دوو وڵاتی دیکە بۆ شنگن زیاد کران


رۆمانیا و بولگاریا گەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ نەمسا چوونە ناوچەی شنگنی ئەوروپی تایبەت بە ئازادیی گەشتكردنی ئاسمانی و دەریایی لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتووەوە، وەك ئەوەی حكومەتی رۆمانیا بڵاویكردەوە.

مارسیل چۆلاكۆ، سەرۆك وەزیرانی رۆمانیا ڕایگەیاند، رۆمانیا پاش ١٣ ساڵ دەچێتە ناوچەی شنگن، لەم بارەیەوە گەیشتینە رێككەوتنی سیاسی.

وەزارەتی ناوخۆی رۆمانیا لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، گەیشتوونەتە “ڕێككەوتنی سیاسی” لەنێوان هەرسێ وڵاتدا دەربارەی فراوانكردنی ناوچەكە تا “سنوورە ئاسمانی و دەریاییەكان”ی رۆمانیا و بولگاریاش بگرێتەوە لە ئاداری ساڵی ٢٠٢٤ ەوە.

پێشتر داواكاریی رۆمانیا و بولگاریا بۆ چوونە ناوچەی شنگن لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ ڕەتكرایەوە بەهۆی ناڕەزایی نەمسا لەسەری، كە گازندەی ئەوە دەكات دەبێت بارگرانیی كۆچبەران لە ئەستۆبگرێت بەهۆی لاوازیی سنوورەكانی یەكێتیی ئەوروپاوە.

نەمسا جارێكی دیكە لە سەرەتای كانوونی یەكەمدا بیرۆكەیەكی خستەڕوو كە ناوینا “ئەیر شنگن”، ئامادەیی دەربڕی بۆ ئاسانکردنی جوڵەی ئاسمانی نێوان هەردوو وڵات لە بەرامبەر پتەوكردنی سنوورەكانی دەرەوە لەلایەن برۆكسل-ەوە.

هاوکات پرسی كردنەوەی سنووری وشكانیی هەردوو وڵاتی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا دواخرا بۆ تەواوكردنی گفتوگۆی زیاتر لە ساڵی داهاتوودا.

لە ئێستادا زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن كەس لە ناوچەی شنگن-دا دەژین كە ٤.٣١٢.٠٩٩ كیلۆمەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە.

رێككەوتنی مێژوویی شنگن لە ساڵی ١٩٨٥ واژۆكرا كە ٢٣ دەوڵەت لە كۆی ٢٧ وڵاتەكەی یەكێتیی ئەوروپا دەگرێتەوە، سەرەڕای چوار وڵاتی دیكەی دەرەوەی یەكێتییەكە كە بریتین لە ئیسلەندا، لیختنشتاین، نەرویج و سویسرا.

ئەم رێککەوتنە بووە هۆی سەرهەڵدانی ناوچەی شنگن کە رێگە بە ئازادیی گەشت و جووڵە دەدات لەناو و لە سەرانسەری وڵاتانی ئەندام، جگە لە هاوبەشی لە سیاسەتی یەكگرتووی ڤیزادا.

 

لیبریا: لەتەقینەوەیەکدا زیاتر لە ٤٠ کەس گیانیان لەدەستدا
پێشت لیبریا: لەتەقینەوەیەکدا زیاتر لە ٤٠ کەس گیانیان لەدەستدا
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا گەیشتە عێراق
دواتر سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا گەیشتە عێراق
پەیوەندیدار