حكومەتی هەرێم بۆ 400 ملیارەكە داوایەك لە حكومەتی عێراق دەكات



ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە حكومەتی فیدڕاڵی عێراق دەكات، یاسای بودجەی ساڵی 2021 و ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت هەتا پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 پەسەند دەكرێت. هاوكات حكومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی قەرەبووی شایستەی كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی بگرێتە ئەستۆ.

ئەمڕۆ چوار شەممە 21ی 12ی 2022 بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجامی دوا سەردان و كۆبوونەوەكانی شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گەڵ شاندی دانوستانی حكومەتی فیدراڵ لە 2022/12/11 سەبارەت بە دۆسییەكانی ( بودجە ، نەوت و گاز، دەروازە سنوورییەكان، دیوانی چاودێری دارایی ) لە لایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی دیكەی شاندەكە خرایەڕوو.

سەرۆك وەزیران خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی ڕێككەوتننامەی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت و كارنامەی وەزاری پەسەندكراو لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دووپات كردەوە.

ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری هەفتەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ كرد بۆ خەرجكردنی بڕی 400 ملیار دینار وەك شایستەی دارایی هەرێم. هەروەها وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد لە پەیوەندی بەردەوام بێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ تا بە زووترین كات ڕێكارەكانی ناردنی پارەكە تەواو بكرێت بۆ ئەوەی بخرێتەوە خزمەتی خەرجییە گشتیەكانی هەرێم.

ئەنجومەنی وەزیران شاندی دانوستانكاریشی ڕاسپارد، كە لە دوای پشووەكانی سەری ساڵ، كۆبوونەوەكانییان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ چڕبكەنەوە بە ئاراستەی بەردەوامبوونی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی ساڵی 2021 و ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان هەتا پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند دەكرێت هەروەك لە كارنامەی وەزاریدا هاتووە.

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی كاروباری شەهیدان وئەنفالكراوان لە سەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان بە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی، كە لە لایەن عەبدوڵلا مەحمود، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان خرایەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەت چەندین بڕیاری لە قازانجی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی دا و بڕیاریش درا، كە هەوڵەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ چڕبكرێنەوە بۆ ئەوەی بە پێی دەستووری هەمیشەیی عێراق، حكومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی قەرەبووی شایستەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی بگرێتە ئەستۆ، كە قوربانی دەستیی ڕژێمەكانی پێشوون و ئەمەش لە دەستووردا وەك ماف و شایستەی هەرێم جێگیركراوە.

لە بڕگەی سێیەمدا، سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە عەبدولرەحمان سدیق، پلانی ساڵی 2023ی ئەنجومەنی پاراستن وچاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستانی لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكاریی كەش و هەوا و كاریگەرییە نەرێنییەكانی لە سەر هەرێمی كوردستان و عێراق خستەڕوو ، ئەویش لە ڕێگەی جێبەجێكردنی پابەندیی نێو بەڵگەنامە پشكدارییە نیشتیمانییەكان كە هەرێمی كوردستان ڕۆڵی سەرەكی لە ئامادەكردنیدا هەبووە، بە تایبەتیش لە بوارەكانی كەمئاویی و بەبیابانبوون و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی و كەمیی ڕووبەری سەوزایی، لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژەدرا بە دەرفەتەكانی سوود وەرگرتن لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و ئەزموونی ووڵاتان لە سوود وەرگرتن لە سەرچاوەكانی ووزەی نوێبۆوە وخاوێن وكشتوكاڵی كردنی زیرەك و هەمەچەشنكردنی ئابووری وبایەخدان بە وەبەرهێنانی ژینگەیی ودامەزراندنی ناوچەی پارێزراوی سرشتی ( محمیە گبیعیە) و ڕیسایكلینی ئاوی قورس و پاشەڕۆكان.

سەرۆك وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە دەستە و ئەنجومەنی پاراستن وچاككردنی ژینگە بۆ پڕۆژە وپلان و هەوڵەكانیان ئاماژەی دا بە مەترسی و كاریگەرییە نەرێنییەكانی گۆڕانی كەش و هەوا لە سەر ژیانی هاووڵاتییان، و جەختی لە پێویستی گرتنەبەری ڕێكاری پێویست لە لایەن وەزارەتەكان كردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی گۆڕانكاری كەش و هەوا لەوانە دروستكردنی بەنداو و پۆند، زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان و كەمكردنەوەی بڵاوبوونەوەی گازی ژەهراوی بە تایبەتی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و چەندین ڕێكاری دیكە .

ئەنجومەنی وەزیران پێشنیار و ڕاسپاردەكانی دەستە و ئەنجومەنی پاراستن و چاككردنی ژینگەی پەسەند كرد، لە ناویشیاندا كاراكردنەوە و گرنگیدان بە ئەنجومەنی باڵای پاراستن و چاككردنی ژینگە لەهەرێمی كوردستان كە بە یاسای ژمارە 3ساڵی 2010 پێكهاتووە لە نوێنەری وەزارەت و دەستە پەیوەندیدارەكان كە پێویستە وەزارەتەكان لە ڕێگەی ئەو ئەنجومەنە باڵایەوە هاوكاری دەستەی ژینگە بن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی دەستەكە لە پاراستن و چاككردنی ژینگە ، بەتایبەتیش بابەتی كاریگەرییە زیانبەخشەكانی گۆڕانیی كەشوهەوا كە ئێستا بووەتە خەمێكی جیهانیی و كاریگەریی سیاسیی و گۆڕانكاریی دیمۆگرافیی و كۆمەڵایەتیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش، دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینكە ڕاسپێردرا گرنگیی زیاتر بە هاوئاهەنگیركردن لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی فیدڕاڵ بدات.

تەندروستی هەرێم؛ هەڵمەتێكی نوێی كوتانی فرەڤاكسین بۆ منداڵان دەست پێدەكات
پێشت تەندروستی هەرێم؛ هەڵمەتێكی نوێی كوتانی فرەڤاكسین بۆ منداڵان دەست پێدەكات
باران بارین دەستپێدەكاتەوە
دواتر باران بارین دەستپێدەكاتەوە
ەیوەندیدار