سەردێر

ئەڵمانییەکان لەئۆزێل توڕەن

خەڵک – وەرزش

مەسعود ئۆزێلی (کوردی – تورکی- ئەڵمانی)، کە بەم دوواییانە پەیوەندی بە یانەی فەنەرباخچەی تورکی کرد، بە هۆی وتنەوەی مارشی نیشتمانی تورک، بووەتە جێی ڕەخنەی هاووڵاتیانی ئەڵمانی و ڕۆژنامەیەکی ئەو وڵاتە.

 

بەر لەدەستپێکی یارییان و دۆڕاندنیان بە ئەنجامی 1-0 بەرامبەر یانەی گۆزتیبی، ئۆزیل لەگەڵ یاریزانانی تیمەکەی دەرکەوت و سرودی نیشتمانی تورکیای دەوتەوە، ئەمەش میدیاکانی ئەڵمانیا و هاووڵاتیانی نیگەران کرد.

ڕۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی، ڕەخنەی توندی لە ئۆزێل گرت، کە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی ئامادە نییە سرودی نیشتمانی بڵێتەوە بەڵام لەگەڵ یانەکەیدا ئامادەیە ئەو کارە بکات.

 

ڕۆژنامە ئەڵمانییەکە نووسیویەتی “ئۆزیل لەیانە نوێکەیدا وەک گۆرانیبێژێک دەم هەڵدێنێ و سرودی نیشتمانی دەڵێتەوە، بەڵام لەساتی وتنەوەی سرودی نیشتمانی وڵاتەکەیدا دەمهەڵناهێنێ .

ئۆزێل پێشتر ڕایگەیاندبوو؛ من لەکاتی وتنەوەی سرودی نیشتمانی ئەڵمانیا سەرقاڵی نزاکردنم بۆ تیپەکەم و ئەمەش هۆکارە بۆ نەوتنەوەی سرودی نیشتمانی لەگەڵ هاوڕێیانم، بۆیە لەو بڕوایەدام نزاو پاڕانەوەکان هێزو گوڕم پێدەبەخشن تا سرودەکە.

 

ئۆزیل 92 یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کردووە و 23 گۆڵی تۆمار کردووە، دوای مۆندیالی 2018 وەک کاردانەوە بەرامبەر چەند هەوڵێکی ڕەگەز پەرستانە دەستبەرداری یارییە نێودەوڵەتەییەکان لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بوو.

 

ئۆزێل لە پێش مۆندیالی 2018 ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەوە لەلایەن ڕۆژنامەکانی ئەڵمانییەوە کاتێک لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا وێنەی گرتبوو.

 

ئۆزێل تا ئێستا لە پێنج یاریدا لەگەڵ فەنەرباخچەی دووەمی ڕیزبەندی خولی تورکی، هیچ گۆڵێکی تۆمار نەکردووە.