وەرزشكارێكی كورد سزای سێدارە درا


 

محەممەد مەهدی كەرەمی، خەڵكی بیجاڕ، كە لە كاتی ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی، یەكێك لە كوژراوانی خۆپیشاندانەكانی كەرەج دەستبەسەركرابوو، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و ئەگەری جێبەجێكردنی سزاكەی زۆرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەممەدی مەهدی كەرەمی، تەمەن ٢٢ ساڵ، لەلایەن دادگای شۆڕشی پارێزگای ئەلبۆرز بە سەرۆكایەتیی دادوەر موسا ئاسف ئەلحەسنی بە تۆمەتی “تاوان لەدژی ئاسایشی ناوخۆیی‌و شەڕ لەگەڵ خودا” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو بەشێوەیەكی فەڕمی لە بەندیخانە سزاكەی پێ ڕاگەیێندراوە.

دانیشتنی بەدواداچوون بۆ تۆمەتەكانی محەممەدی مەهدی كەرەمی و ١٤ هاووڵاتی دیكە لەژێر ناونیشانی دۆسییەی كوژرانی بەسیجێك بەناوی ڕوحوڵڵا عەجەمیان، ڕۆژی چوارشەممە، (٣٠ نۆڤەمبەر) بەڕێوەچووە كە لەو دانیشتنەدا ئەو لاوە كوردە وەك تۆمەتباری سەرەكی ئەو دۆسییەیە ناسێندراوە.

محەمەد مەهدی كەرەمی، دوو ڕۆژ دوای ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی لەلایەن هێزە حكومەتییەكان دەستگیركرابوو.

یەكێك لە نزیكانی بنەماڵەی كەرەمی لەم بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: محەممەد مەهدی لە ماوەی دەستبەسەركرانیدا لەژێر ئەشكەنجەی دڕندانەی ڕۆحی و فیزیكی و ناوەندە حكومەتییەكاندا بووە و ناوبراو لە چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵەكەیدا ئەو زانیارییانەی پشتڕاستكردووەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە مافی هەبوونی پارێزەری لەماوەی دەستبەسەركرانی و تەنانەت لە ڕۆژی دانیشتنی دادگاشدا نەبووە.

محەممەد مەهدی كەرەمی تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵكی گوندی كوتانی خواروو سەر بە شاری بیجاڕ و دانیشتووی نەزرئاباد لە شاری كەرەجە.

ناوبراو لە وەرزشی كاراتیدا چەندین مەدالیای لە ئاستی پارێزگا و ئێراندا بەدەست هێناوە.

مێسی بە باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ دەستنیشانكرا
پێشت مێسی بە باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ دەستنیشانكرا
هەولێر؛ بەگوژمەی چوار ملیار دینار 100 قوتابخانە نۆژەن دەكرێتەوە
دواتر هەولێر؛ بەگوژمەی چوار ملیار دینار 100 قوتابخانە نۆژەن دەكرێتەوە
پەیوەندیدار