سەردێر

شەیتانەسوورەکان، دەیانەوێت ڤاران پەلکێشی یانەکەیان بکەن

خەڵک – وەرزش

ڕافائێل ڤارانی فەرەنسی و بەرگریکاری یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی، دەیەوێت لەگەڵ یانەکەی ئێستای بەردەوام بێت، شەیتانە سوورەکانیش دەیانەوێت پەلکێشی بکەن.

لە ئێستادا، یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی لە گفتوگۆدایە سەبارەت بە گواستنەوەی بەرگریكارە فەرەنسیەکە بۆ ریزی یانەکەی و بیکاتە دەستکەوتی گواستنەوەکانی ئەم هاوینەی، بەڵام ڤاران لەگەڵ یانەی شاهانە تا كۆتایی مانگی شەشی ساڵی 2023، گرێبەستی هەیە و تا ئێستاش ئەو یاریزانە لە پێناو نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ بەرپرسانی یانەكەی هیچ دانیشتن وگفتوگۆیەکی ئەنجام نەداوە.

ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، بڵاویکردووەتەوە، ڤاران لەگەڵ، کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری نوێی یانەی شاهانە قسەی کردوە و دڵنیای داوەتێ کە لە ریاڵ مەدرید دەمێنێتەوە.

بەپێی ڕۆژنامەی ئاس: ڤاران هیوادارە ئیدارەی یانەکەی ڕازی بکات بۆ ڕەتکردنەوەی پێشکەشکردنی گرێبەستێكی نوێ، كە دەیەوێت موچەیەکی بەرزتری هەبێت.

ڤاران ساڵی 2011 بە بڕی 10 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی لانسی فەرەنسییەوە ڕویكردەیانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی و یەکێکە لە بەرگریکارە دیارەکانی ئەو یانەیەو خاوەنی چەندین نازناوە.