خەڵك- بەشی هەواڵ

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەیی هەرێمی كوردستان بۆ ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021دا دەردەبڕێت و دەڵێت، ئەو بڕگانەی لە پڕۆژەكەدا پەیوەستن بە هەرێمی كوردستانەوە، “هەم رازیین پێی و هەمیش پابەند دەبن پێوەی”.

ئەمڕۆ دوای كۆبونەوەی لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، “رێككەوتنی هەرێم و بەغدا لە موازەنەی 2021دا رەنگیداوەتەوە، ئەو موازەنەیە بەرەو پەرلەمان دەچێت و گفتوگۆیەكی جددی لە پەرلەمان لەسەر ئەنجامدەدرێت بزانین دەرئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەی نێوان لایەنە سیاسیەكان و لیژنە پەیوەندیدارەكان دەمان گەیەنێت بە كوێ، بەڵام ئەوەی تا ئێستا هەیە رێككەوتنێكە لەسەر بودجەی 2021 كە بەشێكی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە”.

بە وتەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان”ئێمە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بەشەی كە پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمەوە هەیە هەم رازیین پێی هەم پابەند دەبین پێوەی”.

قوباد تاڵەبانی دەڵێت “ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕی بو لە رابردو لە مانگی 11ی ساڵی 2019 لە رێككەوتنەكەمان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ، ئێستاش لە پڕۆسەی گفتوگۆكردن و پەسەندكردنی موازەنەی 2021 وتومانە ئێمە ئامادەین 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشین وەكو چۆن لە پڕۆژە یاسای موازنەكەدا هاتوە”.

لەبارەی ئەنجامەكانی سەردانی ئەم دواییەی شاندی هەرێمی كوردستان و ڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەبارەی پشكی داریی هەرێم لە بودجەی ساڵی داهاتووی عیراق و مووچەی فەرمانبەران، ئەمڕۆ دوو شەممە، شاندی دانوستانكار و سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان و لیژنەكانی دارایی و سامانەسروشتییەكان و یاسایی كۆبونەوەیەكیان سازكرد و هەریەك لە فراكسیۆنەكانی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و یەكگرتوی ئیسلامی كوردستانیش بەشداری كۆبونەوەكەیان نەكرد.