سەردێر

ڕیاڵ و بەرشە و یۆڤانتۆس دڵیان لای سوپەی ئەوروپایە

خەڵک – وەرزش

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا (یوێفا)، سزای بەسەر یانە بەشدارەکانی خولی سوپەری ئەوروپیدا سەپاند و بەشێک لە یانەکانی بەشدار لەو خولە وەڵامێکی توندی (یوێفا)، دەدەنەوە.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا “یوێفا” لەبارەی یانە دامەزرێنەرەکانی خولی سوپەری ئەوروپی بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لە نۆ یانە کە لە خولی سوپەر مەیلی بەشدارییان نواندبوو و دواتر پەشیمان بوونەوە.

لێخۆشبوون لەو نۆ یانەیە، کە بریتین لە یانەکانی(مان یونایتد، مانسیتی، چێڵسی، ئارسیناڵ، لیڤەرپوڵ، تۆتنهام، ئەتلەتیکۆ مەدرید، ئینتەرمیلان، ئەی سی میلان)، تەنها بارە وەرزشییەکان دەگرێتەوە و لە ڕووی داراییەوە بۆ وەرزی داهاتوو سەرجەمیان بە ڕێژەی لەسەدا پێنج داهاتی بەشداریکردنیان لە خولەکانی ئەوروپا کەم دەکرێتەوە.

هاوکات لە ئەگەری بەشداریکردنەوەی ئەو یانانە، لە خولی سوپەری ئەوروپیدا، یان هەر خولێکی دیکە، بەبڕی 100 ملیۆن یورۆ سزای دارایی بەسەریاندا دەسەپێنرێت.

لە لایەکی دیکەوە، سێ یانە گەورەکەش (ڕیاڵ مەدرید، بەرشلۆنە، یوڤانتۆس) ئەم سزایانە نایانگرێتەوە، چونکە ئەو یانانە تائێستا لە مەیلی بەشدارییان لە خولی سوپەری ئەوروپیپاشگەز نین، وەک ڕێکارێکیش بەرامبەریان، بەبڕیاری (یوێفا) لەئەگەری پاشگەز نەبوونەوەیان، پێشنیازکراوە کە بۆ وەرزی داهاتوو لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دووربخرێنەوە.