سەردێر

بەرازیل و ئیسپانیا بۆ یاریی كۆتایی ئۆڵۆمپیاد سەركەوتن

خەڵك-
هەڵبژاردەی بەرازیل بۆ یاریی كۆتایی كێبڕكێی تۆپی پێیی ئۆڵۆمپیادی تۆكیۆ سەركەوت، ئەمەش پاش بردنەوەی لە هەڵبژاردەی مەكسیك لە یاریی نیوەی كۆتایی.

هەڵبژاردەی بەرازیل لە یاریگای كاشیما سوكەر لە خولی نیوەی كۆتایی لە كێبڕكێی تۆپی پێی ئۆڵۆمپیادی تۆكیۆ، ڕووبەڕووی هەڵبژاردەی مەكسیك بۆوە، يەكسانبوون بە بێ‌ گۆڵ باڵی بەسەر كاتی تەواوی یارییەكەدا كێشا،ئەمەش لەكاتێكدا كە یاریزانانی بەرازیل هەلی زۆرییان بۆ گۆڵكردن لەدەستدا لە سایەی خۆڕاگری مەكسیكییەكان.

هەمان سیناریۆ لە دوو گێمی زیادكراو دووبارەبۆوە، بۆیە یارییەكە بە بێ‌ گۆڵ كۆتایی هات و هەردوو تیپ پەنايان بۆ لێدانی پەناڵتی برد بۆ یەكلایی كردنەوەی یارییەكە كە لەلایەن هەڵبژاردەی سامباوە بە ئەنجامی 4-1 یەكلایی كرایەوە.

ئەمە سێیەم جارە لەسەر یەك كە هەڵبژاردەی بەرازیل بۆ یاریی كۆتایی ئۆڵۆمپیاد سەردەكەوێت، دوای ئەوەی لە هەردوو خولی 2012 و 2016 گەیشتە یاریی كۆتایی.

لە یاریگای سایتاماش، هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی “لارۆخا” ڕوبەڕوی ژاپۆن بووەوە، یارییەکە بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام کۆتایى هات، گۆڵەکە لە خولەکی 115 لەلایەن مارکۆ ئاسینسیۆی ئەستێرەی ڕیاڵ مەدریدەوە تۆمارکرا.

بەپێی ئەنجامە تۆمارکراوەکەش، ئیسپانیا سەرکەوتنی بۆ یاری کۆتایی خولی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ 2020 تۆمارکرد، لە یاری کۆتاییشدا بەرانبەر بەرازیل یاریدەکات.