سەردێر

وەزارەتی ناوخۆ: ئەوەی بچێتە سەر قەبران دوو ملیۆن دينار غەرامە دەكرێت

بنكەی پۆلیس و موختاری گەڕەكەكان بەرپرسن لە جێبەجێكردنی بڕیارەكە

خەڵك-
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێنمایی ‌و بڕیاری تایبەت بەڕۆژانی جەژنی قوربانی دەردەكات و دەڵێت “هەركەسێك لەجەژندا بچێتە سەرقەبران بەدوو ملیۆن دینار سزادەدرێت”.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە و 13 خاڵ لەخۆدەگرێت”هەركەسێك ڕەچاوی ماسك بەستن نەكات، 20 هەزار دینار سزا دەدرێت، پێویستە فەرمانبەرانی دامودەزگاكانی حكومەتیش ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن‌و هەر فەرمانبەرێك كەمتەرخەمی بكات، ڕێكاری ئیداریی بەرامبەر دەگیرێتەبەر”.

وەزارەتی ناوخۆ بەپێویستی دەزانێت، نوێژی جەژن‌ و نوێژە فەرزەكانی دیكە بەڕێكاری توندی خۆپارێزی ئەنجامبدرێن و نوێژخوێنان ڕەچاوی بەستنی ماسك بكەن ‌و مەودای دوو مەتر لەنێوانیاندا بێت.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، چونە سەرقەبران ‌و دانانی پرسە لەمزگەوت ‌و ماڵان، قەدەغە دەكات و بنكەی پۆلیس‌و موختاری گەڕەكەكانیش بەرپرسن دادەنێت لەجێبەجێكردنی ئەو ڕێكارانە،” هەركەسێكیش سەرپێچی بكات، دوو ملیۆن دینار سزادەدرێت”.

وابڕیارە ئەو بڕیارانەی وەزارەتی ناوخۆ لەئەمڕۆ دووشەممە 19-7-2021 جێبەجێبكرێن كە لەبەشێكیاندا، جەخت لەسەر داخستنی “هۆڵەكانی بوك گواستنەوە، بۆنەو ئاهەنگ‌و ڕێوڕەسمەكان‌ و هۆڵی نێو هۆتێلەكان”، دەكرێتەوە.

ئەم بڕیارنەی وەزارەتی ناوخۆ لەكاتێكدان كە پێشتر وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندبوو “تادێت توشبوانی كۆرۆنا ڕوی لەبەرزبونەوەیەو لە24 كاتژمێری ڕابردوشدا نزیكەی دوو هەزار كەس لەهەرێمی كوردستان توشبونەو 19 كەسیش گیانیان لەدەستداوە”.