مامۆستایان خۆپیشاندان دەستپێدەكەنەوە و “مەرج” قبوڵ ناكەن


گشتاندنەكەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بۆ “دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بە گرێبەست بە مەرجی هەمواركردنەوەی بودجەی عێراق و هاتنی شایستە داراییەكان” ناڕەزایی مامۆستایانی لێكەوتەوە و بڕیاریدا لە سبەینێوە دەست بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی بكەنەوە.

دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕایدەگەیەنن، سبەی دوو شەممە یەكەمین خۆپیشاندانی ساڵی 2024 لەسەرجەم شار و شارۆچكەكان ئەنجام دەدرێت.

عادل جەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، سبەی دوو شەممە کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی لە ١٣ شار و شارۆچکە خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەسپێدەکەنەوە.

خۆپیشاندانەکە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە نووسراوێکی بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرکردنەوە و بەگرێبەست کردنی مامۆستایانی وانەبێژ ڕاگەیاند، بەڵام بڕیارەکە دوای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

ئەو دوو خاڵەش بەشێکن لە مەرجەکانی مامۆستایانی ناڕازی بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین و شارۆچكەی كۆیە، بەڵام مامۆستایانی ناڕازی بوونی مەرج بۆ جێبەجێ‌ كردنی داواكانیان ڕەتدەكەنەوە و ڕایدەگەیەنن، دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار بدات و ڕاستەوخۆش داواكانیان جێبەجێ‌ بكرێت نەك ببەسترێتەوە بە هەمواری بودجە و هاتنی پارە لە بەغداوە.

لای خۆشیەوە، بەرهەم مستەفا، ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، “ئێمە پێشبینیمان کردبوو حکومەتی هەرێمی کوردستان مەرج دابنێت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان، بەڵام ئێمە پابەند نابین بە گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن و سوور دەبین لەسەر داوا ڕەواکانمان”.

وتیشی، “هەموو مامۆستایان لەسەر ئەوە ڕێککەوتووین کە جێبەجێکردنی داواكانمان بە مەرجەوە قبوڵ نییە، دەبوو لەم مانگەوە پلەبەرزکردنەوە بۆ مامۆستایان دەستپێبکاتەوە، بەڵام ئەزموونێکی دورودرێژمان هەیە لەگەڵ ئەم جۆرە بەڵێنانە، کە جێبەجێ ناکرێن”.

جەختیشی كردەوە، پرۆسەی خوێندن بەرەو مەترسی هەنگاو دەنێت، بەڵام ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، کە حکومەت هۆکاری پەکخستنی پرۆسەی خوێندنە نەک مامۆستایان.

لە ڕۆژی 22ی 12ی 2023 یاداشتی ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی گەیەندراوەتە بەڕێوەبەرە گشتییەكان و وەزیری پەروەردە و لە پێنج خاڵ و داواكاری پێكهاتووە، كە بریتین لە :دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بە هەمیشەیی، ڕێكخستنەوەی مووچەی مانگانە 30 ڕۆژ جارێك، دیاری كردنی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكان، گواستنەوەی مووچە بۆ سەر وەزارەتی دارایی عێراق و دابەشكردنی لەڕێگەی بانكەكانی ڕافیدەین و ڕەشیدەوە.

 

وەزیرێكی یەكێتی مەرجی كۆتایی هاتنی كێشەی مووچە ئاشكرادەكات
پێشت وەزیرێكی یەكێتی مەرجی كۆتایی هاتنی كێشەی مووچە ئاشكرادەكات
دوا وادە بۆ مامەڵەی پارەی کاش لە وێستگەکانی سووتەمەنی دیاریکرا
دواتر دوا وادە بۆ مامەڵەی پارەی کاش لە وێستگەکانی سووتەمەنی دیاریکرا
پەیوەندیدار