سەردێر

یۆڤی دۆڕا، ڕیاڵ یەکسان بوو، مانچستەر یونایتد، بردییەوە

خەڵک – وەرزش

 

یانەی یۆڤانتۆس، خەونی گەیشتن بە چامپیۆنس لیگی لەدەستدا و یانە مەدریدییەکەش لە دوا ساتەکاندا فریای خۆی کەوت و لەگەڵ سیڤیلییە یەکسان بوو، مانچستەر یونایدتیدش بلیتی داهاتووی بۆ چامپیۆنس لیگ بڕی.

لە میانەی یارییەكانی هەفتەی 35ی خولی یانەكانی ئیتاڵیا و لە یاریی لوتكەدا یانەی یۆڤانتۆس لە یاریگای خۆی میوانداری یانەی ئەی سی میلانی كرد و یارییەكەی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ بەرامبەر پێ دۆڕاند، گۆڵەكانی میلان ئیبراهیم دیاز و ئانتی ریبیچ و تۆمۆری تۆماریان كرد.

میلان بە بردنەوەی لە خانمە پیرەکە، بۆ پلەی سێیەمی ڕیزبەندی سەركەوت و یۆڤیش چووە پلەی پێنجەم.

 

لە لایەکی دیکەوە و لە چوارچێوەی یارییەكانی هەفتەی 35ی خولی یانەكانی ئیسپانیا، یانەی ریاڵ مەدرید لە یاریگەی خۆی میوانداری یانەی سیڤیلیەی كرد، یارییەكە بە دوو گۆڵ بۆ هەردولا كۆتایی هات، گۆڵەکانی سیڤیلییە، فرناندۆ لە خولەكی 22 ، راكێتیچ لە خولەكی 78 تۆماریان کرد.

هاوکات لە خولەكی 67 ئەسێنسیۆ گۆڵی بەرامبەری بۆ یانەی ریاڵ مەدرید تۆماركردەوە و لە دواخولەكی یارییەكە دیگۆ كارلۆس بە هەڵە گۆڵێكی لە خۆیان تۆماركرد و یارییەكەش بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ كۆتایی هات.

بە ئەنجامی ئەم یارییە، ریاڵ مەدرید بە كۆكردنەوەی 75 خاڵ لە پلەی دوەم و ئەتلەتیكۆش بە كۆكردنەوەی 77 خاڵ پلەی یەكەمی گرتووە.

 

لە یارییەكانی خولی یانەكانی ئینگلتەراشدا، یانەی ئەستۆن ڤێلا لە یاریگەی خۆی میوانداری یانەی مانچستەر یونایتدی كرد و یاریەیكەی بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ پێ دۆڕاند، بەم بردنەوەیە یانەی مانچستەر یونایتد سەركەوتنی بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو مسۆگەركرد.