ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی و برێت مەکگۆرک ئاشکرابوو


قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ برێت مەکگۆرک رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا دۆخی هەرێمی کوردستان و چۆنییەتی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانیان تاوتوێ کرد.

کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سێشەمە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو و شاندی ئەمریکا پشتگیری خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و جەختیان  لەسەر بەردەوامیدان بە هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازی لە وەزارتی پێشمەرگەدا کردەوە و هیوای ئەوەشیان خواست کە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەڕێی گفتوگۆ و دانووستانەوە چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان بکەن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی وزە و سیاسەتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کرا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند؛ دەبێت هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال پەلە بکەن لە رێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز بۆ ئەوەی کۆتایی بەو ناکۆکییانە بهێنرێت کە چەندین ساڵە هەیە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش، جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند؛ لەم قۆناغەدا پەیوەندییەکان لە ئاستێکی باشدان و پێویستە ئەم دەرفەتە بەکاربهێنین تا رێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن لەسەر بودجە و یاسای نەوت و گاز و هەموو ئاستەکانی دیکەدا بکرێت کە لە بەرژەوەندی هەموو هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان بێت.

لەمبارەیەوە وەفدی ئەمریکا پشتگیری خۆیان بۆ بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە دەربڕی و ئامادەییان نیشاندا هاوکاری هەر دوو حکومەت بکەن بۆ ئەوەی بە رێککەوتنێکی گشتگیر بگەن کە لە خزمەتی هاوڵاتیانی کوردستان و عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا بێت.
لە کۆبوونەوەکەدا دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدار بوو.

فازڵ میرانی: كێ دەڵێت لەگەڵ یەكێتی كێشەمان هەیە؟
پێشت فازڵ میرانی: كێ دەڵێت لەگەڵ یەكێتی كێشەمان هەیە؟
شایستەی جوتیارانی هەرێم دابەش دەكرێت
دواتر شایستەی جوتیارانی هەرێم دابەش دەكرێت
پەیوەندیدار