سەردێر

عەدنان درجال: بەسرە ئامادەیە

وەزیری لاوان و وەرزشی عیراق، ئامادەیی پارێزگەی بەسرە بۆ میوانداریكردنی پاڵەوانێتی كەنداوی 25ی داهاتوو، ڕادەگەیەنێت.

عەدنان درجال، وەزیری لاوان و وەرزشی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”ئامادەبوونی لیژنەی كەنداو لە یاریی نێو عیراق و كوێت كە سبەینێ‌ سێ‌ شەممە لە یاریگای (جذع النخلة) لە بەسرە بەڕێوەدەچێت، لەو كاروبارانەیە كە بۆ مەبەستی بەسەركردنەوەی دامەزراوە وەرزشییەكان و ژێرخان و ئاڵوگۆڕپێكردنی ڕاوبۆچوونەكانە و پاڵپشتی لە دۆسێی میوانداریی پاڵەوانێتییەكە دەكەن لە عیراق”.

بە وتەی درجال”لەپێناو بواردان بە جەماوەر بۆ تەماشاكردنی یاریی هەڵبژاردەی نیشتمانی لەگەڵ هەڵبژاردەی كوێت، لەڕێی هەموو كەناڵە ئاسمانییەكانەوە دەگوزارێتەوە، هەرچەندە هیواخوازبوین دەرگاكانی یاریگاكە بەڕووی جەماوەردا بكرێنەوە كە فاكتەرێكی ورەبەرزكردنەوەیەكی باش بوو بۆ یاریزانەكان تا ئاستێكی باشتر پێشكەش بكەن”.

بۆ مەبەستی ئەنجامدانی یارییەكی دۆستانە لەگەڵ هەڵبژاردەی عیراق، ئەمڕۆ هەڵبژاردەی كوێت گەیشتە بەسرە و بڕیاریشە سبەینێ‌ سێ‌ شەممە لە یاریگەی (جذع النخلة) لە بەسرە یارییەكە سازبكرێت كە بە یاریگەیەكی ناوازە لە عیراق و ناوچەكەدا دادەنرێت و پاڵەوانێتی داهاتووی كەنداو لەئامێزدەگرێت.

خەڵك- بەشی هەواڵ