سەردێر

حەبیب: ڕۆناڵدۆ دەمکاتە یاریزانێکی ئاستبەرزی تۆپی پێ

خەڵک – وەرزش

ئەستێرە و پاڵەوانی یارییەکانی هونەری جەنگی، حەبیب نور محەمەدۆڤ، پەیوەندی بەکریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی یۆڤانتۆسی ئیتالی و بەرپرسانی پاریس سانت جێرمانی فەرەنسی کردووە، بۆ ئەوەی لە جیهانی تۆپی پێدا دەست بەپیشەیەکی نوێ بکات.

بە پێی ڕاپۆرتی دەیلی ستار، حەبیب دەیەوێت خەونی منداڵی خۆی بۆ یاریکردن لەبواری وەرزشی تۆپی پێ بەدیبهێنێت بە تایبەت دوای واز هێنانی لەیاریی زۆرانبازی .

حەبیب نور محەمەدۆڤ ئەفسانەی هونەری جەنگی دوای یاریکردن بەرامبەر جەستن گێتی ئەمریکایی کە نمایشەکەی لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیماراتی عەرەبی بەڕێوەچوو، وازهێنانی یەکجارەکی لەو هونەرە ڕاگەیاند.

ئەم پاڵەوانە، باسی لەوەکردووە، هەریەکە لە رۆناڵدۆی پرتوگالی و خاوەنی یانەی پاریس سانت جێرمانی فەرەنسی و ئەلێکساندەر سێفرینی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا، ئامادەییان دەربڕیوە هاوکاری بن بۆ بەدیهێنانی خەونەکەی.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی “ماتش تی ڤی” ی روسیا، ئەوەشی وتووە، یاریکردنی تۆپی پێ لەسەر ئاستی پیشەیی “خەونێکی منداڵیمە”.

حەبیب پێشتر، لە هەژمارەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردبووەوە و نوسیویبووی “ئامادەیە دەست بە یاریی تۆپی پێ بکات و چاوەڕێ ئۆفەری یانەکان دەکات و هەر یانەیەک داوای لێ بکات، ئەوا ئامادەیە یارییان بۆ بکات”.

حەبیب، پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ یاریزانانی تۆپی پێ بە تایبەت کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەیە.