ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

داوای پێكهێنانی حكومەتی رزگاریی نیشتمانی و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان دەكرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

 ئەسیل نوجێفی پارێزگاری پێشووی نەینەوا و ئەندامی هاوپەیمانی قەراری عێراقی داوای پێكهێنانی حكومەتی رزگاری نیشتمانی لە عێراق دەكات دوای سەلماندنی ساختەكردنی هەڵبژاردنەكان كە بەهۆیەوە قەیرانێك دروستبووە، كە بە رەتكردنەوەی ئەنجامەكان و سوتاندنی سندوقەكان دەستیپێكرد.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری نوجێفییەوە بڵاویكردەوە،  ئەنجامەكانی هەڵبژاردن یەك كەسیشی قایل نەكرد، بۆیە پێویستە حكومەتی رزگاری نیشتمانی پێكبهێندرێت بۆدووبارە بنیاتنانەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت و سیستمێكی هەڵبژاردن پێش سازكردنی دروستبكرێت، كە بڕواپێكراو بێت.

لای خۆیەوە ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی وەتەنییە داوای دووبارەكردنەوەی  هەڵبژاردنەكان دەكات لە دوای سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق.

نوسینگەی عەلاوی لە راگەیەندراوێكدا روونیكردەوە بە پشت بەستن بە سوتاندنی سندوقەكانی رەسافە و كەمی بەشداری هاووڵاتیان لە دەنگدان پێویست دەكات بە دۆزینەوەی رێگاچارەیەكی دیكە بۆ متمانەكردنەوە بە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن لە رێگای بەشداریپێكردنی هاووڵاتیان لە دەركردنی بڕیاردا.

بەڵام عەبادی دەڵێت دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان رەتدەكاتەوە، بەڵكو ئەوە لە دەسەڵاتی دادگای فیدراڵیدایە كارێكی لەوجۆرە بكات.

سەعد حەدیسی گوتەبێژی نوسینگەی عەبادی سەرۆك وەزیران بۆ رۆیتەزر رایگەیاندووە كە تاكە لایەن كە مافی بڕیاردانی بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان هەیە، دادگای فیدراڵییە، نەك لایەنی جێبەجێكار یان لایەنی دیكە.

 

 

عێراق

داوا دەکرێت ئەمریکا ئەرشیفی یەھودییەکان بۆ عیراق نەگێڕێتەوە

خەڵک-

چەند ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەیان دەکەن، کار بە ڕێکەوتنی گەڕانەوەی ئەرشیفی یەھودییەکان نەکات بۆ عیراق و ئەو ئەرشیفە لە ئەمریکا بپارێزن.

رۆژنامەی ئیسرائیل ھایۆم، لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات، لە ئێستادا شارەزایانی ئەمریکایی کار لەسەر ڕێکخستنەوە و نوێکردنەوەی ئرشیفی یەھودییەکانی عیراق دەکەن کە لەپاش ساڵی ٢٠٠٣ ــەوە براوەتە ئەمریکا.

پاش کۆنترۆڵکردنی عیراق لە لایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣، ئەرشیفێکی گەورەی مێژووی یەھودییەکانی عیراق لە پارێزگای بابل دۆزراوەتەوە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ ئەمریکا، دواتر ڕێکەوتنێک لە نێوان عیراق و ئەمریکا کراوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئەرشیفە پاش نوێکردنەوەی.

رۆژنامەکە دەڵێت، ئەرشیفەکە خۆی لە گەنجینەیەکی گەورەی سەدان کتێبی دەگمەن (لە نێویاندا کتێبی زوھار) دەبینێتەوە، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر بەڵگەنامەی گرنگ سەبارەت بە مێژووی یەھودییەکانی عیراق.

لە یاداشتێکدا ژمارەیەک کۆنگرێسمان داوایان لە ئەمریکا کردووە، کار بە ڕێکەوتنەکە نەکات و ئەرشیفەکە بۆ عیراق نەگێڕێتەوە، چونکە ھیچ گرەنتییەک نییە بە پاراستنی لەو وڵاتە.

لە کاتی کۆنترۆڵکردنی موسڵ لە لایەن داعشەوە، بەسەدان شوێن و کەرەستە و بەڵگەنامەی مێژوویی لەناوبران کە مێژووی ھەزاران ساڵەی ناوچەکەی لەخۆ گرتبوو، جگە لە تەقاندنەوە و وێرانکردنی دەیان پەیکەر و ھەڵکۆڵراوی مێژوویی.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

خۆپیشاندەرێکی دیکەی عیراقی کوژرا

خەڵک-

وەک رۆژانی پێشوو ئەمڕۆ خۆپیشاندان دژ بە نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بێکاری و گەندەڵی، لە شارەکانی باشور و ناوەڕاستی عیراق خۆپیشاندان درا و تیایدا خۆپیشاندەرێک گیانی لەدەستدا.

ئەمڕۆ ھەینی ٢٠١٨/٧/٢٠، دژ بە نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بێکاری و گەندەڵی لە شار و شارۆچکەکانی پارێزگاکانی بەغدا و بەسرە و دیوانییە و نەجەف و زیقار و واست و موسەننا و میسان خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.

وەک ئەوەی میدیا عیراقییەکان گواستوویانەتەوە، لە خۆپیشاندانەکانی شاری دیوانییە لە کاتی ھێرش کردنە سەر بارەگای یەکێک لە حزبە شیعییەکان، پاسەوانەکانی بارەگاکە تەقەیان بە نێو خۆپیشاندەراندا کردووە، لە ئەنجامدا گەنجێکی خۆپیشاندەر (تەمەن ٢٠ ساڵ) بەھۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لە دەستداوە.

لە خۆپیشاندانەکانی دیکەی شوێنە جیاوازەکان، ھێزە ئەمنییەکانی عیراق گازی فرمێسکڕێژ و ئاویان بۆ بڵاوپێکردنی خۆپیشاندانەکان بەکارھێناوە، ٤١ برینداریش لە ھێزە ئەمنییەکان و ھاوڵاتیان کەوتوونەتەوە.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

عەبادی بڕیاری خانەنشینبوونی پەرلەمانتارانی عێراقی رەتكردەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق  ئاشكرای كرد كە عەبادی خانەشینبوونی پەرلەمانتارانی عێراقی رەتكردووەتەوە.

نوسینگەی عەبادی لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە “سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران حەیدەر عەبادی یاسای ئیمتیازاتی پەرلەمانتارانی رەتكردەوە كە بە نهێنی لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكراوە و سەرۆكایەتی كۆماریش ئێستا بەركاری كردووە”.

راشیگەیاندووە كە تانەی لێ دەدەن لەبەر ئەوەی رەزامەندی حكومەتی بۆ وەرنەگیراوە، كە كاریگەری دارایی هەیە.

 

چەند رۆژی رابردوو فواد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق مەرسوومی خانەنشینبوونی 325 پەرلەمانتاری خولی رابردووی پەرلەمانی عێراقی دەركرد بە موچەی مانگانەی شەش ملیۆن دینار بۆ هەر یەكێكیان.

لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی باشوری عێراق و بەغدادا خۆپیشاندەران داوای سەرەكییان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و خانەنشینی پەرلەمانتاران بوو، بەهۆی ئەوەی بارگرانی زۆری لەسەر بودجەی وەڵات دروستكردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
ریکلام

کوردستان

دوایین