لیژنەی فەتوا: بەشداریكردن لە بۆنەی سەری ساڵدا حەرام نییە ئەگەر خورافاتی تێنەكەوێت


بەشداریکردنی خەڵکی لە بۆنەی سەری ساڵدا موشتومڕی زۆریەک لە زانایان و مامۆستایانی ئاینی لە سەرە و بەشێکیان بە “ڕێگەپێنەدراو و حەرامی” دەزانن، سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانیش ڕایگەیاند، “لە ڕووی ئاینی ئیسلامەوە بەشداریکردن و کۆبوونەوە لە هەر بۆنەیەک ئاساییە و حەڵاڵە، بەڵام کاتێک دەبێت بەحەرام خورافاتی تێبکەوێت”.

دکتۆر محەمەد پێنجوێنی، سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی بە (دەنگی ئەمەریکا)ی ڕاگەیاند، ” بۆنەی سەری ساڵ و نەورۆز و ڕاپەرین و دروستکردنی حکومەت و تەواوی بۆنەکانی تر، لە ڕووی ئاینی ئیسلامەوە خودی یادکردنەوەکە شتێکی حەڵاڵە و ئاساییە و کێشەی شەرعی تێدا نییە، بەڵام خورافاتی تێکەوت ئەوە حەرامە”.

لە بارەی یەکلاکردنەوەی حەڵال و حەرامی بەشداریکردن لە بۆنەی سەری ساڵ، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی کوردستان ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەم بارەیەوە بدات، تەنها وتی، “ئەم بابەتە ڕای کۆتایی وەرگرتووە”.

عومەر حوسێن، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی خانەقا لە سلێمانی وتی، “ڕایەکی یەکلاکەرەوە لەسەر حەرامبوون یان نەبوون لە بەشداریکردن لە بۆنەی سەری ساڵدا نییە، چونکە زانایانی ئاینی ڕای جیاوازیان لە سەری هەیە و ناتوانم بڵێم حەرامە یا خود نا”.

لە دوا کاتژمێرەکانی کۆتایی هەموو ساڵێک بە هەزاران خەڵک لە سەرتاسەری جیهان لە نێو قەرەباڵغی و کۆبوونەوەی خێزانی و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی جەماوەری بە پۆشینی جلی ڕەنگاو و ڕەنگ کاتەکانیان بەڕێدەکەن، تەنانەت لە زۆر شوێن کەسێک بە پۆشینی جلی بابە نوئێل بەنێو خەڵکی دەگەڕێت و دیاری بەسەر منداڵاندا دابەش دەکات.

سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی وتیشی، “یادکردنەوەی سەری ساڵ گەر بریتی بێت لە کۆمەڵێک بابەتی خورافات، وەک هێنانی بابە نوئێلێک بەو مانای گالیسکێک و ئاسکێکی فڕیوی هەبێت و دیاری دابەش دەکات ئەمە بە ڕاستی خورافاتە و ئێمە بڕوامان بەم خورافاتە نییە و حەرامە”.

دکتۆر محەمەد پێنجوێنی، سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی پێشنیارێكی بۆ بۆنەی سەری ساڵ هەیە و دەڵێت، ” پێشنیار دەکەین، هەر لایەک یادەکە دەکاتەوە بەو شێوازە بێت، کە ئەمساڵ وا کۆتایی پێدێت و ساڵیک لەتەمەنی مرۆڤەکان دەڕوات و کەسەکان بیر بکەنەوە چی بکەن بۆ کاری باشە و شتە خراپەکان چۆن باش بکەنەوە، ئەوکات بۆنەکە بێ کێشە تێدەپەڕێت”.

هەروەها، ئاوات حوسامەدین نوێنەری زەردەشتیان لە وەزارەتی ئەوقاف بۆ کاروباری ئاینی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،” ئەوانەی دەڵێن بۆنەی سەری ساڵ حەرامە لە توندڕەوەکانن، گەر بەشداریکردن لە سەری ساڵ حەرامە بۆچی لە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات و میسر و ئەندەنوسیا، کە وڵاتێکی ئیسلامین ڕێگەیان پێدەدرێت گەورەترین ئاهەنگ بگێرن”.

وتیشی،” ئێمە وەکو زەردەشتیەکان لەگەڵ بەختەوەری مرۆڤەکانیان لەگەڵ هێنانەدی ئاواتەکانی مرۆڤەکانین ئێمە لەگەڵ هەموو خۆشیەکین و دژی هەموو ناخۆشیەکین هەموو دینەکان خۆشی و ناخۆشی خۆیی تێدایە، ئێمە وەکو زەردەشتیەکان ئاهەنگ دەگێرین، دەکەین و بەشداری لە بۆنەکە دەکەین و لە دینی ئێمەدا حەڵاڵ و حەرام نییە و شایستە و ناشایستە هەیە.”

 

چەند شەقامێک لە هەولێر دادەخرێن
پێشت چەند شەقامێک لە هەولێر دادەخرێن
بافڵ تاڵەبانی:هیوادارم ساڵی نوێ کێشەکانی هەولیر و بەغدا چارەسەر بێت”
دواتر بافڵ تاڵەبانی:هیوادارم ساڵی نوێ کێشەکانی هەولیر و بەغدا چارەسەر بێت”
پەیوەندیدار