ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

میسال ئالوسی بۆ (خەڵك): عەبدولمەهدی دوا هەلی دیموكراتییە

خەڵك- بەشی هەواڵ
میسال ئالوسی، سیاسەتمەدار و پەرلەمانتار و دامەزرێنەری حزبی ئومەی عیراق، قسە بۆ (خەڵك) دەكات و ئاماژە بە هەنگاوەكانی بەرەوپێشچوونی بزاوتنی مەدەنی دیموكراتی لە عیراق و ئاسۆكانی بەردەم سەركەوتن و پێشكەوتنی دەكات، كۆنتڕۆڵكردنی گۆڕەپانی سیاسی عیراقیش لەلایەن حزب و ڕەوتە ئیسلامییەكان بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئایندەی وڵات دادەنێت.

(خەڵك) دیمانەیەكی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ میسال ئالوسی ئەنجامدا و لە دیمانەكەدا ئەو سیاسەتمەدارە عیراقییە بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە:

خەڵك: بزاوتنی مەدەنی لە عیراق هەنگاو بەرەو چ ئاڕاستەیەك هەڵدەنێت، ئایا ئاسۆكانی بەردەم بزاوتنەكە ڕوونە یان خۆی لە تونێلێكی تاریكدا دەبینێتەوە، بە تایبەت لە سایەی ئەم دۆخەی ئێستا، كە حزب و ڕەوتە ئیسلامییەكان گۆڕەپانەكەیان كۆنتڕۆڵ كردووە؟

میسال ئالوسی: پێموایە بزاوتی مەدەنی و مەدەنییەكان بە گشتی و مەدەنی سیاسی و مەدەنی عەلمانی و دیموكراتی عیراقی بەشێوەیەكی تایبەت، هێزی واقیعە و هێزی ئایندەیە، ئەمەش وایكردووە حزبە ئیسلامییەكان خۆیان بە میلیشیاكان پڕچەك بكەن و پەنا بۆ كوشتن و پێشێلكردنی یاسا ببەن و دەستدرێژی بكەنە سەر دەوڵەت و مرۆڤ، گەر حزبە ئیسلامییەكان هێزیان لە مەیداندابوایە، یان لەلایەن كۆمەڵگەی عیراقییەوە پەسەندكراوبونایە و گەلان و پێكهاتە عیراقییەكان ئەوانیان بویستایە، پەنایان نەدەبردە بە میلیشیا و چەك، عیراق مەدەنی و عەلمانییە، بەڵام داگیركارییەكی فاشی و ئیسلامی هەیە لە وڵاتدا.

خەڵك: بەشداری حزب و بزوتنەوەی مەدەنی و عەلمانییەكان لەگەڵ حزب و ڕەوتە ئیسلامییەكاندا لە یەك هاوپەیمانی و هاوبەشی كردن لەگەڵ ئەو حزبی و ڕەوتە ئیسلامیانە مانەی خۆدەستەوەدان، یان هەڵكردن لەگەڵ واقعی ڕەخساوی ئیستای وڵات ناگەیەنێت، كە سیمایەكی ڕوونی دەستباڵایی حزبە ئیسلامییەكان دەردەخات، بە نمونە حزبی شیوعی عیراقی لە دوایین هەڵبژاردندا لەگەڵ ڕەوتی سەدر، هاوپەیمانی (سائیرون)ی پێكهێنا؟

میسال ئالوسی: ڕەوتی مەدەنی عیراق و دیموكراتەكان و ئازادیخوازەكان و عەلمانییەكان، پێویستە گوتاری خۆیان یەك بخەن و سیاسەتیان یەكگرتوو بكەن و میكانیزمی كاركردنیان لە یەك چوارچێوەدا ڕێكبخەن، لە كۆمەڵگەدا بە گشتی و لە هەڵبژاردن بەشێوەیەكی تایبەت، چوونە دەرەوەی حزبی شیوعی لەم ڕێبازە، زیانی بە مەدەنییەكان و بە دیموكراتییەكان گەیاند و سودی بە شیوعییەكان نەگەیاند، هەرچەندە حزبی شیوعی خاوەنی خەباتێكی گەورە و مێژوویەكی دوورودرێژە و قوربانیدانیشی شایەنی ڕێزێكی بێ‌ پایانە، بەڵام ئەو حزبە ئیسلامیانە وابەستەی دەزگای هەواڵگرییەكانن، بەڵام حزبە مەدەنییەكان گیرۆدەی دەست حزبە فاشییەكان و میلیشیاكانن، گیرۆدەی هێرش و پەلامارێكی ڕاشكاوانە بوونەتەوە لەلایەن هەواڵگری وڵاتانی دەورووبەر، كە ئامانج لێی داڕمانی كاری دیموكراتییە لە عیراق، چونكە دیموكراتی لە عیراق خزمەت بە وڵاتانی دراوسێ‌ ناكات و جێگەی خۆشخاڵی ئەوان نییە.
ئەمە واقعێكی حاشاهەڵنەگرە، هەر بۆیە لە دوایین هەڵبژاردندا چەندان دروشم و باڵۆنی جیاجیامان بە ناوی مەدەنییەوە بینی، هەموو حزبە ئیسلامییەكان گوتاری مەدەنییان بۆ هەڵخەڵەتاندن و بەلاڕێدابردنی هاووڵاتیان و كۆمەڵگا و دەنگدەر بەكارهێنا، ئەو حزبانە لەژێر ناوی مەدەنیدا دوكان و كۆگاكانی خۆیان كردەوە بۆ سەرلێشێواندنی هاووڵاتیان و دەنگدەری عیراقی، مەدەنی لە عیراق لەلایەن حزبە فاشییەكان و ڕێگر و مافیا و قاچاخچییەكانی نەوت و ماددە هۆشبەرەكان و وڵاتانی دراوسێوە دژایەتی دەكرێت.

خەڵك: بە بۆچوونی ئێوە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لەم قۆناغەی ئێستادا دەتوانێت سەركەوتوو بێت، بە تایبەت لەم ڕەوشی ئێستادا، كە دەبینین ئاستەنگ و بەربەستی زۆر دێتەڕێی، كە ڕێگە لە سەركەوتنی دەگرێت؟

میسال ئالوسی: لە ڕاستدا دەكرێت بڵێن، حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دوایین هەوڵە بۆ ژیاندنەوەی دیموكراتییە لە عیراق و لە پڕۆسەی سیاسی عیراق، گەر ئەم حكومەتە سەركەوتوو نەبوو، بە هەمان شێوەی حكومەتەكەی پێشوو شكستخواردوو بوو، ئەوا كارەساتەكە ڕوون دەبێت، كە خۆی لە لەبەریەك هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عیراقی و كۆمەڵگەی عیراقیدا دەبینێتەوە و حزب و میلیشیا فاشییەكان بەشێوەیەكی ڕاشكاوانە دەست بەسەر هاووڵاتیان و دەوڵەتدا دەگرن، بۆیە دەبێت بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی لە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بكەین، هەرچەندە دەزانین، كە ڕووبەڕووی كێشە و گیروگرفتی گەورە دەبێتەوە، بۆ نمونە لەئێستادا دەبینین، كە چۆن حزبە ئیسلامییەكان هەوڵ دەدەن دەست بەسەر وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆدا بگرن و مەرجەكانی خۆیان بەسەر دەوڵەتدا بسەپێنن، دەوڵەت لە مەترسیدایە و كۆمەڵگە لە مەترسیدایە و ئەو حكومەتەش لە مەترسیدایە.

خەڵك: عیراق پێویستی بە پشتیوانی كێیە تا بتوانێت زیاتر خۆڕاگربێت و بەرەنگاری ئەو ڕووبەڕووبوونەوانە ببێتەوە، كە دێتە ڕێگەی؟

میسال ئالوسی: عیراق پێویستی بە پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكان و پشتیوانی كۆمەڵە مەدەنییەكان و دیموكراتییەكانە، پێویستی بە پتەوكردنی هێز و توانای دەوڵەتی عیراقیە، كە لەئێستادا میلیشیاكان دەستییان بەسەرداگرتووە و هەڕەشە لەسەر ئاسایشی دروستكردووە لەگەڵ ئەو تیرۆرەی لەئێستادا هەیە.

خەڵك: گەندەڵی وەك نەخۆشییەكی كوشندە بۆ چەندان ساڵ دەچێت لە هەموو جومگەكانی دەوڵەتی عیراقیدا بڵاوبۆتەوە، ئایا حكومەتی ئێستای عیراق دەتوانێت ئەو نەخۆشییە بنبڕبكات و عیراق لەو پەنا كوشندەیە ڕزگار بكات؟

میسال ئالوسی: كۆمەڵی نێودەوڵەتی هەستی بە مەترسی گەندەڵی دارایی كردووە لە عیراق، ئەو گەندەڵییە داراییە كۆمەك و یارمەتی ئەو تۆڕە چەكدارانە دەدات، كە هەڵگری خەسڵەتی تیرۆریستین لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵاتان دروست دەكەن، بۆیە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی لە عیراق، پشتیوانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لێدەكرێت، بۆیە حكومەتی عیراقی دەتوانێت سود لەم پشتیوانییە وەربگرێت بۆ ڕاگرتنی ئەو گەندەڵییە مەترسیدارە، ئێمە قسە لەسەر ئەو تۆڕە مافیایانە دەكەین، كە لەلایەن سیاسییەكانەوە سەركردایەتی دەكرێن، بە ناوی ئایین و بە ناوی سیاسەت و بە ناوی كۆمەڵگەوە وڵاتیان شەكەت كردووە.
عادل عەبدولمەهدی لەئێستادا ئاڕاستەی هەواكە یارمەتی دەدات، لەوانە توڕەیی میللی، توڕەیی میدیا و ڕۆشنبیران، دەستنیشانكردنی مەترسییەكە لەلایەن هاووڵاتیانەوە، پشتیوانی گەورە بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، بۆیە بەگژداچوونەوەی گەندەڵی لە عیراق لەئێستادا پێویستییەكی عیراقی و ئاكاریی و مرۆیی و دیموكراتی و نێودەوڵەتییە بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆر، بۆیە گەر لەئێستادا سەركەوتوو نەبین، لە جارێكی تردا سەركەوتوونابین.

چاوپێکەوتن

عومەر گوڵپی: ئاستەنگ لە پێش كارەكانمدا هەیە

سلێمانی- نزار جەزا

عومەر گوڵپی بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی، لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ (خەڵك) باسی لەو ڕێگرییانە كرد، كە لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لێی كراوە، هاوكات ئاماژەی بە پڕۆژەی خێزانی جێگرەوە كرد و كەموكوڕییەكانی نێو ماڵەكانی چاودێری كۆمەڵایەتی ڕوونكردەوە.

 

خەڵك: زیاتر لەچوار ساڵە بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانیت، لەو ماوەیەدا ئەو گرفتانە چ بوون، كە ڕووبەڕووت بونەتەوە؟

عومەر گوڵپی: ڕێگرییەكان بە كورتی‌ بریتین لە (خراپی‌ و كۆنی‌ سیستمی‌ بەڕێوەبردن، دۆخی‌ پڕ لە قەیرانی‌ دارایی‌، خراپی‌ دابەشكردنی‌ مووچەو كەمبوونەوەی‌ بودجە بۆ ڕاپەڕاندنی‌ كارەكان، دۆخی‌ شەڕو كێشەو گرفتە سیاسییەكانی‌ ناوخۆو پەكخستنی‌ پەڕلەمان و ناجێگیریی‌ دۆخ‌و ژینگەی‌ سیاسی‌ بەشێوەیەكی‌ گشتی‌)، هەموو ئەمانە بە كورتی‌ ڕێگریی‌ بوون لە كارەكانمان كە بەشێكی‌ زۆر لەوانە تا ئێستاش بەردەوامن، بەڵام ئەوەی‌ گرنگ بوو ئەوە بوو كە ئەو ڕێگریانە نەیانوەستاندین، تەنها ئەوەیە كە ئەگەر ئەو ڕێگرییانە نەبوونایە ئەوە ئێمە دەگەشتینە ئەو لوتكەیە لە ئەدا كە خۆمان خواستمان هەبوو، هەروەها هێنانەدی‌ ئامانجەكانی‌ گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتیش لە ڕێگەی‌ شێوازێكی‌ نوێی‌ بەڕێوەبردنەوە.

 

خەڵك: تا چ ڕادەیەك بەرپرسە حزبییەكان، بەمەبەستی‌ ڕێگریكردن لە كارەكانت گرفتیان بۆ دروستكردووە؟

عومەر گوڵپی: بێگومان هیچ پنتێكی‌ بواری‌ بەڕێوەبردن نییە لەم وڵاتەدا كە حزب‌و سیاسەت ڕۆڵی‌ ناشیرینی‌ خۆی‌ تێدا نەگێڕابێت، بەڵام ئەگەر بەراورد بەو دۆخە بكەم بەشێوەیەكی‌ گشتی‌ لەگەڵ ئەو ژینگەیەی‌ خۆم تیایدا ژیاوم ئەوە ئەو گرفتانەی‌ حزب بۆ منیان دروست كردووە شایەنی‌ باس نەبوون، ئەوەش بەهۆی‌ ئەوەوە بوو كە ئێمە خۆمان حزبایەتیمان نەكردووەو ناشی‌ كەین، لە بری‌ ئەوە دامەزراوەمان كردە موڵكی‌ هاووڵاتی‌ و بە كردەوە سەماندمان كە كادیری‌ حزبی‌ پێویستە بە كارو پڕۆژەو خزمەت و بێلایەنی‌ خزمەتی‌ حزبەكەی‌ بكات و ئەوەی‌ كە تەنها یەك ڕەنگ بیت و یەك ڕەنگ بخوێنیتەوە بچوكت دەكاتەوەو پێی‌ گەورە نابیت، ئێمە خۆمان بەرگی‌ حزبمان لەدەرەوەی‌ پیشەو فەرمانگەو كارەكەمان فڕێدا، هەربۆیە كەس نەیتوانی‌ بەو جۆرەی‌ لە شوێنی‌ تر دەیبینیت تەدەخول لە كارماندا بكات، بەڵام بە دڵنیاییەوە ڕێژەیەك لە ڕێگری‌ هەر هەبووە، و ئێمە هەوڵمانداوە بە ئارامی‌‌و عەقڵ و حیكمەت مامەڵەی‌ لەگەڵ بكەین و نەهێڵین لە ئەركە گەورەو گرنگەكان ساردو خاومان بكاتەوە.

 

خەڵك: بەدەر لەڕێكارە یاساییەكان كە موچەی‌ مانگانەیە، هیچ هەوڵێكی خێرخوازی هەبووە، بۆئەوەی هاوكاری خەڵكی كەمدەرامەت بكەن؟

عومەر گوڵپی: بەشێك پەیوەندی‌ بە دامەزراوە كۆمەڵایەتییەكان و ئەو ماڵانەوەیە كە ژن و منداڵ‌و بەساڵاچووان و ژنانی‌ هەڕەشەلێكراو لەخۆدەگرن، بۆ ئەوەیان ئێمە ئەو پەڕی‌ توانامان خستەگەڕو بە سیستم‌و لە ڕێگەیەكی‌ تەواو شەفافەوە خزمەتگوزاری‌ لە پێش قەیران باشتربووە تیایاندا، ئەوەش لە ڕێگەی‌ میكانیزمی‌ گونجاوو پاڵپشتی‌ ڕێكخراوو كۆمپانیاو سەرمایەدارو كەسانی‌ خێرخوازەوە، بەشی‌ دووەم پەیوەندی‌ بەو كەسانەوە هەیە كە لە ماڵی‌ خۆیاندان و مووچەو هاوكارییان لە فەرمانگەكانی‌ ئێمە بۆ ڕێك دەخرا وەك مووچەی‌ چاودێری‌ خێزان‌و خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان، لە ڕاستیدا بۆ ئەوەیان ئێمە نەمانتوانیوە لە ئاست ژمارەیاندا كارێك بكەین، چونكە لەلایەك هیچ ڕێنمایی‌ و یاسایەكمان لەبەردەست نەبوو تا پاڵپشت بەو یاسایەو لە ڕێگەی‌ سیستمەوە هاوكاری‌ كۆبكەینەوە، بۆیە ئاسان نییە وەك فەرمانگەیەكی‌ حكومەتیش لە دەرەوەی‌ یاساو ڕێنمایی‌ كارێكی‌ لەو جۆرە بكەین، ئەگەرچی‌ من بایی‌ هێندە ئەزمون‌و متمانەم هەبوو كە ئەگەر بمكردایە زۆر سەركەوتوو دەبووم، بەڵام ناوی‌ خەڵكی‌ شایستەمان بە دەزگاو ڕێكخراوە خێرخوازییەكان داوە یان لە ڕێگەی‌ ڕێكخراوەكانەوە هەندێك پڕۆژەی‌ دابینكردنی‌ بژێوی‌ هاوكاری‌ بكرێن.

 

خەڵك: لەسەرەتای جێبەجێكردنی پڕۆژەی‌ خێزانی‌ جێگرەوەوە تاكو ئێستا یازدە منداڵ لەناو خێزانەكاندا جێگیركراون، ئێوە چۆن چاودێری ئەم خێزان و منداڵە دەكەن، بۆئەوەی دڵنیابنەوە لەسەلامەتی منداڵەكە و گونجاوی ئەو شوێنەی‌ تێیدا دەژی؟

عومەر گوڵپی: پڕۆژەكە پشتی‌ زۆری‌ بە كاری‌ توێژەرانی‌ كۆمەڵایەتی‌ و دەروونی‌ بەستووە، دەتوانم بڵێم یەكەم كارێكە لە كوردستاندا كە تیایدا توێژەر پێویستە ئەو ڕۆڵە بگیرێت كە بنەمای‌ پیشەیی‌ و زانستیەكان بۆی‌ دەستنیشان دەكەن، هەربۆیە لە ڕێگەی‌ توێژەرەوە بە بەردەوامی‌ چاودێری‌ خێزانەكەو منداڵەكە دەكرێت، سەرەتا بەر لەوەی‌ چاودێری‌ بێت پشتیوانیە، بۆ ئەوەی‌ خێزانەكە هاوكاری‌ بكرێت لەو ئەركە قورسەی‌ كە دەكەوێتە سەرشانی‌ كە ئەركی‌ پەروەردەكردن و چاودێری‌ منداڵە، چاودێرییەكەش لە ڕێگەی‌ سەردانی‌ بەردەوامەوەیە.

 

خەڵك: تاكو ئێستا هیچ گرفتێك لەو خێزانانەدا دروستبووە، كە منداڵتان تێدا جێگیركردوون، كە ببێتە هۆی وەرگرتنەوەی منداڵەكە؟

عومەر گوڵپی: بەڵێ، یەك حاڵەت لەوانەی‌ منداڵیان پێ سپێردرابوو منداڵەكەیان لێ وەرگیرایەوە.

 

خەڵك: لەئەمساڵدا 36 خێزان ناویان تۆماركردووە، كە ببنە خێزانی‌ جێگرەوە، ئەم خێزانانە چۆن هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرێت و كەی بڕیار لەبارەیانەوە دەدرێت، كە گونجاون بۆئەوەی منداڵ لەخۆبگرن؟

عومەر گوڵپی: هەندێك جار لە دوو بۆ شەش مانگ دەخایەنێت، ڕاپۆرتی‌ هەڵسەنگاندنی‌ هەر خێزانێكیش كە دەخرێتە بەردەست لیژنەی‌ پەسەندكاری‌ هەندێكجار دەگاتە زیاتر لە 100 لاپەڕە، ئەوەش مانای‌ ئەوەیە كە كاركردن بۆ پەسەندكردنی‌ هەر خێزانێك پێویستی‌ بە كۆمەڵێك هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون و پرۆسەی‌ كارگێڕیی هەیە تا توێژەرو بەرپرسانمان دڵنیا ببنەوە لەوەی‌ ئایا ئەو خێزانە شایستەیە بەوەی‌ ببێتە خێزانی‌ جێگرەوە یان نا.

 

خەڵك: دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی لیژنەكانتان حەوت خێزان ئامادەن بۆئەوەی منداڵ لەخۆبگرن، ئەم خێزانانە كەی منداڵەكانیان پێدەدرێت؟ بۆچی تاكو ئێستا پێیان نەدراوە؟

عومەر گوڵپی: دوای‌ پەسەندكردنی‌ هەر خێزانێك ئەركی‌ دووەم دەست پێ دەكات كەپڕۆسەی‌ بەراوردكاری‌ و هاوتاكردنە، واتە لەو پرۆسەیەدا بڕیار دەدرێت چ منداڵێك بدرێت بە چ خێزانێك، ئەمە بێجگە لەوەی‌ خێزانیش مافی‌ ئەوەی‌ ئەدرێتی‌ كە بژاردەی‌ تەمەن و ڕەگەز دەست نیشان بكات، بۆیە كارەكان ناتوانرێت بە زەمەن دەستنیشان بكرێن، بەڵام كاركردن لە پڕۆژەو كارەكەدا بەردەوامەو هیچ وەستانێكی‌ تیا نییە.

 

خەڵك: ئایا ئەو منداڵەی لەخێزانێكدا جێگیردەكرێت، لەپێناسە فەرمییەكاندا ناوی ئەو خێزانە هەڵدەگرێت، یاخود چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت؟

عومەر گوڵپی: نەخێر یەك لە خاڵە بەهێزو باشەكانی‌ ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە كە منداڵ بەناوی‌ خۆیەوە دەمێنێتەوەو ون نابێت و هەڵگری‌ هەمان ناسنامە دەبێت كە پێش خێزانی‌ جێگرەوە هەیبووە، ئەوەش لە خودی‌ فەلسەفەی‌ خێزانی‌ جێگرەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە تۆ بەدوای‌ منداڵێكدا ناگەڕێیت بۆ خێزانێك بەڵكو بەدوای‌ خێزانێكدا دەگەڕێیت بۆ منداڵێك.

 

خەڵك: تاچەند توانراوە پێداویستی‌ پێویست بۆ ماڵەكانی كوڕان و كچان و ساوایان و پیران و كۆی ئەو ماڵانەی‌ هەتانە دابین بكەن؟

عومەر گوڵپی: ماوەی‌ زیاتر لە سێ ساڵە بەهۆی‌ كەمی‌ ستافەوە چ لە ڕووی‌ جۆرو چ لە ڕووی‌ ژمارەوە بە بەردەوامی‌ نزیكەی‌ 25 ستاف بۆ ماڵەكان دابین كراوەو كەم‌و كورتی‌ ستاف پڕكراوەتەوە، بۆ نمونە كاتێك بەندە دەستبەكاربووم سەردانی‌ ماڵی‌ بەساڵاچووانم كرد، بینیم هەموو بەشی‌ پەككەوتە كە زیاتر لە 15 پەككەوتەی‌ تێدابوو دوو كەس بەناوی‌ پیرشۆر لە وێ بوون بۆ پاك‌و خاوێنی‌ و خزمەتی‌ بەساڵاچووە پەككەوتەكان، ئەوانیش هەتا نیوڕۆ لە دەوام دەبوون و ئیتر ئەو بەساڵاچووانە بەجێدەهێڵران تا ڕۆژی‌ دواتر، ئەوەش بەهۆی‌ ئەوەی‌ چوار مانگ پێش دەستبەكاربوونی‌ ئێمە ئەو گرێبەستەی‌ بۆ شەش كرێكار كرابوو هەڵوەشێنرابووەوە لەلایەن پارێزگارەوە، بە خۆشحاڵیەوە پاشان بە پشتیوانی‌ خواو هاوكاری‌ ستافەكان و كاری‌ چاكەكاران، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا بەبەردەوامی‌ شەش كارمەند خزمەتی‌ بەشی‌ پەككەوتە دەكەن بێجگە لە ستافی‌ تری‌ جۆراو جۆر، بەڕاستی‌ ئەوە كەم نییە لە دۆخی‌ پڕ لە قەیراندا، ئەمە بێجگە لەوەی‌ ڕێگەمان نەداوە هیچ جۆرە پێداویستیەك كەم و كورت بێت لە ماڵەكاندا ،كە بەڕاستی‌ ئەركێكی‌ قورس بوو.

 

خەڵك:بۆچی تائێستا بەشێك لەكێشەی ماڵەكان چارەسەرنەكراون؟

عومەر گوڵپی: چارەسەری‌ بەشێك كێشەی‌ ماڵەكان پەیوەندی‌ بە دەستكراوەیی‌ دارایی‌ و پەیڕەویكردن بە لامەركەزییەتی‌ ئیدارییەوە هەیە، چارەسەری‌ ڕیشەییش بۆ ماڵەكانی‌ منداڵان وابەستەیە بە سەركەوتنی‌ خێزانی‌ جێگرەوە، كە ئێستا ئێمە بە شێوەی‌ ستراتیجی‌ كاری‌ تێدا دەكەین و ئومێد دەكەین لە دوو تا سێ ساڵی‌ داهاتوودا ئیتر هیچ پێویستمان بە ماڵەكانی‌ منداڵان نەبێت.

 

خەڵك: لەبینا بازرگانی و شوێنە گشتییەكان و شەقامەكاندا ڕەچاوی كەمئەندامان ناكرێت و شوێنی‌ تایبەت بە ئەوان تەرخان نەكراوە، ئێوە چیتانكردووە، كە شارەوانی و ئاوەدانكردنەوە و لایەنە پەیوەندیدارەكان ناچاربكەن، بۆئەوەی شوێنی تایبەت بەهاتوچۆی كەمئەندامان دابینبكرێت؟

عومەر گوڵپی: زۆرینەی‌ زۆری‌ وەزارەت‌و فەرمانگەكان سەبارەت مافەكانی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت كەمتەرخەمن، ئێمە لە 2019دا دەژین، كەچی‌ بەهیچ جۆرێك ڕەچاوی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەتیان تێدا ناكرێت، لە بنەمادا نەدەبوو ئێمە هیچ بكەین، چونكە بە یاسا ئەركی‌ تایبەتمەندی ئەندازیارییە جێگیركراوەو دەبوو هەموو وەزارەت و دامەزراوەكان پێوەی‌ پابەند بن‌، بەڵام سەرەڕای‌ ئەوەش ئێمە ماوەی‌ دوو ساڵە لە ڕێگەی‌ بەشی‌ ئەندازەییمانەوە سەرقاڵی‌ دروستكردنی‌ ڕێبەری‌ ستانداردە ئەندازیارییەكانی‌ تایبەت بە كەمئەندامان‌و خاوەن پێداویستیە تایبەتەكانین، كە لە ئاستێكی‌ باشدا ئامادەكراو وێنەی‌ لێ دراوە بەسەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەكان، هەندێك لەوانە ڕاستەوخۆ خۆمان سەردانمان كردوون‌، بەرنامەشمان هەیە لە كۆتایی‌ ئەمساڵدا پیاچوونەوە بكەین بەو كارەماندا بۆ ئەوەی‌ بزانین تا چ ئاستێك ئەو خواستەی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت جێبەجێكراوە.

 

خەڵك: كەواتە بۆچی گوێتان لێ ناگیرێت؟ كێ لەم كەمتەرخەمییانە بەرپرسە؟

عومەر گوڵپی: بەشێكی‌ گەورەی‌ لە لاوازی‌ هۆشیاریی‌ یاساییەوەیە، بەشێكیش پەیوەندی‌ بە لاوازی‌ ئەو بەرپرسانەوە هەیە بۆ پرسە كارگێڕییەكان، بەشێكی‌ پەیوەندی‌ بە نەبوون‌و لاوازی‌ ڕایگشتی‌‌و هاووڵاتیانەوەیە سەبارەت بە مافەكانی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت، لە ڕاستیدا ئێمە دەمانەوێت لە چوارساڵی‌ ئایندەدا میكانیزمی‌ بەهێزتر بۆ ئەم پرسە بگرینە بەرو لەڕێگەی‌ داواكاری‌ گشتیەوە سەرجەم ئەو دامەزراوەو فەرمانگانەی‌ پابەند نابن بە تایبەتمەندی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەتەوە بدەینە دادگا.

 

خەڵك:هیچ منداڵێك هەبووە، لەماڵی بێسەرپەرشتان گەورەبووبێت، و پاشئەوەی چۆتە دەرەوە توشی تاوانێك بووبێت و ئێستا لەزینداندا بێت؟ ئەگەر هەیە، چۆن هاوكاری دەكەن؟

عومەر گوڵپی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە دامەزراوەی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە زۆر ڕوەوە لە ئاستی‌ ئەو ئەركە پیرۆزەدا نیە كە بەرپرسیارێتی‌ هەر تاك‌و هاووڵاتیەك هەڵگرێت كاتێك لە كۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی‌ كێشەی‌ كۆمەڵایەتی‌ دەبێتەوە، یان دووچاری‌ تاوان دەبێت، زیاتر بەرپرسیارێتی‌ فەرمانگەی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە چوارچێوەی‌ فەرمانگەكەدایەو كەمتر توانیومانە بچینە دەرەوە ئەركەكانمان جێبەجێبكەین.

 

خەڵك: هیچ هەنگاوێكی نوێ هەیە بۆ دووبارە دابەشكردنەوەی موچەی چاودێری خێزان، چونكە لەئێستادا ڕێژەی‌ ئەو خێزانانە ڕوویان لەزیادبوون كردووە و بەردەوامیش پێویستیان بە هاوكاری هەیە؟

عومەر گوڵپی: بەڵێ ئێمە چەندین جار بە نووسراوی‌ فەرمی‌ داوای‌ خەرجكردنەوەی‌ ئەو هاوكارییە كۆمەڵایەتییەمان كردووە بۆ خەڵكانی‌ هەژار، لە یەكەم كۆبوونەوی‌ وەزارەتیشدا پاش دەستبەكاربوونی‌ كابینەی‌ تازە، ئەو بابەتە باس كرا، هەمووش هاوڕابووین لەو بارەیەوە، هەربۆیە بڕیاردرا لە پاش جەژن كۆبوونەوەیەكی‌ تایبەت بكەین بەو پرسەو هەوڵ بدەین میكانیزمێكی‌ زۆر باش بدۆزینەوە بۆ ئەوەی‌ باشتر هەژارەكان بەو مووچەیە بكرێنە ئامانج‌و هاوكاریی‌ بكرێن، ئومێدەوارم حكومەت و وەزارەتی‌ كار لەو بوارە گرنگەدا سەركەوتووبێت، چونكە لە ڕاستیدا خەڵكانێكی‌ زۆر ژیانیان لە خوار هێڵی‌ هەژارییەوەیەو پێویستی‌ بە هاوكاری‌ خێرا هەیە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەكانی داد: هیچ كەسێك نان بڕاو ناكرێت

خەڵك – ئارام سەردار

لەماوەی ڕابردوو چەند جارێك سكاڵانووسەكان لەشارەكانی هەرێم دژی بەئەلكترۆنی كردنی كارەكانیان لەلایەن كۆمپانیایەكەوە گردبوونەوەیان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، ئەوان نان بڕاو دەكرێن و لەهەمان كاتیشدا ژمارەیەك پارێزەر ڕەتیانكردەوە كاری سكاڵانووسین بڕی 25 هەزار دینار تێچووی بێت و یاداشتیان ئاڕاستەی داواكاری گشتی و سەندیكای پارێزەران كرد، لەو بارەیەوە ئازاد ڕۆستەم بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەكانی داد لەوەزارەتی داد ڕایدەگەیەنێت،”هیچ كەسێك نان بڕاو ناكرێت”.

خەڵك: پڕۆسەی بەئەلكترۆنی كردنی فەرمانگەكانی دادنووسی بەكوێ گەیشتووە؟

ئازاد ڕۆستەم: پڕۆسەی بەئەلكترۆنی كردنی فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دیارە پڕۆسەیەكە لەكابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لەسەر دراوە، لەبەرنامەی كاری پەسەندكراوی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش خراوەتەڕوو و پەسەندكراوە، دیارە ئەمە لەمانگی دووی ساڵی ٢٠١٩ ئەو پڕۆژەیە لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری سەر بەئەنجومەنی وەزیران ڕاگەیەنرا و ئێمەش وەك وەزارەتی داد و فەرمانگەكانی داد لایەنی جێبەجێكارین و پەیوەندیدارین، كە فەرمانگەكانی دادنووسی لەسەرتاسەری كوردستان بكرێت بەسیستمی ئەلكترۆنی.

خەڵك: كاركردنی سیستمەكە چۆنە، تەنها كاری سكاڵانووس دەكرێت بەئەلكترۆنی؟

ئازاد ڕۆستەم: بێگومان ئەو سیستمە سیستمێكی گشتگیر و فراوانە تەنها ئەوەی باس دەكرێت و دەنگۆی كاری سكاڵانووسین دەگۆڕێت، نەخێر وانییە بیناكە بەتەواوەتی دەگۆڕێت لەگەڵ شێوازی كاركردن و ئەو وەرەقە كۆنەی هەبوو، كە ئێستا وەرەقەی سكویریتی بەكاردێت بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێت لەكاری ساختەكاری، هەروەها شێوازی بەئەرشیفكردنەكەی دەگۆڕێت، كە ئێمە كێشەی گەورەمان لەگەڵ ئەرشیفكردن هەبوو، بەڵام ئێستا شێوازەكە دەبێتە ئەلكتڕۆنی، لەسێرڤەری گەورە خەزن دەكرێت، لەهەمان كاتدا شێوازی ئەو مۆرە دەگۆڕێت كە بەدەیان جار گوێمان لێبووە لە فڵان شوێن تەزویر كراوە، ئەو مۆرە تەزویر ناكرێت، شێوازی ئەو پەنجە مۆرە تەقلیدیە دەگۆڕێت كە بەڕەنگی شین دەكرا لەسەر كاغەز دەدرا، دەبێتە پەنجە مۆری مائی (ئاوی) كە پێوەی دیار نابێت، لەگەڵ بوونی كۆمەڵێك خزمەتگوزاری تر كە پێشتر لەبەردەم پەنجەرەكان دەبووایە هاووڵاتیان نۆرە بگرن لەگەرمای هاوین و سەرمای زستان، ئێستا سیستمی هۆڵ دروست دەكرێت و خزمەتگوزاریەكانی فێنككەرەوە و گەرمكەرەوەی بۆ دابین دەكرێت و چاوەڕێی نۆرەی ئەلكترۆنی خۆی دەكات بەگوێرەی ژمارەی خۆی چاوەڕێی مامەڵەكەی دەكات.

خەڵك: مامەڵەی هاووڵاتیان چۆن وەردەگیرێت؟

ئازاد ڕۆستەم: شێوازە كۆنەكە نامێنێت هەر لە وێنەگرتنیش بەم شێووە كۆنە نامێنێت، بەڵكو وێنەكە ڕاستەوخۆ سكان دەكرێت لەسەر فۆڕمەكە، چونكە ئەوەی پێشتر زۆر كات وێنەكە ون دەبوو، بەڵگەنامە پێوستەكانیش وەك ناسنامە و كارتی زانیاری و ڕەگەزنامە دەخرێتە پشتەوەی فۆڕمەكە و سكان دەكرێت وەك بەشێك لەوەرەقەكە.

خەڵك: زۆرترین نیگەرانی لەسەر نرخەكەیە، ڕاستە تێچووەكەی دەبێتە ٢٥ هەزار دینار؟

ئازاد ڕۆستەم: نرخەكە ڕاستە ٢٥ هەزار دەستنیشان كراوە، پێشووتر هەر هاووڵاتییەك بهاتبوایە بۆ فەرمانگەی دادنووسی نزیكەی ١٤ بۆ ١٥ هەزار دینار تێچووی مامەڵەكەی بوو، لەوێنەگرتن و كۆپی كردن و ئیجرائاتەكانی تر، ئێستا بویتە ٢٥ هەزار دینار، لەم ڕێژەیەش ٢٥٠٠ دینار بۆ حكومەت دەبێـتە داهات لەبڕی ئەو مووچەیەی دەیدات بەفەرمانبەران، ٢٥٠٠ دیناریش دەبێـتە دەرماڵەی هاندان بۆ فەرمانبەرانی فەرمانگەكانی دادنووس بۆ ئەوەی هان بدرێن زیاتر كاربكەن، كەواتە جیاوازیەكەی ٥ هەزار دینار دەبێت، كاتێكش تۆ خزمەتگوزاری نوێ پێشكەش دەكەی كە زامنی مامەڵەی هاووڵاتیان دەكەی، حەتمەن بڕێك پارەیەكی كەمی دێتەسەر.

خەڵك: ماوەی جێبەجێ كردنی پڕۆژەكە چەندە؟

ئازاد ڕۆستەم: پڕۆژەكە ماوەی جێبەجێ كردنی ساڵێك و شەش مانگە، دەبێت لەم ماوەیە هەموو فەرمانگەكانی دادنووسی بەئەلكترۆنی بكرێن، لەزاخۆ تاوەكو خانەقین ٦٥ فەرمانگەی دادنووسیمان هەیە، بڕیارەكە وەها دراوە.

خەڵك: چارەنووسی سكاڵانووسەكان چی دەبێت؟

ئازاد ڕۆستەم: زۆر كات گوێمان لێ دەبێت گوایە ئەو سكاڵانووس و وێنەگرەكان دەردەكرێن و كاریان نامێنێت لەم شوێنە، ئێمە هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە، ئەوە شتە ڕەتدەكەینەوە، سەرجەم ئەوكەسانەی كەوا پێشتر كاری سكاڵانووسیان كردووە كەسیان دەرناكرێن، ئەوانەی تەمەنەكەی شیاو بێت و خوێندەواریەكەی بایی ئەوە هەبێت خولی ڕاهێنانی كۆمپیوتەر ببینن لەهەفتەیەك بۆ 10 ڕۆژ ڕاهێنانیان پێ دەكەن و لەشوێنی خۆیان دەمێننەوە، ئەوكەسانەشی كە تەمەنەكی گونجاو نەبوو، یان خۆی نەیەوێت لەگەڵ ئەو سیستمە بڕوات، دەتوانێت كوڕێكی خۆی دەرچووی زانكۆ یان پەیمانگا بێت یان كەسێك لەخێزانەكەی بێت بیهێنێت لەشوێنی ئەو دادەنرێت، واتە كەس نان بڕاو ناكرێت و كەسیش دەرناكرێت و جێگاكانیان وەك خۆی دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

لەداهاتوویەكی نزیكدا زبڵخانەكەی تانجەرۆ تەقینەوەی گەورەی تێدا ڕوودەدات

خەڵك – نزار جەزا

ئەندازیارێكی ژینگە ڕایدەگەیەنێت، پێویستە زبڵخانەكەی تانجەرۆ بەپەلە بەشێوەیەكی زانستی چارەسەربكرێت، چونكە ئەگەر چارەسەرنەكرێت، لەداهاتوودا تەقینەوەی گەورەی لێ ڕوودەدات و زیانی تەندروستی و ژینگەیی زۆری دەبێت.

پێشەنگ نەوشیروان، ئەندازیاری ژینگە بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێویستە بەشێوەیەكی زۆر خێرا و جددی بەرپرسانی ئەم شارە كار لەسەر چارەسەركردنی زبڵخانەكەی ناوچەی تانجەرۆ بكەن، چونكە حاڵەتێكی بەپەلە و لەناكاوی هەیە.

ناوبراو كە بڕوانامەی ماستەری لەزانكۆی پۆلیتەكنیكی وارشۆ لەبارەی چارەسەری زبڵی سلێمانی بەتایبەت زبڵخانەی تانجەرۆ بەدەستهێناوە، ئاماژەی بەئەوەدا، چەندین ساڵە بەشێوەیەكی نازانستی و ناتەندروست زبڵ لە تانجەرۆ فڕێدەدرێت، بەجۆرێك هەموو جۆرە زبڵێك فڕێدەدرێت و خۆڵی بەسەردا ڕۆدەكرێت، ئەمەش وایكردووە 10 بۆ 15 مەتر بەقوڵایی زەوی پیس ببێت.

پێشەنگ لەبارەی زیانەكانی ئەو زبڵخانەیەوە ڕوونیكردەوە، بەهۆی زبڵخانەی تانجەرۆوە بەچاو دەبینرێت ئاوی تانجەرۆ پیس بووە و ماسی تێیدا ناژی و بۆ خواردنەوە ناشێت، ئەم ئاوەش دەچێتەوە بۆ دەربەندیخان و زیانی بۆ تەندروستی ئەوان هەبووە، بەجۆرێك بەشێك لەخەڵكی دەربەندیخان توشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون و لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی شێرپەنجە زۆر زیادی كردووە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، لەگەڵ چارەسەرنەكردنی ئەم زبڵخانەیە، زیاتر ئاوی ژێر زەوی پیس دەبێت، ژینگەی سەر زەوی پیس دەبێت و ئەو ناوچەیە خەڵك ناتوانێت لێی نیشتەجێببێت، لەلایەكی دیكەوە ئێستا 5 كیلۆمەتر زبڵخانەی تانجەرۆ لەسلێمانییەوە دوورە(دەبێت لانیكەم زبڵخانە 8 كیلۆمەتر لەشوێنی نیشتەجێبوونەوە دووربێت)، پاش 10 ساڵی دیكە بەهۆی فراوانبوونی شارەوە ماڵەكان دەچنە ناو تانجەرۆوە.

باسی لەئەوەشكرد، باڵندە و ئاژەڵەكان دەچنە ناو ئەو زبڵخانەیە و دواتر دێنەوە ناو خەڵك و بەركەوتنیان لەگەڵ خەڵكدا دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی ترسناك، كە بەهۆی ئەو زبڵەوە گواستراوەتەوە بۆ ئاژەڵ و باڵدەكان لەئەوانیشەوە بۆ مرۆڤ.

ئەو ئەندازیاریە ژینگە ئەوەشی خستەڕوو، لەماوەی ڕابردوودا ئاگر لەزبڵخانەكەی تانجەرۆ كەوتەوە، كە ئەمە شتێكە بەهۆی كارلێكی مادەكانەوە و تەقینەوەی پاتری و زۆری گازی میسانەوە دروستبووە و لەخۆیەوە ئەو ئاگرە كەوتۆتەوە، كە گازێكی ژەهراوییە و كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر گەرمبوونی زەوی هەیە.

ناوبراو پێداگریكرد، ئەگەر چارەسەری ئەم زبڵخانەیە بەشێوەیەكی زانستی نەكرێت، ئەوا بەپێی توێژینەوەكان لەساڵی 2026 دا تەقینەوەیەكی لێ دروستدەبێت، هەروەك چۆن لەماوەی ڕابردوودا ئاگرێكی بچوك لەناو زبڵەكەوە دروستبوو، كە ئەمە زەنگێكی بچوكی ئاگاداركردنەوەبوو، كە لەداهاتوودا بەهۆی زۆری ئەو گازەی لەژێر زبڵ و زەوییەكەوە دروستبووە تەقینەوەی گەورەتر ڕوودەدات.

ئەو ئەندازیارەی ژینگە، وەك چارەسەری سەرەتایی بۆ زبڵخانەی تانجەرۆ پێشنیازی كرد، كە بەشێوەیكی زانستی كۆمەڵێك بۆری بخرێتە ژێر زبڵەكەوە و ئەو گازەی لەژێر زبڵەكەوە كۆبۆتەوە دەربهێنرێت، دواتر هەر لەوێ بسوتێنرێت، یان ببرێت بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و سوودی لێ وەربگیرێت.

وەك چارەسەری كۆتاییش، ئەوەی وت:”دەبێت ئەو شوێنە بەتەواوی هەڵبگیرێتەوە و بگوازرێتەوە بۆ (لاندفیڵد) شوێنی ونكردنی زبڵ، كە لەشارەزوور شوێنێك هەیە، بەڵام تاكو ئێستا تەواونەكراوە، لەسلێمانیش تاكو ئێستا شارەوانی شوێنێكی بۆ ئەو لاندفیڵدە دیارینەكردووە، هەروەها دوای ئەمانە ڕێگری بكرێت لەوەی زبڵ بچێتە تانجەرۆ و بەشێوەیەكی زانستی زبڵ جیابكرێتەوە و ببرێت بۆ كارگەی ڕیسایكلین، دوای ئەمە كە زبڵەكەی تانجەرۆ كەم بۆوە، خۆڵی بەسەردابكرێت و داری لەسەر بڕوێندرێت، بەمەش كۆتایی بەو زبڵخانەیە دێت”.

ناوبراو وتیشی:”دروستكردنی شەڤامی 100 مەتری لەدروستكردنی لاندفیڵدێك بۆ ونكردنی زبڵ بەشێوەی زانستی گرنگتر نییە، بگرە لاندفیڵدەكە گرنگترە، چونكە سەلامەتی هاوڵاتیان و پاراستنی ژینگەی پێوەبەستراوە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان