شەپۆلێكی نوێی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و فەرمانبەران دەستپێدەكات


بەشێك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نزیكەی 20 هەزار واژۆیان كۆكردووەتەوە و داوای پلە بەرزكردنەوە دەكەن، هۆشداریش دەدەنە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ماوەی نزیكەی هەشت ساڵە، پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە ڕاگیراوە، ئەوەش نیگەرانی لای فەرمانبەران و مامۆستایان دروستكردووە و داوا دەكەن ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنرێتەوە و پلە بەرزكردنەوە بگەڕێندرێتەوە.

پەیوەست بە و بابەتە، عادل حەسەن، مامۆستای ناڕازی، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، نزیكەی 20 هەزار واژۆمان بۆ گەڕاندنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران كۆكردووەتەوە، پێمان وایە بە شێوەیەكی نایاسایی و ستەمكارانە لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە ڕاگیراوە.
ئاماژە بە ئەوەش دەكات، داواكەمان ئاڕاستەی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین، پێشتریش چەندینجار ئەو داوایەمان هەبووە، بەڵام وەڵام نەدراوینەتەوە، دووبارە دەست بە داواكردنی مافەكانمان دەكەینەوە و هەموو ئەگەرێكیش لە بەردەمماندا كراوەیە.

ئەو مامۆستایە دەڵێت، كەرتی پەروەردە پڕە لە قەیران و دیارترینیان كە بەرۆكی مامۆستایانی گرتووە و حكومەتی هەرێم زۆر خەمساردانە مامەڵەی لەگەڵدەكات، مووچە بەناو پاشەكەوتكراوەكانە، حكومەت هاووڵاتییانی بەلاوە گرنگ نییە و گرنگی بە كۆمپانیاكان دەدات، لە نۆ مانگی ساڵی ڕابردوودا نزیكەی 700 ملیۆن دۆلاری كۆمپانیاكانی داوەتەوە، بەڵام ئامادە نییە 700 فلسی مامۆستایان و مووچەخۆران بداتەوە.

ئەوە لە كاتێكدایە لە ماوەكانی ڕابردوودا، مامۆستایانی ناڕازی چەندینجار ڕژاونەتە سەر شەقامەكان و خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە، وەك خۆیان ئاماژەی پێدەكەن، گرفتەكانی ئەوان، دانەمەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، نەگەڕاندنەوەی پلەبەرزكردنەوە، پاشەكەوتكردنی مووچەكانیانە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.

دەستپێكردنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان و مووچەخۆران لە سلێمانی لە كاتێكدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خۆپیشاندانی هاووڵاتیان لە سنوورەكانی پێنجوێن و هەورامان لەسەر كەمی خزمەتگوزار و سووتەمەنی و كارەبا بەڕێوەچووە.

دەنگۆی ئەوەش هەیە لە چەند شار و شارۆچكەیەكی دیكەش ئامادەكاری بۆ خۆپیشاندان و گردبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین بكرێت.

بریندارەكەی هێرشەكەی مێردین گیانی لەدەست دا
پێشت بریندارەكەی هێرشەكەی مێردین گیانی لەدەست دا
چوار تۆمەتباری هێرشەكەی مێردین دەستگیركران
دواتر چوار تۆمەتباری هێرشەكەی مێردین دەستگیركران
پەیوەندیدار