بافل تاڵەبانی دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە



بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە پەیامێکدا دەڵێت” لە رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان شانازییەكی ترتان لەمێژوودا نووسییەوە”.

بافل تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە ، تییدا پیرۆزبایی لە کوردانی ناوچە دابڕێنراوەکان دەکات و بە سەرکەوتنێکی گەورە ئەنجامی پرۆسەکەی ناوبرد.

دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی

کوردستانیانی خۆشەویست لە کەرکووك، خانەقین، مەندەلی، مەخموور ،دەشتی نەینەوا، شەنگال و دووزخورماتوو، پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنتان لێدەكەم و شانازی بەو رۆحییەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەتانەوە دەكەم كە لە رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان نیشانتاندا و شانازییەكی ترتان لەمێژوودا نووسییەوە.

‏‎دووپاتكردنەوەی كوردستانیبوونی ناوچە دابڕێنراوەكان و هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك نوێنەری راستەقینەی خۆتان، وانەیەكی مێژووییە و لەبیری ناكەین. ئەرك و بەرپرسیارێتیی ئێمەیە بەرامبەر دڵسۆزیتان وەفاداربین و بارتەقای خۆڕاگریتان، خزمەتتان بكەین. ئەوەی سەرۆك مام جەلال بۆ كەركووكی كرد لە خزمەتكردن و قووڵكردنەوەی تەبایی و پێكەوەژیان، درێژەی پێدەدەین و بەشوێنپێی ئەودا هەنگاو دەنێنین.

‏‎سوپاسی تایبەتی دەنگدەرانمان دەكەین لە هاونیشتمانیان و سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكانیتر كە “هاوپەیمانیی كەركووك هێز و ئیرادەمانە” یان هەڵبژارد، دڵنیاتان دەكەم لەجێی ئومێدی ئێوە و دڵسۆزیتاندا دەبین. هەروەها هەوڵ و شەونخونی كادرانمان بەرزدەنرخێنین لە رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردن و دەنگدان و پێزانینیان ئاڕاستە دەكەم.

‏‎دەبێت قۆناغی نوێی كاركردنمان، هەنگاونان بێت بە ئاڕاستەی قووڵكردنەوەی ئاشتی و ئاوەدانیی زیاتر لە ناوچەكە، دەست بە چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلالەوە بگرین و رێز لە هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکان بگرین، پێکەوە لەگەڵ برا عەرەبەکانمان بە شیعەو سونە، برا تورکمان و هەموو نەتەوە و پێکهاتە رەسەنەکانی تر کاربکەین بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی گەشتر کە خەڵكە خۆشەویستەكەمان چاوەڕێی خزمەتی زیاتر و ژیانێكی شایستەترمان لێدەكەن و ئێمەش بەڵێن دەدەین کە درێغی نەکەین و لەخزمەتیاندابین.

پێکەوە بەرەو خزمەتی زیاتر و سەرکەوتنی گەورەتر.

‏‎برا و دڵسۆزتان

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی

‏‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

نرخی مریشک بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی
پێشت نرخی مریشک بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی
هەندێک لەو زەویانەی فۆڕمی شارەوانییان هەیە تاپۆ ناکرێن
دواتر هەندێک لەو زەویانەی فۆڕمی شارەوانییان هەیە تاپۆ ناکرێن
ەیوەندیدار