بەرپرسێكی حكومەتی هەرێم دەستی لەكاركێشایەوە


بەهۆی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەكانەوە و چارەسەر نەكردنی كێشەكانی هاووڵاتیانی سنوورەكەی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، قائیمقامی شارۆچكەی پێنجوێن دەستی لەكاركێشایەوە.

زانا ڕەحمان، قائیمقامی پێنجوێن لە ڕاگەیەنراوێكدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەكرد، چەندین ساڵە لێپرسراوانی سەرووی خۆمان دەستەوسان بوون و نەیانتوانیوە ئاوڕێكی جدی لە سنوری قەزای پێنجوێن بدەنەوە و بودجە و خزمەتگوزاری پێویستی بۆ دابین بكەن.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

بسم الله الرحمن الرحيم

(لَا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا)

دەست بەرداربوون
ماوەی زیاتر لە (٨) هەشت ساڵە ئەمانەتی بەرپرسیارێتی پۆستی قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن لەسەر شانمە و نێوانی خۆم و خودای گەورە بۆ یەك ساتیش خیانەت و كەمتەرخەمیم لە كارەكەمدا نەكردووە و پۆستی قائیمقامییەتیم بۆ بەرژەوەندی تایبەتیم بەكارنەهێناوە. وە هەمیشە پاڵپشت و داكۆكیكاری مافەكانی هاووڵاتییانی خۆشەویستی قەزاكەم بووم و لەخۆشی و ناخۆشییاندا بەشدار بووم.

بەداخەوە چەندین ساڵە لێپرسراوانی سەرووی خۆمان دەستەوسان بوون و نەیانتوانیوە ئاوڕێكی جدی لە سنوری قەزای پێنجوێن بدەنەوە و بودجە و خزمەتگوزاری پێویستی بۆ دابین بكەن ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داواكاری پێنجوێنمان گەیاندووە پێیان.

زیاتر لە ماوەی سێ ڕۆژە بەشێكی زۆری هاووڵاتییانی خۆشەویستی قەزاكەم لەسەر جادەن و داوای چاككردنی بارودۆخی كارەبا دەكەن بەڵام تا ئێستا بێ وەڵام ماوینەتەوە و كێشەكەمان بۆ چارەسەر نەكراوە سەرەڕای ئەوەی دەیان جار لە دەرگای لایەنە پەیوەندیدارەكانمان داوە.

بۆیە وەك بەرپرسێك كە هەستی بەرپرسیارێتیم هەیە لەبەردەم خودای گەورە و ئەمانەتی بەرپرسیارێتیم لەسەر شانە بەرامبەر بە خەڵكی سنووری قەزای پێنجوێن دەست بەرداری پۆستی قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن دەبم وەك دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەدەمەوە نەهاتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دابین نەكردنی خزمەتگوزارییەكانی سنووری قەزای پێنجوێن.

داوای لێبوردن لەخودای لێبووردە و میهرەبان و پاشان خەڵكی خۆشەویستی سنووری قەزای پێنجوێن دەكەم لە هەر كەموكورتییەك لە كاروبارمدا هەبووبێت.

لە كۆتاییدا زۆر سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەم كە هاوكار و پاڵپشتم بوون بۆ باشتر ڕاپەڕاندنی كارەكانی قائیمقامییەتیم لە (دام و دەزگاكانی حكومی و مامۆستایانی ئایینی و لایەنی ئەمنی و لایەنە سیاسییەكان و كەسایەتییە خێرخوازەكان و فەرمانبەرانی قائیمقامییەت و ئەوەی ڕۆژێك لە ڕۆژان بەتەنها وشەیەكیش یارمەتیدەرم بووبێ بۆ باش بەرەوپێش چوون و سەركەوتنم) وە زۆر سوپاسی بزووتنەوەی گۆڕان و مەكۆی پێنجوێن دەكەم كە متمانەیان پێكردم و بەرپرسیارێتی پۆستی قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن یان بەمن سپارد.

جێی شانازی بوو بۆ من كە وەك پێنجوێنییەك ماوەی( ٨) هەشت ساڵ لەخزمەتی هاووڵاتییانی سنووری قەزاكەمدا بووم.

پێنجوێنی بوونم شانازییە بۆم و شانازی بە گەورە و بچووكی پێنجوێنییەكانەوە دەكەم.

رَبَّنا تَقَبَّلْ مِنَّا إِنَّكَ أَنْتَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ…

وَتُبْ عَلَيْنا إِنَّكَ أَنْتَ التَّوَّابُ الرَّحِيمُ…

زانا ڕەحمان ڕەحیم
قائیمقامی قەزای پێنجوێن

سوپای توركیا دوو شوان لە برادۆست بریندار دەكەن
پێشت سوپای توركیا دوو شوان لە برادۆست بریندار دەكەن
سودانی و شۆڵتز لەسەر گێڕانەوەی پارە دزراوەكانی عێراق ڕێككەوتن
دواتر سودانی و شۆڵتز لەسەر گێڕانەوەی پارە دزراوەكانی عێراق ڕێككەوتن
پەیوەندیدار