ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

لە هەڵەبجە ڕێوشوێنی توند دژی گران كردنی نرخ دەگیرێتەبەر

خەڵك – بەشی هەواڵ
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، لەبەر بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان بڕیارماندا، كە هەر بازرگان و كاسبكارێك بیەوێ نرخی كاڵا و خواردەمەنیەكان بەرزبكاتەوە بە توندرین شێوە ڕووبەڕووی یاسای بكەینەوە.

ئەكرەم محەمەد ئاغا، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی هەڵەبجە لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەیەكی بۆ (خەڵك) نێردراوە ڕایگەیاندووە، بڕیارماندا هەر بازرگان و كاسبكارێك بیەوێ نرخی كاڵا و خواردەمەنیەكان بەرزبكاتەوە بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی یاسای بكەینەوە.

دەشڵێت،”لەبەر بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان، بەردەوام لیژنەكان چاودێری بازاڕ دەكەن، داواكارین لە هاووڵاتیانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە هەر حاڵەتێكی بەرزكردنەوەی نرخیان بینی مافی سكاڵایان هەیە”.

ڕاشیگەیاندووە، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتمان ژمارەیەكی كراوەی بۆ سكاڵاكانی هاووڵاتیان تەرخان كردوە، كە لەو ڕێگەیەوە دەتوانن سكاڵاكانیان بگەیەنە لیژنەكە (07501314074) .

ئەمە لەكاتێكدایە، دوێنێ‌ ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ڕێگەی لیژنەكانەوە كار بۆ ئەوە دەكەین ڕێگری تەواو لە بەرزبوونەوەی نرخ بكەین، كەمپینێكیش دژی گرانكردنی نرخ دانرا، بەوەی هەر فرۆشیارێك نرخ بەرز بكاتەوە بایكۆت دەكرێت و چیتر شتی لێ ناكڕدرێت.

ئابوری

مەسرور بارزانی و شاندێكی یەكێتی ژوورە بازرگانیەكانی ئەمریكا كۆبوونەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

مەسرور بارزانی راسپێردراوی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی یەكێتی ژوورە بازرگانییەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی ستیڤ لوتەس جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبووەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوی نوسینگەی مەسرور بارزانی، ” سەردانی یەكێتی ژوورە بازرگانییەكانی ئەمریكا ئاماژەیەكی گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندی ئابوری نێوان هەرێم و ئەمریكایە و هەوڵی سەرەكی كابینەی داهاتوی هەرێمیش، ڕاكێشانی زیاتری وەبەرهێنی دەرەكی دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان”.

 

لەمیانی كۆبوونەوەیاندا، مەسرور بارزانی ڕایگەیاندووە”بەرنامەو هەوڵی سەرەكی كابینەی داهاتوی هەرێم، ڕاكێشانی زیاتری وەبەرهێنی دەرەكی دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی ئەمریكاش دەتوانن سوود لە دۆخی ئابوریی هەرێم وەرگرن.

بارزانی ئاماژەی بەوەشداوە” ئەمە سەرەتای هەنگاوی كردەیی كابینەی داهاتو دەبێت تا ئابوری كوردستان فرە سەرچاوە بێت و تەنیا پشت بە كەرتی نەوت نەبەستێت”.

هاوكات، سەرۆكی شاندەكە، وێڕای ئومێدی سەركەوتن بۆ مەسرور بارزانی لە سەرۆكایەتی كابینەی داهاتوی هەرێم، جەختیان لە سەر نیازی یەكێتی ژوورە بازرگانییەكانی ئەمریكا كرد لە هاندانی كۆمپانیاكانیان بۆ كاركردن و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

باس لە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم دەكات
هاوپەیمانی فەتح بۆ (خەڵك): هەرێم خۆی پابەند كردووە بە ڕادەستكردنی نەوتەكەی

خەڵك- بەشی هەواڵ
هاوپەیمانی فەتح، كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای بودجەی گشتی 2019 خۆی پابەندكردووە بە ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا، بەڵام تائێستا هەرێم بەڵێنەكەی جێبەجێ‌ نەكردووە و یاساكەی پێشێل كردووە.

فازڵ جەبر، پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند، “لە پەڕلەماندا ناڕەزاییەكی زۆر هەیە بەرانبەر بە ڕادەستنەكردنی نەوتی هەرێم بە حكومەتی فیدڕاڵ، كە دەبوو لە مانگی یەكەوە هەرێم ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕادەستی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) بكردایە، بۆ ئەو مەبەستەش جموجۆڵی پەڕلەمانی دەستیپێكردووە، تا حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ ئەو بابەتە ڕوون بكەنەوە، وێڕای میوانداریكردنی وەزیری نەوت لە وەرزی داهاتووی یاسادانان بۆ تاوتوێكردنی پرسەكە”.

بە وتەی فازڵ جەبر، “دەبوو هەرێمی كوردستان ئەو نەوتەی لە بودجەدا بۆی دیاریكراوە ڕادەستبكردایە، ئێستاش هیواخوازین برایان لە هەرێم پابەندی بەڵێنەكانبن، تا جارێكی تر كێشە و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولادا دروست نەبێت، لەئێستاشدا كەشەكە لەبارە و پەیوەندییەكان باشن لەنێوان هەرێم و بەغدا، بۆیە هیوادارین پابەندی ئەو بەڵێنەبن، كە لە بودجەی 2019دا داویانە”.

سەبارەت بەوەی حكومەتی فیدڕاڵ ئاسانكاری بۆ هەرێم بكات، یان لەڕووی مامەڵەكردنەوە لەگەڵ هەرێمدا لەو ڕووەوە نەرمی نواندبێت، پەڕلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت: “حكومەتی فیدڕاڵ نەرمی نانوێنێت و لەو بارەیەوە بێدەنگ نابێت، لەم ماوەیەشدا وەزیری دارایی بۆ پەڕلەمان بانگهێشت دەكرێت، بەڵام لە هەموو بارەكاندا هیوادارین پرسەكە بەشێوەیەكی دۆستانە و بەدوور لە حەساسیەت چارەسەر بكرێت و هەرێم لە دواجاردا لە مانگی یەكەوە داهاتی ئەو بڕە نەوتەی لە بودجەدا بۆی دیاریكراوە ڕادەستی حكومەتی فیدڕاڵی بكات”، ئاماژەی بە سەردانەكەی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمیش كرد بۆ بەغدا، كە بە وتەی ئەو “لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی فیدڕاڵ ئەو بابەتەیان بەشێوەیەكی برایانە تاوتوێ‌ كردووە”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

خەڵك؛ زانیاری لەسەر سیستمی نوێی مووچەی فەرمانبەران بڵاودەكاتەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
دوابەدوای ئامادەكردنی سیستمێكی نوێ بۆ پلەبەندی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران، كۆدەنگییەك لە پەڕلەمانی عیراق دروست بووە بۆ دەنگدان لەسەری و فشارەكانیش لەسەر حكومەت زیادكراوە بۆ پەسەند كردنی و پەڕلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت: “ئەو پلەبەندییەی مووچە جیاوازی نێوان وەزارەتەكان ناهێڵێت”.

غالب محەمەد، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی گۆڕان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە جیاوازی هەیە لە مووچەی فەرمانبەران لەنێوان وەزارەتەكاندا بەتایبەت وەزارەتەكانی نەوت و كارەبا و خوێندنی باڵا.

وتیشی، “ئەگەر ئەندازیارێك لە وەزارەتی كارەبا یان فەرمانبەرێك لە وەزارەتی خوێندنی باڵا وەربگرین دەبینین مووچەكەی چەند بەرامبەر زیاترە لە مووچەی هاوتاكەی لە وەزارەتێكی دیكەی وەك ئاوەدانكردنەوە یان شوێنێكی دیكە، بۆیە بە سیستمی نوێی پلەبەندی مووچە دەیانەوێت ئەو جیاوازییە نەمێنێت و ڕێكبخرێتەوە”.

ئاشكراشی كرد، پەسەند كردنی ئەو سیستمە نوێیەی پلەبەندی مووچە و دەرماڵە پەیوەستە بە یاسای شارستانییەوە، كە دەبێت ئەویش هەمواربكرێتەوە و دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام تا ئێستا بەتەواوی دەنگی لەسەر نەدراوە، دوای ئەوە دەتوانرێت سیستمە نوێیەكەی پلەبەندی مووچە ڕێكبخرێت.

بەو پێیەی یاسای مووچەی ژمارە 22ی ساڵی 2008 لە پەڕلەمانی عیراق پەسەند كراوە و لە سەرجەم عیراق و هەرێمی كوردستانیش كاری پێ دەكرێت، بۆیە هەمواركردنەوەی یاساكە یان دەرچوواندنی یاسای نوێ‌ لەسەر مووچە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە بەوپێیەی یاسایەكی فیدڕاڵییە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ ئەحمەد ئەسەدی، وتەبێژی فەرمی هاوپەیمانی فەتح لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ژمارەیەك لە پەڕلەمانتارەكانی هاوپەیمانیەكەی ڕایگەیاند، داوامان لە سەرۆك وەزیران كردووە یاسای سیستمی نوێی مووچە پەسەند بكات بۆ ئەوەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران و پلە تایبەتەكان بەجۆرێك ئەو جیاوازییە زەقەی هەیە لە مووچەی نێوان وەزارەتەكان یان فەرمانبەرانی ئاسایی و پلەتایبەتەكان نەمێنێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان