سەردێر

بەلجیكا ڕووبەڕووی ئیتاڵیا دەبێتەوە

خەڵك-
لە چوارچێوەی یارییەكانی خولی چارەكی كۆتایی پاڵەوانێتی جامی نەتەوەكانی ئەوروپا، ئەمڕۆ هەینی هەڵبژاردەی بەلجیكا و ئیتاڵیا لە یاریگای “ئالیانز ئارینا” لە شاری مینشن ڕووبەڕووی یەكدی دەبنەوە.

هەڵبژاردەی بەلجیكا لە خولی شانزەدا دوای سەركەوتنی بەسەر هەڵبژاردەی پورتوگال بە ئەنجامی 1-0 بۆ خولی هەشت سەركەوت، لە هەمان كاتدا هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بە ئەنجامی 2-1 لە هەڵبژاردەی نەمساى بردەوە، دوای پەنابردن بۆ گێمی زیادە و توانی بۆ خولی هەشت سەربكەوێت.

ئەمشەو ئەو دوو هەڵبژاردەیە، وەك بەهێزترین هەڵبژاردەكانی پاڵەوانێتییەكە ڕووبەڕووی یەكدی دەبنەوە، بەو پێیەی لە چوار یاریی ڕابردوودا بردنەوەیان بەدەستهێناوە (3 یاریی خولی گروپەكان، یارییەكی خولی شانزە)، چاوەڕوانیش دەكرێت لە یاریی ئەمشەودا هەڵبژاردەی بەلجیكا كە لەلایەن ڕاهێنەری ئیسپانی رۆبرتۆ مارتێنیزەوە سەركردایەتی دەكرێت، بێ‌ بەش بێت لە خزمەتی كیڤن دی برۆین و ئیدین هازارد، دوو ئەستێرەی هەڵبژاردەكە، دوای ئەوەی لە یاریی پێشوویان لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال دووچاری پێكان هاتن.

براوەی یاریی ئەمشەو لە خولی نیوەی كۆتایی، بەر براوەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و سویسرا دەكەوێت كە كە بە هەمان شێوە لەمشەودا دەكرێت لە یاریگای (گاز پروم ئارینا) لە شاری سان پترسبورگی ڕوسی.