سەردێر

ئەدڤۆكات پەیامێكی توند دەگەیەنێتە كۆرییەكان

خەڵك-
دیك ئەدڤۆكات، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانی عیراق، پەیامێكی توند دەگەیەنێتە هەڵبژاردەی كۆریاى باشوور، بەر لە یاریی هەڵبژاردەی نیشتمانی لەگەڵ كۆریا لە چوارچێوەی پاڵاوتنی جامی جیهانی 2022.

ئەدڤۆكات لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”شەرەفێكی گەورەیە جارێكی تر دەگەڕێمەوە بۆ كۆریا، كۆریا وڵاتێكی جوانە لە یادەوەریمدا، یاریگەكانیان جوانن، هەڵبژاردەی عیراقیش داوای لێكرد ببمە ڕاهێنەری لەپێناو گەیشتن بە جامی جیهان، بۆیە ئەوپەڕی توانامان دەخەینەگەڕ”.

بە وتەی ئەدڤۆكات”كۆریای باشوور كاندیدێكی بەهێزە بۆ سەركەوتن بۆ جامی جیهان، بەڵام هەستێكی باشم هەیە كە یاریی سبەینێ قورس دەبێت بۆ كۆریا”.

ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عیراق دەڵێت”لەو دەمەی ئەركی ڕاهێنەرایەتیم وەرگرتووە، كارم لەسەر بەرزكردنەوەی توانای جەستەیی یاریزانان كردووە، ئەمە بەشێكە كە دەبوو زۆر بایەخی پێبدەم، كاتێكی زۆر تێنەپەڕی كە دوو سێ هەفتەیە، یاریزانەكان خواستی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ كاركردن خستەڕوو”.

لە وەڵامی یەكێك لە ڕۆژنامەوانانیش سەبارەت بەوەی هەڵبژاردەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست یاریی دوادەخەنە و كات بەفیڕۆدەدەن، ئەدڤۆكات وتی:”ئێمە تیپێكی پیشەگەریین و حەزمان لێنییە كات بەفیڕۆبدەین”.

وابڕیارە سبەینێ پێنج شەممە، لە چوارچێوەی یارییەكانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2022، هەردوو هەڵبژاردەی عیراق و كۆریای باشوور لە سیئول بە یەك بگەن و یارییەكەش لە كاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆ بە كاتی بەغدا بەڕێوەدەچێت.