سەردێر

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، بێدەنگی شکاند

خەڵک – وەرزش

کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەستێرەی پرتوگالی و هێرشبەری یانەی یۆڤانتۆسی ئیتالی، وەڵامی رەخنەگرانی دەداتەوە و دەڵێت؛ “پاڵەوانە ڕاستەقینەکان شکست ناهێنن و بە ڕەخنە ناڕوخێن”.

دوای کردنە دەرەوەی یانەکەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، ڕەخنەیەکی زۆر ئاڕاستەی هێرشبەرە پرتوگالییەکە کرا بەوەی وەک پێویست ڕۆڵی لەسەرخستنی تیپەکەیدا نەبووە، دوای بێدەنگییەکی زۆر کریس وەڵامی ڕەخنەکانی دایەوە.

قسەی زۆر لەسەر ئاست و تواناکانی دۆنی پرتوگالی هەیە و کار گەیشتووەتە ئەوەی دەستبەرداربوونی یانەکەی لێی بووەتە مانشێتی رۆژنامەکان و بەردەوام باس لە لێکترازانی دۆن و خانمە پیرەکە دەکرێت، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی دەکرێن، کریستیانۆ لە ئینستاگرامی خۆی نوسیوییەتی؛ ژیان پڕە لە ئەزموونی جۆراوجۆر، لەژیانماندا ڕەنگە تاڵی ئەزموونێکی سەخت بچێژین ، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە جارێکی تر چەند خێراو بەهێز دۆخەکە لەبەرژەوەندیت بقۆزیتەوە بۆیە “پاڵەوانە ڕاستەقینەکان هەرگیز ناشکێن و شکست ناهێنن”.

ڕۆناڵدۆ لە هاوینی ساڵی 2018 لە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە چووە ڕیزی یانەی یۆڤانتۆس، بەهیوای ئەوەی یارمەتی “خانمە پیرەکە” بدات لە بەدەستهێنانی چامپیۆنس لیگ، بەڵام هاتنەکەی ئەو خەونەی بۆ یانەکە نەهێنایەدی.