دەنگۆ هەیە ١٠٠ دۆلار بكرێت بە ١٣٠ هەزار دینار



توركی عتێبی سەركردە لە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایدەگەیەنێت، نرخی خەرجی دۆلار بەر لە كۆتایی   ٢٠٢٢دەگەڕێتەوە ڕەوشی ئاسایی خۆی، ئاماژە بە بوونی ئەو بیرۆكانەش دەكات كە گفتووگۆیان لەبارەوە دەكرێت، تا نرخی ١٠٠ دۆلار بكرێت بە ١٣٠ هەزار دینار.


عتێبی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە:”نرخی خەرجی دۆلار لە بازاڕەكانی عیراقدا بەر لە كۆتایی ٢٠٢٢  دەگەڕێتەوە ڕەوشی ئاسایی خۆی، و ڕەنگە بگاتە نرخی فرۆشتنی بانكی ناوەندی لەگەڵ زیادبوونی فرۆشتنی دۆلار بە بانكە حكومی و ئەهلییەكان و بەپشتبەستن بەو چارەسەرانەی قسەیان لەسەر دەكرێت”.

بە وتەی ئەو سەركردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی:”نرخی دۆلار گەر بگەڕێتەوە ڕەوشی ئاسایی خۆی هەر بە بەرزی دەمێنێتەوە و گوشار لەسەر بازاڕەكان دروستدەكات، بە تایبەت نرخی ماددە سەرەكییەكان و ماددە خۆراكییەكان، بۆیە لەئێستادا بیرۆكەی دابەزاندنی نرخی خەرج هەیە بۆ ١٤٠ یان ١٣٥ هەزار دینار، لەپێناو خولقاندنی هاوسەنگی لەبازاڕەكان، ئەمەش دەبێتە مایەی دابەزانێكی گونجاو بۆ نرخەكان، ئەو هەنگاوانەش لە ٢٠٢٣ تاوتوێ‌ دەكرێن و بەندن بە بانكی ناوەندی، بەو پێیەی لەو ڕووەوە دەسەڵاتی تەواوەتی هەیە”.

توركی عتێبی پێیوایە:”هەمەجۆركردنی یەدەگە داراییەكانی عیراق بۆتە پێویستییەكی ستراتیژی لەسایەی ڕەوشی نێودەوڵەتی و تەنگژە یەك لەدوا یەكەكان”، ئاماژەی بەو بڕیارە گرنگانەش كرد كە بەپێی زانیارییەكانی ئەو لەئێستادا تاوتوێ‌ دەكرێن.

نرخی دۆلار لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەی دواییدا بەشێوەیەی نائاسایی ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد، بەجۆرێك نرخی ١٠٠  دۆلار لە ١٦٠ هەزار دینار نزیكبۆوە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێی لەنێو هاووڵاتیان و بازرگاناندا دروستكرد، سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و پێداویستییە سەرەكییەكان لە بازاڕدا.

 

هەڵەبجە؛ بەهۆی دەستكاری كردنی چەكێكی دەمانچەوە گەنجێكی ٢٤ ساڵ بەسەختی بریندار بوو
پێشت هەڵەبجە؛ بەهۆی دەستكاری كردنی چەكێكی دەمانچەوە گەنجێكی ٢٤ ساڵ بەسەختی بریندار بوو
مپاپێ‌ لەبارەی گۆڵپارێزەكەی ئەرجەنتينەوە بێدەنگی شكاند
دواتر مپاپێ‌ لەبارەی گۆڵپارێزەكەی ئەرجەنتينەوە بێدەنگی شكاند
ەیوەندیدار