بڕیاری نوێ‌ بۆ هەرزان كردنی نرخی نان و سەموون دەركرا



پارێزگای هەولێر چەند بڕیارێك دەردەكات بۆ پاڵپشتی كردنی نانەواخانە و سەموونخانەكان تاوەكو 10 نان بدەن بە هەزار دینار و جەختیشدەكاتەوە، لەمڕۆوە بڕیارەكە دەچێتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە.

پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوابەدوای فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی بە تایبەتی چینی هەژار و کەمدەرامەتان و یەکخستنی نرخی نان لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، کە (10) نان و سەموون بکرێت بە هەزار دینار، بڕیاری پێویست وەرگیراوە.

ڕاشیگەیاندووە، “لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیارەکە و پابەندکردنی سەرجەم سەموونخان و نانەواخانەکان، ڕۆژی یەک شەممە، لە قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر بە سەرپەرشتی قایمقام و ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم و بەڕێوەبەری چاودێری دارایی هەولێر و نوێنەری سەندیکای کرێکاران و ئەنجوومەنی نانەواخانە و خاوەنی بەشێک لە سەموونخانە و نانەواخانەکان کە نوێنەرایەتی نزیکە (1800) نانەواخانە و سەموونخانەی شاری هەولێریان دەکرد، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا”.

ئاشكراشی كردووە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا وەک پاڵپشتی و هاوکارییەک بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان، لەمەودوا نرخی هەر لیترێک غاز 50% داشکاندنی بۆ بکرێت و لەڕێگەی لیژنەیەکەوە، کە لە قائیمقامیەت و چاودێری بازرگانی و نوێنەری خاوەن نانەواخانەکان پێکهاتووە، بەپێی پێویست ڕۆژانە بە زیادەوە بە بڕی (300 دینار) بۆ هەر لیترێک غازیان بۆ دابین بکرێت، کە خۆیان پێشتر بە (600 دینار) بۆ هەرلیترێک غازیان کڕیووە.

جەختیشی كردۆتەوە، دابینکردنی ئارد بە نرخی (30 هەزار دینار) بۆ هەر فەردەیەک و لەگەڵ کڕینی هەر تەنێک ئارد، فەردەیەک ئاردیان بە خۆڕایی پێبدرێت و لەپێدانی کارەباش پاڵپشتیان بکرێت.

پارێزگای هەولێر دووپاتی دەكاتەوە، هەر ئەمڕۆش تەواوی ئەم بڕیارانە چوونە بواری جێبەجێکردنەوە و هەموو لایەکیش ڕەزامەندی و پابەندبوونی خۆیان بەبڕیارەکە ڕاگەیاندووە، لە هەولێر نرخی هەر (10) نان و سەموونێک بە یەک هەزار دینار بێت.

 

مامۆستایەكی ناڕازی: بایكۆت ناشكێنین
پێشت مامۆستایەكی ناڕازی: بایكۆت ناشكێنین
پەتای “كۆرۆنای خەڵەتێنەر” بڵاودەبێتەوە
دواتر پەتای “كۆرۆنای خەڵەتێنەر” بڵاودەبێتەوە
ەیوەندیدار