سەرکۆ گەڵاڵی: داهاتی مانگی رابردووی حكومەتی هەرێم (ترلیۆنێك و 400 ملیار) دیناربووە


سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی لیژنه‌ى دارایى و كاروبارى ئابورى رایگه‌یاند، دوای دەرکردنی كۆی خەرجیەکانی ئه‌مساڵ حكومه‌ت 400 ملیار دینار زیاده‌ داهاتی هه‌یه‌، كه‌ “كه‌س نازانێت بۆ كوێ ده‌برێت”، نه‌ك ته‌نها ئه‌و 400 ملیار دیناره‌، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم مووچه‌كه‌ نه‌دات، ئه‌وا كه‌س نازانێت چاره‌نوسی تریلیۆنێك دیناریش كه‌ موڵك و مافی خه‌ڵكه‌ ده‌كه‌وێته‌ كام گۆمی لێڵی فێڵی سیاسییه‌وه‌”.

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، نووسینێکی بڵاوکردووەتەوە له‌باره‌ی موچه‌ی مانگی 12ی 2022، ودەشڵێت:”وادیاره‌ حكومه‌ت ده‌یه‌وێت هه‌ر ساڵێك به‌ قه‌یرانێك كۆتایی پێبهێنێت، ساڵ به‌ ساڵ و قه‌یران به‌ قه‌یران بسپێرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی راسته‌قینه‌ بۆ كۆی كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكات، قه‌یرانی ئه‌مساڵ په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی هه‌یه‌ به‌ ژیانی تاك به‌ تاكی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و بریتییه‌ له‌ دابه‌شنه‌كردنی موچه‌ی مانگی 12 و هێشتنه‌وه‌ی سه‌دان هه‌زار كارمه‌ند‌ی مافخوراو له‌ بازنه‌ی داخراوی پێویستی و هه‌ژاریدا”.

راشیگەیاند:” ئه‌‌گه‌ر له‌مساڵدا كه‌ نرخی به‌رمیلێك نه‌وت گه‌یشته‌ سه‌رو 100 دۆلاری ئه‌مریكی، “حكومه‌ته‌ ناساواكه‌”ی هه‌رێمی كوردستان، نه‌یه‌وێت یان نه‌توانێت مووچه‌ دابین بكات، ئایا له‌ ساڵی ئاینده‌ كه‌ نرخی نه‌وت بۆ ئاستێكی مه‌ترسیدار هه‌رزان ده‌بێت، چۆن موچه‌ دابین ده‌كات؟ چه‌ند موچه‌ له‌ ساڵێكدا ده‌دات به‌ كارمه‌نده‌كانی؛ چوار مووچه‌، هه‌شت مووچه‌، یان زیاتر؟.

دەشڵێت:”ژمێریارێكی ئاسایی ده‌زانێت كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ نه‌بونیدا نییه‌ كه‌ مووچه‌ی مانگی 12ی ساڵی 2022 نادات، به‌ڵكو نه‌دانی مافی مووچه‌ به‌ خاوه‌ن مافه‌كان، هۆكاری تایبه‌تی تری هه‌یه‌”.

باسیلەوەشکردووە:”حكومەت تەنها لە مانگی 11ی ئەم ساڵ داهاتەكەی یەك تریلۆن و 420 ملیار دینار بوە، هاوكات كۆی خەرجی و پارەی مووچەش بۆ مانگی 11، ته‌نها پێویستی بە كه‌متر له‌ یه‌ك ترلیۆن دینار بوە، كەواتە حكومەت نه‌ك كورتهێنانی نییه‌، به‌ڵكو 400 ملیار دیناریشی زیادە بوه‌ و پارەی ته‌واوی لەبەردەست بوه‌ كه‌ مووچەی مانگی 12 بدات، به‌ڵام نه‌یداوه‌”.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ داهات و خەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە بڵاودەکرێتەوە

یه‌كه‌م: بەپێی داتای فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان:

– فرۆشی نەوت لە مانگی 11/ هەناردەکردنی نەوت ڕۆژانە بریتیە لە 324 هەزار و 400 بەرمیل نەوتی خاو.

– هەناردەکردنی نەوت بە بۆری جیهان بۆ مانگی 11/ کۆی گشتی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوی تۆماركراو بریتیە بوە لە 9 ملیۆن و 732 هەزار بەرمیل نەوتی خاو.

– یه‌ك بەرمیلی نەوتی كوردستان بە 74 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی فرۆشراوە.

– كۆی گشتی ئه‌م داهاته‌ دەکاتە 720 ملیۆن و 168 هەزار دۆلار، كه‌ به‌ نزیكه‌یی بە دینار دەکاتە یەک ترلیۆنێك و 80 ملیار و 250 ملیۆن دیناری عێراقی.

دوه‌م: داهاتی ناوخۆی سلێمانی 103 ملیار دیناربووه‌.

سێیه‌م: داهاتی ناوخۆی پارێزگای و هەولێر و دهۆک 210 ملیار دینار بووه‌.

چواره‌م: 27 ملیار دینار هاوکاری هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابینكراوه‌.

پێنجه‌م: کۆی گشتی داهاتی هه‌رێمی كوردستان له‌م مانگه‌دا بریتیە لە یەک ترلیۆن و 420 ملیار دینار.

شه‌شه‌م: له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م داهاته‌دا، خەرجی مووچەی حکومەت بۆ موچە خۆران بریتییە لە 900 ملیار دینار، خەرجی سەرۆکایەتیەکان و وەزارەت و دەستەکان 120 ملیار دیناره‌، كه‌واتا کۆی گشتی خەرجی هه‌رێم بۆ مانگێك بریتییە لە ته‌نها یەک ترلیۆن و بیست ملیار دینار.

حه‌وته‌م: دوای دەرکردنی كۆی خەرجیەکان، حكومه‌ت 400 ملیار دینار زیاده‌ داهاتی هه‌یه‌، كه‌ كه‌س نازانێت بۆ كوێ ده‌برێت، نه‌ك ته‌نها ئه‌م 400 ملیار دیناره‌، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم مووچه‌كه‌ نه‌دات، ئه‌وا كه‌س نازانێت چاره‌نوسی تریلیۆنێك دیناریش كه‌ موڵك و مافی خه‌ڵكه‌ ده‌كه‌وێته‌ كام گۆمی لێڵی فێڵی سیاسییه‌وه‌.

سەرکۆ گەڵاڵی راشیگەیاندووە:”حكومه‌تێك كه‌ به‌پێی ژماره‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كانی خۆی، توانای دابه‌شكردنی مووچه‌ی هه‌بێت كه‌ بیدات و نه‌یدات، پرسیاری گه‌وره‌ له‌سه‌ر خۆی دروست ده‌كات، ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ به‌ ده‌نگی به‌رز ئه‌و پرسیاره‌ له‌ حكومه‌ت بكه‌ین كه‌ كوا موچه‌كانی ئه‌و خه‌ڵكه‌؟، هەمو فشارێك دەكەین تا له‌ ساڵێكی پڕ داهاتی وه‌ك 2022دا، رۆژمێری حكومەتی هه‌رێم بۆ موچە نەبێتە 11 مانگ!”.

کاتی تەواوبوونی پردی دەربەندی رانیە راگەیەندرا
پێشت کاتی تەواوبوونی پردی دەربەندی رانیە راگەیەندرا
عەلی باپیر: ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ له‌ حوکمڕانیدا شکستی هێناوە
دواتر عەلی باپیر: ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ له‌ حوکمڕانیدا شکستی هێناوە
پەیوەندیدار