چارەنووسی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم ئاشكرادەكرێت



پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شوباتی داهاتوو ئەنجام دەدرێت و دەشڵێت: “چەند سکاڵایەک لەبەردەم دادگای فیدڕاڵی هەیە سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم”.

دارا سێكانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی فیدڕاڵی ڕێککەوتوون لەسەر وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم لە ماوەی 25ی شوباتی داهاتوودا، کۆمسیۆنیش ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی لەم بەروارەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو سکاڵایانەی لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دژی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم پێشکەش كراون، هەروەها سکاڵای لایەنەکانی دیکەش بە هەمان شێوە، لە 27ی ئەم مانگەدا لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە تاوتوێ دەکرێن.

وتیشی، “سکاڵاکان پەیوەندییان بە کورسی كۆتاكانەوە هەیە، هەروەها گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن بۆ سەر شێوەی بازنە واتە هەر پارێزگایەك ببێتە بازنەیەكی هەڵبژاردن، نەک هەموو هەرێم یەك بازنەبێت وەك ڕابردوو”.

ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیاریدا گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمدا بکات، پێدەچێت هەڵبژاردن بۆ ماوەی یەک تا دوو مانگی دیکە دوابکەوێت.

دارا سێكانیانی جەختیشی كردەوە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردسان دەبێتە هۆی پێكهێنانی حكومەتێكی شەرعی خاوەن دەسەڵات و ئەوكات ئەو حكومەتە وادەیەك بۆ ئەندامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمیش دیاری دەكات.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە ساڵی 2014ەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و لە ساڵی 2018ەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەكراوە و ماوەكانیان بەسەرچووە، كە بەپێی دەستوور و یاسای هەڵبژاردن دەبێت 4 ساڵ جارێك بكرێت و دادگای فیدڕاڵیش لەماوەی ڕابردوودا لە دوو بڕیاریدا ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی هەڵوەشاندەوە و هەروەها ئەو بڕیارەی پەرلەمانی كوردستانیشی هەڵوەشاندەوە، كە تەمەنی خۆی درێژكردبووەوە.

 

گاردیان: دووفاقی ئەمریكا لەنێوان ئۆكراینا و غەززە یارییەكی مەترسیدارە
پێشت گاردیان: دووفاقی ئەمریكا لەنێوان ئۆكراینا و غەززە یارییەكی مەترسیدارە
تورکیا جارێکیتر بۆردومانی کۆبانێ و قامیشلۆی کرد
دواتر تورکیا جارێکیتر بۆردومانی کۆبانێ و قامیشلۆی کرد
ەیوەندیدار