پارتی: لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ یەكێتی هەڵدەدەینەوە


مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، پەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتی هەڵدەدەینەوە، جەختیش لەسەر ئەوە دەكەنەوە، كێشەكانیان لەگەڵ یەكێتی چارەسەر دەكەن.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٨ـی ١ـی ٢٠٢٣ بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی مەكتەبی سیاسی كۆبونەوەی ئاسایی خۆی سەبارەت بە پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسی و حكومی (ئیداری)ەكان لە هەرێم و ناوچەكەدا ئەنجام درا.

ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە پارتی ئامادەیە بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆ‌ و چارەسەركردنی گرفتەكان، هەر ئەمەش بەڕێگایەكی دروست و هاوچەرخ دەزانن، كە لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی و تەواوی لایەنه ‌سیاسییەكانی كوردستان دەست دەكەن بە گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوە.

ڕاگەیاندراوی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٨ـی ١ـی ٢٠٢٣ مەكتەبی سیاسیی پارتیمان بە سەرۆكایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا سەبارەت بە پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسی و حكومی (ئیداری)ەكان لە هەرێم و ناوچەكەدا، لەم كۆبونەوەیەدا پارتیمان جەختی لە چارەسەری كێشە و گرژیەكانی كە هەن لە پەیوەندیمان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كردەوە بەگوێرەی پرەنسیپ و ماددەكانی رێككەوتنی سیاسی و ئیداری نێوانمان و كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەت كە بەڕەزامەندی هەردوولامان نووسراون و ئیمزاكراون.

لە كۆبوونەوەدا ئەم تەوەرانەی خوارەوە مناقەشەكران و بڕیاری پێویستیان لەبارە‌وە درا:

یەكەم/ تەوەری ناوخۆی كوردستان: پارتیمان لە ڕوانگەی پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلەكەمان كە بەخوێن و خەبات بەدەست هاتوون و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و ئەزموونی دەیان ساڵەی خەباتی بێوچان لەپێناو ماف و ئامانجەڕەواكانماندا، هەروەها لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئاسایشی هاوڵاتیان، هەمیشە كۆبوونەوە و گفتوگۆ بۆ چارەسەری كێشە و گرفتەكانی بەڕێگای دروست و راست زانیوە، هەروەها لەڕوانگەی باوەڕبوون بە پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و سیاسی و پاراستنی مافی مرۆڤ، هەوڵی دروستكردنی پردی پەیوەندی و پێكەوە كاركردن و متمانە دروستكردنی داوە.

بۆ ئەم مەبەستە و بە پڕاكتیككردنی ئەم باوەڕ و تێگەیشتنەمان و، بۆ یەكڕیزی گەلی كوردستان بەرانبەر ئاڵەنگاری و گرفتەكان و جێبەجێكردنی بڕیاری كۆنگرەی ١٤ی پارتیمان و بڕیاری سەرۆك مەسعود بارزانی، هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێمان لە پەیوەندیەكانماندا راگەیاند‌، بۆیە لێرەوە هەر وەك پێشتریش دەستپێشخەریمان كردوە بۆ كۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لە وەڵامی بروسكەشیان بەڕوونی ئاماژەمان پێداوە كە هەبوونی تێبینی و گرفت بە بروسكە یان باسكردن لە ڕاگەیاندن چارەناكرێت، بەڵكو ڕێگای سیاسی و مەدەنیانە كۆبوونەوەی دووقۆڵی و باسكردن و مناقەشەكردنی تەواوی تێبینی و گرفتەكانمانە بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر، ئێستایش دووبارەی دەكەینەوە ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەین بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆ‌ و چارەسەركردنی گرفتەكان، هەر ئەمەش بەڕێگایەكی دروست و هاوچەرخ دەزانین كە لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی و تەواوی لایەنه ‌سیاسییەكانی كوردستان دەستدەكەین بە گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوە.

دووەم/ تەوەری حكومەت: هەروەك لە خاڵی (٤)ەمی رێككەوتنە سیاسیەكەی نێوان پارتیمان و یەكێتی ـدا هاتووە، دەبوو هەردوولامان پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین لە هەموو روویەكەوە، بەداخەوە نەك پشتیوانی حكومەت نەكرا، بەڵكو‌ بەپێچەوانەوە زۆر ئاستەنگی بۆ دروستكرا و ئیستایش كێشە و گرفتەكان بەشێوەیەك نیشانی هاوڵاتیانی كوردستان دەدرێن كە گوایە ئەم بابەتانە لەگەڵ شەخسی بەڕێز سەرۆكی حكومەتە‌، لێرەوە ڕایدەگەیەنین ئێمە دژی بە شەخسەنەكردنی كێشەكانین و ئەم جۆرە هەوڵانە ڕەتدەكەینەوه. سەرۆكی حكومەت بەگوێرەی ماددە و بڕگەكانی رێككەوتنی‌ سیاسی و ئیداری، هەروەها كارنامەی كابینەی نۆیەم ڕەفتاریكردوە، ئەم هەوڵانەیان بۆ پەردەپۆشكردنی ئەم كەموكوڕیانەیە كە دروستیدەكەن و ڕێگا لە چاكسازی و شەفافیەت دەگیرێ، بۆیە رایدەگەیەنین كە ئەم جۆرە ڕەفتار و مامەڵەكردنە لە كاروباری حكومەت خۆدزینەوەیە لە ڕێككەوتنی سیاسی و ئیداری و كارنامەی كابینەی نۆیەم كە هەرسێكیان بەهاوبەشی و بە پەسندی هەردوولامان ئامادەكراون و ئیمزاكراون.

شایەنی باسە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی بەتەواوی توانا پاڵپشتی هەڤاڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كابینەكەی دەكات و، رێگای چارەسەری كێشەكان بەردەوامیدانە بە گفتوگۆ لە كۆبوونەكانی ئەنجوومەنی وەزیران نەك خۆ پەراوێزخستن و بەكارهێنانی دەزگاكانی راگەیاندن.

سێیەم/ تەوەری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان: زۆر هەوڵماندا، پڕۆژەمان ئامادەكرد و پێشكەشمانكرد لەو كۆبونەوە هاوبەشەنەی كە بەڕێز سەرۆكی هەرێم پێكیدەهێنا و سەرپەرشتی دەكردن، هەروەها لەو كۆبونەوانەش كە نوێنەری UNبەشداردەبوو، بەڵام بەداخەوە دواجار لەڕووی ناچاری و لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێم بژاردەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانمان پەسەندكرد، ئێستایش مەكتەبی سیاسی جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەبێت چیدی پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەكانی پەكنەخرێ و لە زووترین كاتدا كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجامبدات و ئەم هەنگاوانە بگرێتە بەر:

-هەمواری یاسای هەڵبژاردن ئەولەویەتی پێبدرێت لەگەڵ چەسپاندنی بابەتی چوار بارزنەیی و بەكارهێنانی تۆماری بایۆمەتری دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

-هاوتەریب لەگەڵ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كارابكرێتەوە و پۆستە فەڕاغەكانی نێو كۆمسیۆن پڕبكرێنەوە.

-داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەین پێداویستییە ئیدارییەكان و بودجەی پێویست بۆ هەڵبژاردن لەم ساڵدا دابین بكات.

-داوا لە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین بەگوێرەی رێككارە یاساییەكان رۆژی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەستنیشان بكات.

-هەروەها داوا لە تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین پاڵپشت بن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2023 لەو ‌وادە یاساییەدا كە دیاریدەكرێت.

چوارەم/ سەبارەت بە حكومەتی فیدڕاڵ و پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغداد: ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ دروستكردنی پەیوەندی دروست و ئاساین لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ بەگوێرەی ماددە و بڕگەكانی دەستوور بۆ چارەسەری هەموو كێشە و گرفتەكان كە ئێستا هەن یا دێنەپێش لەڕووی یاسایی و سیاسی و شایستە داراییەكانەوە، پێمانوایە توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكان و ئەم ڕێبازە خزمەتی زیاتر بە تەواوی گەلانی عێراق بەشێوەیەكی گشتی دەكات و سەرجەم بابەتەكان لە ڕێككەوتنی سیاسیی ئیدارەی دەوڵەت و كارنامەی كابینەی حكومەتی فیدراڵ‌ بەڕوونی ئاماژەیان پێكراوە و چەسپێندراون، بۆیە بە پێویستی دەزانین ئیلتیزام بەم رێككەوتنانە بكرێ و بكەونە بواری جێبەجێكردنەوە.

لەكۆتاییدا بە دانەواندنی سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی كورد و كوردستان كۆتایی بە كۆبوونەوەكە هێنرا.

 

مەكتەبی سیاسیی

پارتی دیموكراتی كوردستان

١٨ـی ١ـی ٢٠٢٣

هۆکارەکانی بوونی دووکەڵی سپی لە ئەگزۆزی ئۆتۆمبێل چییە؟
پێشت هۆکارەکانی بوونی دووکەڵی سپی لە ئەگزۆزی ئۆتۆمبێل چییە؟
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ كۆمەڵێك لەكونسوڵی گشتی و نوێنەرانی وڵاتە بیانییەكان كۆبووەوە
دواتر قوباد تاڵەبانی لەگەڵ كۆمەڵێك لەكونسوڵی گشتی و نوێنەرانی وڵاتە بیانییەكان كۆبووەوە
پەیوەندیدار