سەردێر

جگە لە بەرشەلۆنە چەند یانەیەكی تر داوای ئەگوێرۆ دەكەن

خەڵك-
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی ئينگلیزی، بەرشەلۆنە تاكە یانە نییە كە چاوی بڕیوەتە خزمەتەكانی سێرجیۆ ئەگوێرۆ ئەفسانەی یانەی مانشستەر سیتی لە میركاتۆی هاوینی داهاتوو.

ئەگوێرۆ دوێنێ‌ یەك شەممە، دوایین یاریی لەگەڵ مانشستەر سیتیدا كرد لە یاریگای (الاتحاد) لەبەرانبەر یانەی ئیڤرتۆن و توانی دوو گۆڵ تۆماربكات.

مانشستەر سیتی، چەند هەفتەیەك لەمەوبەر ڕۆیشتنی ئەگوێرۆی ڕاگەیاند لە دوای كۆتایی گرێبەستەكەی لەم وەرزە، بەمشێوەیە چەندان گریمانە لەبارەی ئایندەی یاریزانەكە خرانەڕوو.

وەك ڕۆژنامەی (زە سەن)يش باسی دەكات، 5 یانە هەوڵدەدەن ئەگوێرۆ بهێننە ڕیزەكانیان، دەركەوتووترین و نزیكترینیان یانەی بەرشەلۆنەیە.

ڕۆژنامەكە دەڵێت، یانەكانی نیويۆرك سیتی، پاریس سان جێرمان، یوڤنتۆس، چێڵسی، بە هەمان شێوە ئەگوێرۆیان دەوێت.

لەگەڵ ئەمەشدا پیپ گواردیۆلا، بەڕێوەبەری هونەری مانشستەر سیتی ڕایگەیاند، ئەگوێرۆ نزیكە لە گەیشتن بە ڕێكەوتن لەگەڵ بەرشەلۆنە، تا لە وەرزی داهاتوودا لەگەڵ یانەكەدا یاریی بكات.