ئیدانەی سوکایەتیکردن بە مەلا عەبدولکەریمی مودەریس دەکرێت



یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی ئیدانەی سوکایەتیکردن بە مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس دەکات.

پاش بڵاووبونەوەی ئەو سوکایەتیانەی لەلایەن مەهدی سومەیدەعی موفتی عێراق بەرامبەر زانای ناوداری کوردو موفتی پێشووتری عیراق مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس- بیارە، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی ناڕەزایی و ئیدانەکردنی بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

(أَلَا إِنَّ أَوْلِيَاءَ اللَّهِ لَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ) سورە یونس: 62.

دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا ڕاشکاوانە (مەهدی سومەیدەعی) هێرش دەکاتە سەر یەکێ لە شانازییەکانی زانایانی کوردستان و عێراق و جیهانی ئیسلامی مامۆستا مەلا عەبدولکەرمی مودەریس_ خوا دەرەجاتی عالی بکات و سوکایەتی بە پێگە، پیشە، کەسایەتی، هەڵوێست و مێژووە پڕ لە شکۆمەندییەکەی دەکات.

ئێمە لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانەوە زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو سوکایەتیە دەکەین، کە نەک تەنها سوکایەتیە بە کەسایەتی پایەبڵندی مەرحومی مامۆستای مودەریس، بەڵکو سوکایەتی و بریندارکردنی هەستی سەرجەم زانایانی کورد و عێراق و ناوچەکەیە.

مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەریس کەسایەتیەکی بلیمەت، ناوازە و هەڵکەوتووی جیهانی ئیسلامی و سیمبول و جێی شانازی گەلی کورد و زانایانی کوردستانە، بە کۆدەنگی زانایانی سەردەمی خۆی عەللامە، پێشەوا و موجتەهید و هەڵکەوتووی نێو زانایانی عێراق بووە، هەر ئەمەش وایکردووە ببێتە موفتی عێراق، خزمەت و هەنگاوەکانی ببنە مایەی شانازی بۆ هەتا هەتایە، سەرباری ئەوەی خەرمانی بەرهەم و نووسین و فەتوا و کۆششە زانستیەکانی ئەم کەڵە زانایە گەواهیدەری پاکی و پایەداری و سەرمەشقی و پێشەنگی ئەم زاتە مەزنەن.

ئێمە چاوەڕوان بووین (مەهدی سومەیدەعی) بابەتی مافە دەستووری و یاسایی و شایستە داراییەکانی کوردستان ڕووبەڕووی حکومەتی ناوەندی بکات و، پێگەی فەتوا لە ئاست ئەو چاوەڕوانیە بەکار بێنێت، کە هەموو زانایانی عیراق خوازیاری بوون، نەک ناوو پێگەو لێدوانی خۆی بۆ سوکایەتی بەرامبەر فەخری عێراق و کوردستان شێخ عەبدولکەرمی بیارە بەکار بهێنێت.

بۆیە بەناوی زانایانی کوردستانەوە داوا لە لایەنی پەیوەندیدارو دامەزراوەی یاسایی دەکەین، بە زوویی ڕێکاری پێویست بەرامبەر ئەو کەسە بگرنە بەر، ڕێگە نەدەن هیچ کەس و لایەنێک سوکایەتی بەرامبەر پیشەنگ و سیمبولە ئایینیەکان بکات.

 

زانایانی عێراق: دەبێت ئەو کەسەی دەمدرێژیی بەرامبەر مامۆستای مودەریس کرد بدرێتە دادگا
پێشت زانایانی عێراق: دەبێت ئەو کەسەی دەمدرێژیی بەرامبەر مامۆستای مودەریس کرد بدرێتە دادگا
بوومەلەزەیەکی بەهێز شارێکی کوردستانی هەژاند
دواتر بوومەلەزەیەکی بەهێز شارێکی کوردستانی هەژاند
ەیوەندیدار